بوومەلەرزەیەک بەنگلادیشی هەژاند؛ لانیکەم 8 کەس گیانیان لەدەستدا و 300ی دیکە بریندار بوون

 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی هەینی بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.5 پلە نێوەڕاستی بەنگلادیشی هەژاند، بەهۆیەوە لانیکەم 8 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 300 کەسی دیکە برینداربوون.
 
باڵەخانەکان لە داکای پایتەخت لەرینەوە و خەڵکی چوونە سەر شەقامەکان.
 
بوومەلەرزەکە کاژێر 10:38ی بەیانی بە کاتی ناوخۆ (07:38ی بەیانی بە کاتی هەولێر) روویدا و چەقەکەی ناوچەی غۆراشالی شاری نارسینگدی بوو کە نزیکەی 25 کیلۆمەتر لە داکای پایتەختەوە دوورە. 
 
دەزگای رووپێوی جیۆلۆجیی ئەمریکا (USGS) رایگەیاند، قووڵایی بوومەلەرزەکە 10 کیلۆمەتر بووە.
 
میدیای بەنگلادیش رایگەیاند، دوو کەس لەوانەی گیانیان لەدەستداوە، منداڵ بوون. 
 
بە گوێرەی میدیای ئەو وڵاتە، 252 کەس کە زۆربەیان کرێکاری کارگەی جلوبەرگ بوون، لە شاری گازپووری نزیک داکا گەیێندراونەتە نەخۆشخانە. 
 
ئەو ناوچەیە دەیان کارگەی جلوبەرگ و دامەزراوەی پیشەسازیی دیکەی تێدایە. 
 
میدیای بەنگلادیش دەڵێ، کرێکارەکان لە کاتی بوومەلەرزەکەدا هەوڵیانداوە بەپەلە لە کارگەکانیان بچنە دەرەوە، ئەوەش بووەتە هۆی پاڵەپەستۆ و بەهۆیەوە زۆریان برینداربوون.
 
هەندێ لە خوێندکارانی زانکۆی داکا لە کاتی بوومەلەرزەکەدا لە نهۆمە بەرزەکانی بەشە ناوخۆییەکانیانەوە خۆیان فڕێدایە خوارەوە.
 
بەپێی دەزگای رووپێوی جیۆلۆجیی ئەمریکا، هەرچەندە باکوور و باشووری رۆژهەڵاتی بەنگلادیش بەهۆی بەیەکگەیشتنی پلێتەکانی هیند و ئۆراسیاوە ناوچەی چالاکی بوومەلەرزەن، بەڵام ناوچەی نێوەڕاستی وڵاتەکە کەمتر چالاکن.
 
دەزگاکە دەڵێ، لە ساڵی 1950ەوە تەنیا 14 بوومەلەرزە بە گوڕی 5.5 پلە و زیاتر، لەنێویاندا دوو بوومەلەرزەی 6 پلەیی، لە نزیک شوێنی بوومەلەرزەکەی رۆژی هەینی روویانداوە.
 
شارەزایان هۆشداری دەدەن کە بەنگلادیش، وڵاتی خاوەن 170 ملیۆن دانیشتوو، کەمتر ئامادەیە بۆ بوومەلەرزەی بەهێزتر کە دەکرێ روودانی ببێتەهۆی وێرانکارییەکی گەورە. 
 
شاری داکا کە نزیکەی 2.1 ملیۆن خانوو و باڵەخانەی تێدایە، لەژێر مەترسیی هەرە گەورەدایە.