گۆڕانی وێنەی کورد لە بەریتانیا.. لە پاڵەوانی جەنگەوە بۆ تۆمەتباری قاچاخچێتی و تاوان
رووداو دیجیتاڵ
بەرنامەی ئەمجارەی دیاسپۆرا لەبارەی ئەو وێنە ناشرینە بوو کە بەشێک لە میدیای بەریتانیا بۆ کوردی دانیشتووی ئەو وڵاتەی دروستکردووە، لە قاچاخچێتی، دەستدرێژی، بازرگانیی ماددەی هۆشبەر و چەندین تاوانی دیکە.
هێمن عەبدوڵڵا، پێشکێشکاری بەرنامەکە بە راشکاوی پەردەی لەسەر مەبەستی دیبەیتەکە هەڵدایەوە و بەوە دەستی پێکرد، "ئەگەر دوو ساڵ پێش ئێستا باسی شێخ سەرباز بەرزنجی وەکو پارێزگارێکی کوردی سەرکەوتوو لە لەندەن دەکرا، ئەوا ئەم ساڵ هەمووان لەژێر کاریگەریی راپۆرتە بەرفراوانەکانی (BBC) و میدیاکانی بەریتانیادان، کە وێنەی کوردیان وەکو ئەکتەری سەرەکیی تاوانی رێکخراو، قاچاخچێتیی مرۆڤ و دەستدرێژی وێنا کردووە." پرسیارەکە ئەوە بوو: ئایا میدیای بەریتانی بە ئەنقەست کوردی کردووەتە ئامانج، یان دووکەڵەکە لە ئاگرێکی راستەقینەوە هەڵساوە؟
دکتۆر عەلی محەممەد زەڵمی، توێژەری کۆمەڵایەتی و مامۆستای زانکۆ، بە زمانی ژمارە و تیۆرییە کۆمەڵناسییەکان یەکێک بوو لە میوانانی دیبەیتەکە، شرۆڤەیەکی وردی بۆ دۆخەکە کرد. ئەو رەتیکردەوە کە پیلانگێڕییەک هەبێت بۆ ناشیرینکردنی کورد، بەڵکو "کارەکە تەقیوەتەوە و راستییە".
ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییە دەشڵێت، "تاکی کورد 150 ساڵ بێ دەوڵەتی و ژیان لەژێر دەسەڵاتی داگیرکەراندا، سایکۆلۆژیایەکی لا دروستکردووە کە دژایەتیکردنی دەسەڵات و یاسا بە 'ئازایەتی' تێدەگات، گەنجی کورد کاتێک دێتە ئێرە، ئەو هزرە لەگەڵ خۆی دەهێنێت و فێڵکردن لە حکومەت و سیستم وەک زیرەکی دەبینێت، بێ ئاگا لەوەی ئەمە لێرە تاوانە نەک قارەمانێتی."
لە دیوی دووەمی سکەکەدا، مامۆستا محەممەد جەلال بەرزنجی، سەرۆکی کۆمەڵەی کوردی لە بەریتانیا، بەرگرییەکی تووندی لەو گەنجانە کرد کە دەبنە نێچیر، ئەو وێنەیەكی تراژیدیی لە ژیانی ناو هۆتێلەکانی پەنابەران کێشا. بەرزنجی بە تووڕەییەوە پرسیاری کرد، "کێ دەتوانێت لە بەریتانیا بە 8 پاوەند لە هەفتەیەکدا بژی؟ سیستمی پەنابەریی بەریتانیا گەنجان دەخاتە دۆخێکەوە کە نە دەتوانن کار بکەن، نە پارەیان هەیە. ئەمە وایکردووە ببنە نێچیرێکی ئاسان بۆ باندە تاوانکارییەکان، باندەکان لە دەرەوەی هۆتێلەکان چاوەڕێیانن، تاوەکو بە پارەی خێرا پەلکێشی تونێلە تاریکەکانی قاچاخچێتی و ماددە هۆشبەرەکانیان بکەن."
خاتوو هێرۆ جەلال، پەرستار و چالاکوان، بە دڵێکی پڕەوە باسی لەو ئازارە کرد کە وەک ژنێکی کورد دەیچێژێت کاتێک هەواڵی تاوانەکان دەبیستێت و دەڵێت، "ستەمە لەو مێژووەی ئێمە دروستمان کردووە، بەڵام دەبێت دان بەوەدا بنێین کە رووداوەکان راستین." تیشکیشی خستە سەر خاڵێکی گرنگ، ئەویش ئەوەیە کە زۆرجار ژنانیش بەهۆی نەزانینی زمان و یاساوە، دەبنە قوربانی یان تێوەدەگلێن لە کاری گواستنەوەی ماددەی قەدەخە، بەبێ ئەوەی دەرک بە مەترسییەکەی بکەن، "زمان زانین، قەڵغانی یەکەمە بۆ پاراستنی خۆت و خێزانەکەت."
لای خۆیەوە گەنجۆ غەفوور، پارێزەر و راوێژکاری یاسایی، باسی لە "چاوچنۆکی" و گوشاری کۆمەڵایەتی کرد، بە بڕوای ئەو کێشەکە لەوەدایە گەنجێک کە تازە هاتووە، دەیەوێت ژیانی کەسێک بژی کە 20 ساڵە لە بەریتانیایە، "دەیانەوێت لە چاپتەری یەکەمەوە باز بدەن بۆ چاپتەری بیستەم، ئەمەش مەحاڵە، مەگەر بە رێگای نایاسایی، دەرەنجامەکەشی زیندان و لەدەستدانی هەموو شتێکە." هەروەها رەخنەی لەو کولتوورە گرت کە هێشتا هەندێک کورد خۆیان لەم وڵاتە بە میوان دەزانن، هەست بە بەرپرسیارێتیی خاوەندارێتیی وڵاتەکە ناکەن.
وەک ئەنجامگیرییەک بۆ دەرچوون لەم تەنگژەیە، دکتۆر عەلی زەڵمی دەستەواژەیەکی پڕ مانای بەکارهێنا و گوتی، "دەبێت پشتوێنەکە بکەینەوە." مەبەستی دکتۆر ئەوە بوو، کورد دەبێت لەو خەیاڵە بێتە دەرەوە کە تەنیا بۆ پارە کۆکردنەوە هاتووە و دەگەڕێتەوە، بەڵکو دەبێت تێکەڵ بە سیستمەکە ببێت، بە یاسایی کار بکات و منداڵەکانی بەو گیانە پەروەردە بکات.
لای خۆیەوە، محەممەد بەرزنجی مژدەی ئەوەی دا کە لۆبیی کوردی لەڕێگەی گرووپی "Kurds for Labour" کە نزیکن لە حکومەتی ئێستای بەریتانیا، کار لەسەر چاککردنەوەی سیستمی هۆتێلەکان و سپیکردنەوەی رووی کوردی بەریتانیا دەکەن، لەڕێگەی چالاکیی مەدەنی و یاساییەوە.
رووداو: ئێوارە باش، ئەمە دیاسپۆرایە بەڵام دیاسپۆرایەکی جیاواز لە هەفتەکانی رابردوو، سێ ساڵە کردوومانە بە نەریت کە جارێک دێین بۆ بەریتانیا و دیبەیتێک دەکەین، گفتوگۆیەک دەکەین لەسەر دۆخی دیاسپۆرای کوردی لە بەریتانیا، دوو ساڵ پێش ئێستا لە لەندەن کردمان، ئەو کات لە لەندەن پارێزگارێکی کورد هەبوو لە (لامبێس) لە ناو لەندەن "شێخ سەرباز بەرزنجی"، میوانی ئەو بووین لەگەڵ کۆمەڵێک میوانی بەڕێزی دیکە، گفتوگۆمان کرد لەسەر ئەوەی کە کورد لە بەریتانیا خەریکی چییە؟ لە کوێ هێزیان هەیە؟ وەک دەڵێن دەرفەتەکانی بەردەمیان چین؟ گفتوگۆکە گفتوگۆیەکی زۆر ئەرێنی بوو، زۆر گەشبینانە بوو، ساڵی دواتر دروست لەم شوێنە لە بێرمینگهام هاتین دیبەیتی دووەممان کرد، لە دیبەیتی دووەمدا کەمێک باسی کەموکوڕییەکان کرا، هەوڵدرا میوانەکانم ئەو کات زۆر دەست لەسەر برینەکان دانەنێن، بەڵکو گفتوگۆی بکەین لەسەر ئەوەی کە چۆن کورد لە بەریتانیا چالاکتر بێت؟ چۆن بچێتە نێو سیاسەت؟ چۆن لە نێو کۆمەڵگای بەریتانیدا کار بکات؟ چۆن لە نێو ئابووری و بزنسی ئێرەدا رۆڵێکی باشتری هەبێت و چۆن خۆی رێکخراوتر بکات؟ بەڵام لە دیبەیتی سێیەمدا کە ئەم ساڵ دەکەین، گەنگەشەی سێیەم رەنگە ستایلەکەمان جیاواز بێت لە دوو ساڵی رابردوو، هۆیەکەشی ئەوەیە کە بەم دواییانە کورد لە بەریتانیا لە نێو میدیای ئێرەدا و لە نێو میدیای جیهانیشدا بێگومان وێنەیەکی سەیری لێ دەرکەوتووە، وێنەیەکە کە رەنگە لە کوردستانیش و لە نێو ئێرەش کوردی بەریتانیا زۆر دڵیان پێی خۆش نەبێت؛ وێنەی ئەوەی کە کورد خەریکی فرۆشتنی جگەرەی قاچاخە، کورد دەگیرێت لەسەر ئەوەی کە قاچاخچێتی دەکات، کورد لەنێو زینداندا، چونکە دەستدرێژی کراوەتە سەر کچ یان منداڵی خوار هەژدە ساڵ، وێنەیەکە کە رەنگە سەد لە سەد لەگەڵ ئەو وێنە واقیعییە کە کوردی بەریتانیا هەیەتی زۆر نەیەتەوە، بەڵام پێویستە دەست لەسەر برینەکان دابندرێت، پێویستە لەوە بکۆڵدرێتەوە کە بۆچی کورد لە بەریتانیا گەیشتۆتە ئێرە؟ بەڵام دواییش بزانین کە چارەسەرەکان چین؟ دەمەوێت لەسەر ئەمە گفتوگۆ بکەم بە سوپاسەوە لەگەڵ میوانە بەڕێزەکانم: دکتۆر عەلی محەممەد زەڵمی لێرەیە، کتێبێکی هەیە لە نێو بەریتانیاش و لە دەرەوەی بەریتانیاش ئەوانەی کە بیانەوێت لەسەر دیاسپۆرای کوردی لێرە ئیش بکەن دەبێت بیکڕن و دەبێت بیخوێننەوە، باسی هەستی لە ماڵبوون و ئینتیمای کورد، کوردی باشوور بەتایبەتی لە بەریتانیا دەکات، توێژینەوەیەکی زانستی سەنگینە ئەمە ئۆنڵاین دەستدەکەوێت، ئەمڕۆ بۆمان باس دەکات کە بە تایبەتی دیاسپۆرای کوردی خەڵکی باشووری کوردستان لێرە دۆخەکەیان، دۆخە زانستییەکان ئاوا لێکی بدەینەوە چۆنە. خانم هێرۆ جەلالم لەگەڵە، پەرستارە، لە کوردستان مامۆستای کوردی بووە، دەرچووی یاسا بووە، لێرە هاتووە پیشەیەکی تەواو جیاوازی هەڵبژاردووە کە پەرستارییە، هاوکات لەنێو دیاسپۆرای کوردیدا لێرە چالاکە بەتایبەتی لەنێو خانماندا، بەڕاستی دەمەوێت بزانم دۆخی خانمانی ئێرەش چۆنە؟ کاک گەنجۆ غەفوورمان لەگەڵە، پارێزەرە لێرە، راوێژی یاسایی دەدات لەسەر پەنابەران، گۆڕانکاری زۆر گەورە لەم ساڵەدا رووی داوە لە دۆخی پەنابەران لە بەریتانیا، رەنگە بەشێک لەو گۆڕانکاریانە کاریگەریان هەبووبێت لەسەر ئەوەی کە هەندێک شت لێرە لە بەریتانیا روو بدەن، ئەمە بۆ من بەڕاستی پرسیارە، چونکە هیچ لێکۆڵینەوەیەکم نەکردووە دەمەوێت دوایی وەڵاممان بداتەوە. هەروەها مامۆستا محەممەد جەلال بەرزنجی لێرەیە، پار و پێرار بینیوتە لە نێو دیبەیتەکانماندا، سەرۆکی کۆمەڵەی کوردییە لە بەریتانیا، چالاکترین دامەزراوەی کوردی کە لێرە لە بەریتانیا هەیە، سەروکاری لەگەڵ کاربەدەستانی دەوڵەتە، سەر و کاری هاوکات لەگەڵ دیاسپۆرای کوردییە لە شارە جیاوازەکانی بەریتانیا. زۆر زۆر بەخێرهاتنتان دەکەم هەموو لایەک، زۆر زۆر بەخێربێن، وەکو نەریتێک کە هەمیشە بەڕاستی هەوڵ دەدەم لەو گفتوگۆیاندا پەیڕەوی بکەم ئەوەیە کە خانمان "لەیدیس فێرست" (Ladies First) و نییە خانمان پێش هەمووان قسە بکەن. هێرۆ خان، بەم دواییانە لە نێو میدیای بەریتانیدا وێنەیەکی دەزانم تۆش پێی دڵخۆش نەبووی پیشان درا لەسەر کورد، کاردانەوەکە چی بوو؟ ئەوە بوو کە چاوەڕوان دەکرا ئەمە دواجار پیشان بدرێ یا پێت وایە زوڵمێک بوو شتێکی زۆر باش نەبوو کە بڵاوببووەوە؟
هێرۆ جەلال: بێگومان پێشەکی دەستخۆشی بەرنامەکەتان لێ دەکەم کاک هێمن گیان، خۆشحاڵم بە بەشداربوونم، وەکو کوردێک، کەسێک خۆم زۆر بە کەسێکی کوردپەروەر دەزانم، بێگومان زۆر زۆر ناخۆشە بۆ کوردێک، چەند ساڵانێکی زۆرە کە هەوڵ و رەنج و مانوبوونێکی خۆمان ناوە لە بەریتانیا کە رێکخراوێکی خۆمان هەبێت، کۆمەڵگەیەکی خۆمان هەبێت، کۆبوونەوەیەکی خۆمان هەبێت، سەرکەوتن بەدەست بێنین و ناوێکمان هەبێت، بەڕاستی غەدرێکی زۆر بوو لە کورد کرا لەم ساڵە لە میدیاکاندا، بێگومان بە تەئکید هۆکاری خۆشی هەبووە لە پشتی ئەوانەوە، خۆم زۆر زۆر پێی دڵتەنگ بووم لەبەر ئەوەی کورد رەسەنایەتی و کەسایەتی خۆت ببەیت بۆ هەر شوێنێک، هەر شوێنێکی دنیا، هەر وڵاتێک لە دنیادا، هەرگیز ناتوانی لە دەستی بدەیت، من یەکەم شت کە بە ئینگلیزی قسە دەکەم، یان منداڵەکانم لەم وڵاتە لەدایک بوون کە دەتوانم بڵێم ئینگلیزی یەکەم زمانیانە هەرچەند کوردی زمانی دایکیانە، بەڵام شانازی بە کوردبوونی خۆیانەوە دەکەن، یانی هەرچۆنێک بێت، هەرچۆنێک بمانەوێت هەر شتێک روو بدات، کەمترین زەرەر بە کوردبوونمان بگەیەنێ، بە شوناسنامەمان بگەیەنێ، بە شتێک لەوانەی کە کولتوورمان بگەیەنێ لە ناحیەی نەرێنییەوە، بێگومان وەکو کوردێک وەکو چۆن دەڵێی دڵت ژان دەکات، پێی ناخۆش دەبێت.
رووداو: بەڵام دەتزانی کە ئەو کەیسانە هەن لەنێو کورد، وایە لێرە؟
هێرۆ جەلال: ئەو کەیسانە واقیعین، بەڕاستی وشەی واقیعی یەعنی راستییە، رووداوی راستییە روویان داوە، بۆچی تاکو ئێستا ئەوە پرسیارێکی کە بێت، دووربێت لەمەوە یان نزیک بێت لەمەوە، بۆچی تاکو ئێستا نەزانراوە لە سۆشیال میدیای کوردیدا؟ لەوە دەچێت لەبەر ئەوەی کورد لەسەر سۆشیال میدیای کوردی نەبووە یاخود باس نەکراوە، یان سۆشیال میدیا بەو شێوەیە بەکار نەهێنراوە، بێگومان هۆکارەکان زۆر زۆرن لە پشتیەوە، بەڵام واقیع بوون، لەوە دەچێت کارێک هەبێت لە پشتیەوە من خۆم وەکو رای تاکە کەسی خۆم هەست دەکەم چۆن دەڵێی زەق کراوەتەوە لەم ساڵانەی ئاخیردا.
رووداو: کاک دکتۆر عەلی، یەکێک لەو شتانەی کە بیستمەوە لەنێو کوردی بەریتانیا لە هەفتەکانی رابردوودا دەڵێن: باشە بۆ کە کوردێک سەردەکەوێت، میدیای بەریتانی و خەڵک و رای گشتی لێرە دەڵێن "ئەم کابرا عێراقییە زۆر سەرکەوتووە"، "ئەم کابرا تورکیاییە زۆر سەرکەوتووە"، بەڵام بەئەنقەست دێن کە شتێکی خراپ کراوە ناوە کوردییەکەی زەق دەکەنەوە؟ بەڕێزت لەنێو میدیایی ئێرەش زۆر سەروکارت بووە، ئیشت لەگەڵ کردوون، توێژینەوەکانت لەنێو کۆمەڵگای بەریتانی کردووە، شتێکی وا بەڕاستی هەیە یانی بە ئەنقەست ویستیان کورد وا پیشان بدەن؟
دکتۆر عەلی زەڵمی: بەڵێ، وەڵاهی کاک هێمن گیان، سەرەتا زۆر سوپاس بۆ بەرنامەکە، ئەمە دەرفەتێکی پێم وایە زۆر زۆر گرنگە ئێمە بتوانین دیبەیت و گفتوگۆ بکەین لەسەر پێکهاتەی کوردی کە توانیم بڵێم لانی کەم کەم ماڵ هەیە لە کوردستاندا کوڕێکی لێرە نەبێ، کەسێکی لێرە نەبێ، کەواتە بە شێوازێکی زۆر زۆر گرنگ ئەم قەزیەیە وابەستەیە بە هەرێمی کوردستانی خۆمانەوە، بە کەسوکارمانەوە، لەبەر ئەوە زۆر زۆر گرنگە قسەکردن لەسەری، سەبارەت بە پرسیارەکەی جەنابت، بڕوا ناکەم لە راستیدا ئەوە هەبێت لە پشتی ئەو بابەتەوە، با بڵێین هەر بەتایبەتی بیانەوێت کورد ناشرین بکەن، بڕوا ناکەم پۆڵەسییەکی وا بێت لە هیچ میدیایەکدا، چ بی بی سی بێت، چ ئایتیڤی بێت، چ چەنەڵ فۆر، بە پێچەوانەوە، ئێمە بینیومانە لە کەیسی شەڕی داعشدا میدیای بەریتانی زۆر زۆر بە باشی باسی کوردی کردووە، باسی ئەوەی کردووە کورد قارەمانن، کورد پێشەنگی ئازادین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە دژی داعش شەڕیان کردووە، هەموومان شایەتی ئەوانە دەبین شتی وامان بینیوە، لەبەر ئەوە بڕوا ناکەم ئەوە بێت، پێم وایە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بڵێین ئاگرەکە دووکەڵی هەیە، دەڵێن هیچ ئاگرێک بێ دووکەڵ نابێت، ئێمە پەنجە بخەینە سەر برینەکان و دەبێت بەڕاستی راشکاوانە، وەکو خۆشت لە ئەوەڵەوە باست کرد و ئەوەم زۆر پێخۆش بوو، راشکاوانە باسی بکەین ئیتر، لەبەر ئەوە کاتیەتی لە راستیدا، لەبەر ئەوە شتەکە وەکو ئینگلیز دەڵێ "ئێکسپۆز" بووە، شتەکە بڵاو بووەتەوە، کەشف بووە، ئیتر ناکرێت هەر بیشارینەوە، لەبەر ئەوە بەڕای من ئەم بەرنامەیە بکەینە فرسەتێک و بیکەنە روانگەیەک و ئێمە بتوانین بۆچوونی بخەینە روو.
رووداو: بۆچی ئەم شتە وایە؟ جا مادامە وەکو دەڵێیت با لە بەڕێزتەوە دەست پێبکەین، پەنجە لەسەر برینەکەدا دەنێین، پیشانی دەدەین کە بۆچی گەیشتینە ئێرە؟ بۆچی وای لێهات لە میدیای بەریتانی ئاوا بە فراوانی باسی کورد بکرێت کە خەریکی قاچاخچێتین، خەریکی ئیشی خراپن؟
دکتۆر عەلی زەڵمی: ئەگەر ئیجازەم بدەی یەک تۆز بچمە بارە مێژووەکە و لایەنە تیۆرییەکەوە باسی بکەم، بەڵام پێش ئەوە ئەمەوێ بۆ بینەری خۆشەویست رۆشن بێت، ئەوەی کە گوێمان لێ دەگرێت چ لە ناوەوەی کوردستان و چ لە دیاسپۆرادا، ئەوە رۆشن بێت کە تەنیا ئەو راپۆرتەی بی بی سی نییە، لانێکەم سێ ساڵە من خۆم، هەمووشمان ئەو بەڕێزانەش کە لێرەن ئاگاداری ئەوەین، لە رادیۆفۆری بەریتانیا چوار پێنج راپۆرتی دوور و درێژی هەیان بووە، شەش هەفتە، ئەی راپۆرت لەسەر قاچاخێتی کورد! شەش هەفتە هەموو بەیانییەک 45 دەقە خەڵک گوێی گرتووە، ئەو رادیۆیە بەیانییان بەرنامەیەکیان هەیە پێی دەڵێن "تودەی" (Today)، ئەو تودەیە 4.6 ملیۆن خەڵک گوێی لێ دەگرێ لانی کەم، ئەو رادیۆیە ئەوەندە بەرفراوانە، هەموو رۆژێک 45 دەقە بۆ شەش هەفتە خەڵک لەوێدا باسی کورد بووە، قاچاخچێتی کورد، ئەو کاتە ئەوەی دووپشکەکە گیرا بوو، کۆمەڵە ئیشێک ببوو ئەو ساڵە ئەوە هەبووە، هەروەها پانۆرامایەکی تر هەبوو هەر لەسەر قەزیەی کورد، یانی مەبەستم ئەوەیە لە سۆشیال میدیا وا بوەستێت چی دەبینرێت و چی دەبیسترێت، کەواتە هەر ئەمە نەبووە وەکو قارچک هەڵتۆقیبێت، پێشینەیەکی هەیە بەداخەوە، وەکو چۆن بڵێی تاوانی رێکخراوەیی لە ناو کورددا زۆر زۆرە، وەکو جەنابی فەرمووی کاریان زۆر بووە، بەڵێ زۆر زۆر بووە، وەکو وتم ئێمە دەیتا و مەیتامان لەوانەیە کەمتر لەبەر دەستدا بێت چونکە شتەکە یەکێک لە کێشەکانی کۆمینیتی کوردی ئەوەیە، لە راستیدا یەکێک لە کێشەکانی ئەوەیە کە ئێمە کە هاتووینەتە ئەم وڵاتانەوە وەکو عێراقی و وەکوو سووری و وەکوو تورک و وەکو ئێرانی هاتووین، وەکو کورد نەهاتووین، لەبەر ئەوە هەر دەیتا و ئامارێک دەتەوێت بە زەبتی لەسەر کورد دەری بێنیت، تۆزێک زەحمەتە، هەموو لێکۆڵەرێک کاتێک دێتە سەر دەیتا کۆکردنەوە ئەوە کێشەیەکی سەرەکیەتی، بەڵام من ئەمەوێ بڵێم باندەکانی قاچاخچێتی مرۆڤ، باندەکانی قاچاخچێتی دەرمان، باندەکانی قاچاخچێتی جگەرە فرۆشتن و ئەمانە، بەداخەوە زۆر بووە لە ناو کورددا و کوردێکی زۆر، ئێجگار زۆر لە سجنەکانی بەریتانیا ئێستا گیراون لەسەر ئەنواع و ئەشکاڵ تاوان، من باگراوەندەکەم کۆمەڵناسییە کاکی من گیان، دەمەوێت تکا دەکەم هەموو کەسێک ئەوەی لێیان رۆشن بێت ئێمە لێرە نەهاتووین لێرە شەل و کوێر و ناپارێزین کورد ناشیرین بکەین، هەر ئیشی ئێمە نییە، بە پێچەوانەوە من هەمووی ژیانم لەسەر ئەوە داناوە وێنەیەکی جوان کورد نیشان بدەم.
رووداو: بۆئەوەی وەکو بەڕێزت گوتت ئەمە بڵێین، بەشی یەکەمی بەرنامەکەمان لەسەر کەموکوڕییەکانە، بەشی دووەم دەچینە سەر چارەسەر، کەواتە دەستی خۆشبێت.
دکتۆر عەلی زەڵمی: زۆر باشە، کەواتە ئێستا دەتوانم تۆزێک بە ئاسوودەتر قسە بکەم بۆ ئەوەی خەڵک تێبگات، بە بڕوای من ئەم تاوانکارییەی کە لە تاکی کوردیدا کە دێتە ئێرە زۆر بووە، وەکو وتم بیرم چووبوەوە من باگراوەندەکەم کۆمەڵناسییە، من بڕوام وایە هەموو تاوان تایبەت نییە بە هیچ نەتەوەیەکەوە، ئەکرێ عەرەب بیت تاوانکار بیت، ئەکرێ ئەمریکی بیت تاوانکار بیت، ئەکرێ ئینگلیز بیت تاوانبار بیت، ئەکرێ کوردیش بیت تاوانبار بیت، کەواتە لەو روانگەیەوە هەموومان کۆکین تاوان موڵکی کورد نییە و ناسنامەی کورد نییە بە هیچ شێوازێک، هەرگیز شتی وا نییە، ئەسڵەن کورد رۆژگارێک جێگەی جوامێری بووە، جوامێریی کورد بووە، ئێستا ئەمە لادانە، بەداخەوە تاوان لادانە، کەواتە بەڕای من ئەگەر ئیجازەم بدەی ئەیگەڕێنمەوە بۆ چەند خاڵێک بۆچی کورد لێرە لەم قۆناخەدا بۆچی تێوە گلاوە بەم کارانەوە؟
یەکەم: من کردوومە بە دوو بەشەوە، بەشێکی ئەوەیە ئەتوانین بڵێن هۆکاری دەرەکین، بەشێکی هۆکاری ناوەکییە، بەشێکیشی پەیوەندی بەوەوە هەیە کە پێی ئەڵێن "هۆست کەنتڕی" (Host Country) یانی ئەو وڵاتەی کە ئێمەی لە ئامێز گرتووە، خەتای ئەمانیشی تیایە هەر خەتای ئێمە نییە، ئەوەی کە دەرەکییەکەیە، بە بڕوای من لەبەر ئەوەی کورد ئێمە لانیکەم 150 ساڵە، لانیکەم ئەگەر زیاتر بڕۆی بڕۆی زیاتر، 150 ساڵە ئێمەی کورد بێدەوڵەت بووین، شوناسێکی یەکگرتووی موحەدمان نەبووە، بێدەوڵەت بووین، هەمیشە ئەم بێدەوڵەتییەی ئێمە وای کردووە هەڵسوکەوتێکی پەرچەکرداری، هەڵسوکەوتێکی دژە-دەسەڵاتمان هەبێت، ئەمە وای کردووە چۆتە ناو خوێنمانەوە، بەداخەوە بەداخەوە راستیێکە، هەمیشە ئێمەی کورد ئازایەتی لەوەدا بووە کە ئێمە زدی دەوڵەت بین، زدی دەسەڵات بین، زدی سیستەم بین، چونکە بۆ ئێمە سەد و ئەوەندە ساڵە پەروەردە کراوین لەگەڵ وڵاتی ئێراندا، لەگەڵ وڵاتی عێراقدا، لەگەڵ وڵاتی تورکیا، ئەمە بێدەوڵەتییە، ئێمە بێدەوڵەتین، ئەمە خاڵێکی جەوهەرییە وای کردووە هەڵسوکەوتی ئێمەی دیاری کردووە، بۆیە کە دێیتە ئێرە شتی لادان دەکەیت، بە ئازایەتی ئەزانی! من خۆم لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا بیستوومە کاتێک دانیشتووە لە مەجلیسدا بە ئازایەتی زانیوە فێڵی لە حکومەت کردووە، "بەنەفیت"ی وەرگرتووە بە ئازایەتی زانیوە، فێڵی لە حکومەت کردووە قاچاخچێتی کردووە بە ئازایەتی زانیوە، یانی هەموو هەڵسوکەوتێکی لادان لە یاساکان بە ئازایەتی سەیر کراوە، ئەمە تێروتەسەلی زۆرە من نابێت بەس پێم وایە خوێنەر با لە زیرەکەی تێبگات.
رووداو: گوتمان بێدەوڵەتی، ئازایەتی بەوەی کە تاوان بکەی؟ بەریتانیا چی خراپی کردووە؟
دکتۆر عەلی زەڵمی: ئەمە خاڵە دەرەکییەکە بوو، خاڵە ناوەکییەکەش ئەوەیە ئێمە کورد خۆمان تێڕوانینێک ئینگلیز پێی دەڵێت جیهانبینەیەکی خراپمان هەیە بۆ ئەورووپا، کاتێک کە لەوێوە سەیری ئێرە دەکەین، یەکسەر ئێرە بە وڵاتێکی بەڕەڵڵایی، بە هەوەسی خۆت لەگەڵ ئافرەت، لەگەڵ رێزم بۆ خوشکم، ئافرەت لەوێ بەڕەڵڵا کەوتووە بە هەوەسی خۆت وا دەکەی، پارە دەرهێنی لە جیهازێکەوە ئاوا دەکەی، دەست دەبەیت بۆ هەموو شتێک، ئەم تێڕوانینە سەهەرگیزە وای کردووە، وەکو ئینگلیز ئەڵێت "فید"ی کردووە، هانی گەنجی داوە کە بێتە ئێرە بەبێ لێپرسنەوە، بەپەلە هەڵمەتی ئافرەت بدات، تووشی تاوانی دەستدرێژی سێکسی ببێت، تووشی پارە کۆکردنەوەی خێرا بێت، تووشی تاوانی ئەوە ببێت کەوا با بڵێین پارە کۆکردنەوە بە رێگەی ناشەرعی، لەبەر ئەوە ئەمە هۆکارێکی تری ناوەکییە کە وای کردووە ئەو تێڕوانینە سەهەرگیزەی ئێمە لە راستیدا بۆ کچۆڵەی بۆ ئەورووپا هەر لێوە دێن بەو تێڕوانینەوەیە، ئەمە جۆرە یەکێکی تر هەیە، ئەوەیە لە زانستی ئەو زانستەی کە ئێمە خوێندوومانە، زانستی کۆمەڵناسی و بەتایبەتی دیراساتی دیاسپۆرا، شتێک هەیە دەڵێت: دایمەن دیاسپۆرا تۆ "ئێکسپۆز" دەکات، یەعنی تۆ ئاشکرا دەکات، دەردەخات، بۆ نموونە من گەنجێک لە کوردستان باوکی لەوێیە، دایکی لەوێیە، خاڵی لەوێیە، خزمەکانی لەوێن، جۆرێک لە جۆرەکان لەبەر شەرم و ئەمانە هەن شتێک هەیە، بەس کە دێتە ئێرە ئەو شتە نامێنێت، بۆیە بە ئاسانی ئەم کەسە دەست و پێی دەکرێتەوە، بە حساب دەست و پێی دەکرێتەوە، چونکە لێرە کەسوکارەکەی نییە چاودێری بکات یان ئاگای لێی بێت، کابرا ئایا لە مناڵێک بە سەیارە لێی خوڕی یاخود تووشی کێشەی دەبێت، لەبەر ئەوە ئەمەش دیسان حاڵەتێکی ناوەکییە، ئەوەی ئێرەش بە نیسپەتی بەریتانیا خۆشی، بۆچی من بانگ کرام ساڵی پار بۆ وەزارەتی ناوخۆ لەوێ تەنانەت وەزیری لێ نەبوو ئەگینا هەموو جێگری وەزیر یان لێ بوو، سیمینارێکم بۆ کردن لەسەر ئەوە بۆچی ئەمە هەر ئەمەی کە ئێستا ئێمە کێشەمان تێوەکەوتووە، بۆچی ئەم کوردییەت بۆ ئێرە و کێشەکانیش هەیە؟ من لەوێ باسی ئەوەم کرد، ئێستاش هەر باسی دەکەم: سیستەمی پەنابەری بەریتانیا سیستەمێکی خراپە، شێواوە، تێکچووە، لێرە ئەمان خۆیان ئایا بە دەستی ئەنقەستە من نازانم، یاخود بە پلانێک من نازانم، بەس من ئەزانم بە بەراورد لەگەڵ ئەڵمانیا، بەراورد لەگەڵ هۆڵەندا، چونکە هاوڕێیەک لە کۆڵنم هەیە قسەمان کردووە، ئاگادارم، سەردانم کردووە، بە بەراورد سیستەمی ئێرە سیستەمێکی خراپە لەو رووەوە کە تۆ دێیتە ئێرە رێگە و شوێنێکی تاکت بۆ دانانێت، بە سیستەمێک ناچیت بە تونێلەکەدا پەروەردەت کات لەو سەرەوە کە وەکو کەرەستەیەکی خاو فڕێ دەدرێت، کە ئەو رۆژەی من زەلام دەزانم ئەو رۆژەی گەشتووەتە بەریتانیا ئێوارەکەی ئیشی کردووە، ئەو رۆژەی گەشتۆتە بەندەر، بەیانییەکەی ئیشی کردووە، ئێ خۆ من ناڵێم ئیشکردن خراپە، بەڵام ئەگەر تۆ دێیتە ئێرە بێ زمان، بێ شارەزایی یاسایی، بێ کۆمەڵێ ئەولەویاتی گرنگ لە ژیاندا، چونکە ئەمە ژیانێکی دیکەیە، تۆ بەبێ ئەم پێشەکیانە یەکسەر بکەویتە ناو ئیش دەکەویتە هەڵەوە.
رووداو: کاک گەنجۆ، ئەوەی کە ئێستا لە کاک دکتۆر دەیبیستین، کۆمەڵناس وەکو دەڵێت توێژینەوەی دوورودرێژی لەسەر دیاسپۆرای کوردی کردووە، گوتم کتێبی نووسیوە و شتێکی ئەوانەی دەیڵێت شۆکهێنەرن کە دەیبیستی، بەڵام لەژێرەوە هەموومان تۆزێک دەمانزانی کە ئەمە هەیە وانییە؟ ئێوە لێرە دەژین، ئێمە هەموو کەسوکارمان لێرەیە، لە کوردستانەوە دەزانرا، دەزانم دەبێت "پرایڤیسی" بپارێزی ئەوانەی کە لە لای بەڕێزتن، بەس ئەمە لە لای ئێوە رەنگی داوەتەوە ئەوەی کاک دکتۆر باسی دەکات بەو فراوانییە زۆر بووبێت؟
گەنجۆ غەفوور: بێگومان ئەوەی کە دکتۆر باسی لێدەکات، بە تایبەت ئەوەی کە ئەو کەسانەی تازە دێنە ئەو وڵاتە هیچ زانیارییەک و هۆشیارییەکی یاساییان نییە، بەتایبەت لەوەی کە لە روانگەی خۆیانەوە وا دەزانن کە ئەم وڵاتە ئەورووپییانە، با باسی ئافرەت بکەین زیاتر، چونکە ئەو تاوانانە زۆر زۆرن ئەوانەی دەرهەق بە ئافرەتان دەکرێت بەڕاستی، وا دەزانن کە هاتنە ئێرە لە رووی جلوبەرگی ئافرەتەوە تۆزێک جیاوازە لەگەڵ کولتووری خۆمان، وا دەزانن بەو جلوبەرگەوە دەتوانن بۆ نموونە تەعلیقیان لێ بدەن یان ئەوەتا بەدوایان بکەون یان دەستدرێژی سێکسییان پێبکەن، زۆربەی زۆری ئەو کەیسانەی کە من دەیانبیستم، من ئێستا ئیشی پەنابەری دەکەم، پێشتر ئیشم لە پرسەکانی تاوان کردووە، بەڵام ئێستاش خەڵک پەیوەندی پێوە دەکات بۆ بابەتی تاوان، ئەوانە باس دەکرێن بەڕاستی ئەو کەسانەن کە چەند ساڵێکە، یانی ناگاتە سێ ساڵ، زۆربەی زۆری ئەو کەیسانەی کە بەتایبەتی بابەتی دەستدرێژیی سێکسین، هیچ هۆشیارییەکیان نییە، نازانن کە تۆ لە کوردستان لەوانەیە دەستدرێژییەک لەڕووی ئەخلاقییەوە باس ناکەم، بەڵام لەڕووی یاساییەوە لەوانەیە زۆر تاوان نەبێت کە تۆ بەدوای ئافرەتێک بکەویت، بەڵام لێرە بەدوای بکەوی "گێچەڵە"، تاوانە، یان لەڕووی ئەوەی کە چاوچنۆکییان زۆر زۆرە بەڕاستی، یان زۆربەی زۆری چاولێکەرییە، کە دەزانن هاوڕێیەکی لە کوردستان لە ماوەیەکی کەم پارەیەکی زۆری دەستکەوتووە و موڵک و ماڵێکی زۆری کڕیوە، ئیدی ئەو گوێ ناداتە ئەوەی کە ئەم رێگایەی ئەو پەیدای دەکات و بەو رێگایەی کە ئەو پارەی لێوە دەست دەکەوێت، رێگایەکی نایاساییە، سەرەنجام ئەگەر پارەکەشت هەموو نەبرێت، چەند ساڵێک زیندانی چاوەڕوانی تۆیە.
رووداو: بەڵێ کە ئەوەی "بی بی سی"ت بینی، ئەو زۆر بەڕاستی خەڵکی ئازار دا، لە هێرۆخانیشم پرسی سەرەتا، چاوەڕوانت دەکرد رۆژێک لە رۆژان ئەمە هەر دەبێت بگوترێت؟
گەنجۆ غەفوور: لەوانەیە لە بی بی سی چاوەڕوان نەکرابایە، بەڵام لە کەناڵەکانی وەکو ناشناڵ جیۆگرافیک و ئەوانە لەوانەیە چاوەڕاونکراوبا، یانی لە "ناشناڵ کرایم ئەیجنسی"یەوە ڤیدیۆیەکی لەو شێوەیە دەرچێت.
رووداو: خەتای ئەوە نییە کە زۆر موجامەلەمان کرد؟ زۆر ویستمان بیپۆشینەوە وەک کاک دکتۆر گوتی، لە کوردستان فێرکراوین عەیبی دەوروبەرمان دەبێت بپۆشین، کولتوورەکەمان وایە، مەسەلەن ئەوەی کە وا دەکات یارمەتی جێبەجێکردنی یاسا بدات لەلای ئێمە، کابرایەکی "جاش"ە! واش گوترا لەسەر ئەوانەی هاوکاری بی بی سی بوون، گوترا کە ئەمانە جاشن، هەست ناکەیت ئەمەش هەبووە تاوەکو ئێستا، کە ئێوە لێرەن؟
گەنجۆ غەفوور: ناخۆشیەکەی ئەوەبوو کوردێک ئەمەی "ئێکسپۆز" کرد، یانی بە خەڵکی نیشاندا، ئەوەیە تۆزێک لەوانەیە لە رووی نەتەوەییەوە تۆزێک ناڕەحەت بێت ئەگەرنا کوردێک ئاشکرای کردووە یان ئینگلیزێک ئاشکرای کردبێت، خۆ کارەکە هەیە، کارە ناقانونییەکە کراوە، خۆی لەوانەیە گلەییەکە لەسەر ئەوە نەبێت کە چۆن ئاشکرا بووە، بەڵام گلەییەکە لەسەر ئەوە بێت بۆ دەیکەیت؟ یانی ئەتۆ دەزانی کێشەی ئێمە ئەوەیە خۆمان بە میوان دەزانین لەم وڵاتە، خەڵک دەناسم بیست ساڵە لێرە هەر دەڵێت "ئەوان"، هەر دەڵێت "وڵاتی ئەمان"، کەچی لێرە رەگەزنامەی بەریتانی هەیە، لێرە مناڵی لێرە گەورە بووە، دەچێتە زانکۆ خوێندنی تەواو کردووە، کەچی هەر خۆی بە میوان دەزانێت، کێشەکە لەوەدایە یانی تۆ کە خۆت بە خاوەن ماڵ بزانی حەز بە بەرپرسیارێتی دەکەی کە ئیشی سپی بکەیت، پەنا نەبەیت بۆ کاری لابەلا و قاچاخی و پاکەت و نازانم چی، لەوانەیە بە کاتی حیسابی بانقەکەت زیاد بکات، بەڵام لە دەرەنجامدا تۆ ناتوانی بەو پارەیە هیچ بکەی، ناتوانی خانووێک بکڕی، ناتوانی بیخەیتە کار، ئەسڵەن خەڵک هەیە لەوانەیە بە سەدان هەزار پاوەنی لە ماڵەوە بێ، ناتوانێت خانووێک بگرێ، ناتوانێت بیگرێ نەکو بیکڕێت.
رووداو: مامۆستا محەممەد، دێمە لای بەڕێزت، دوو ساڵ موجامەلەمان کرد وانییە؟ دوو دیبەیتمان کرد ساڵانی رابردوو، ئەوەی کە ئێستا گوێمان لێیە، هێرۆ خان نیگەرانە لەوەی کە ئێستا دەیبینێت، کاک دکتۆر زۆر بە جوانی بە زانستی بۆی باس کردین کە لە کوێ کەموکوڕییەکانمان هەیە، چۆن پۆشیمان تاوەکو ئێستا، یانی تاوەکو گەیشتە ئێرە، ئەوەی کە گەنجۆ گوتی شتێک بۆ من سەرنجڕاکێش بوو، ئەوەی کە خۆت هەست پێناکەی ئێرە ماڵی دووەمتە، ئەو ماڵەیە راستە کوردستان وڵاتی ئێمەیە، بەڵام کوردی دیاسپۆرای لێرە ماڵی دووەمتە، لێرە تاوان زۆر بێت منداڵەکەی تۆش دەکەیتە بەر هەڕەشەی تاوان، من لەسەر سوێد کارم کرد، باندە تاوانکارییەکانی ئەوێ، زۆر دایک و باوکی کوردم ناسی کە دەیانەویست منداڵەکانیان لە سوێد هەڵبێن بڕۆن لە وڵاتێکی دیکەی ئەورووپا بژین بەهۆی تاوانکارە کوردەکانی ئەوێ کە تووش دەبن لەگەڵیان، دوێنێ هەر لێرە یەکێک لە خاوەن بزنسە بچووکە کوردییەکان لای خۆی گلەیی دەکرد، لای من گلەیی دەکرد دەیگوت کورد لێرە زۆر خراپن بەرامبەر یەکتر، باوەڕ بێت پیاو هەیە پاکێتی قاچاخی هەیە، جگەرەی قاچاخی هەیە، برادەرەکانی دەچن لێی دەدزن، چونکە دەزانن ئەمە ناوێرێ شکایەت بکات، یان لە لای هیچ کەسێک، ئەو قاچاخەی هەیە پێی هەڵە نییە، بەڵام برادەرەکانی ئەوە دەکەن کارێکی خراپە، کەم و کوڕی ئەوە نییە کە بە ئێوە بڵێین، چونکە وەکو گوتم دوو ساڵ موجامەلەمان کرد، با دیوە باشەکانمان باس کرد، کەموکوڕی دامەزراوە کوردییەکانی ئێرەش نییە کە ئەمە وا بڵاو دەبێتەوە یان شتێکە پێت وایە فراوانترە لەمە؟
محەممەد جەلال بەرزنجی: من بە جۆرێکی دیکە سەیری ئەم جۆرە ئیشانە دەکەم، ئێمە گەر سەیر بکەین ئینگلیز خۆی قسەیەکی جوانی هەیە دەڵێت "دۆنت جەج ئە بوک بای ئیتس کەڤەر" (Don't judge a book by its cover)، پێش هەموو شتێک ئەمە کتێبەکە راستیەکە نییە، ناوەڕۆکی کتێبەکە نییە، ئەمە تەنیا پەڕەیەکی دەرەوەیەتی بی بی سی پیشانی داوە بە جەنابت، وەکو فەرمووت لە بەشی یەکەمدا سەیری پەڕەکەی دەرەوەی دەکەین، ئەمنیش رازیم بە قسەکەی جەنابت سەیری پەڕەکەی دەرەوەی دەکەین، بە راستی ئێمە چەند کێشەیەکمان هەن، یەکێک لەو کێشانە ئەوەی کە مامۆستایانی بەڕێز و دکتۆریش باسیان کرد، ئەو کەسەی کە لە کوردستانەوە دێت، ئەوەی کە لە مێشکیەتی دێتە ئەم وڵاتە بۆ ئەوەیە کە زوو دەوڵەمەند بێت، زوو پێ بگات و زوو بڕواتەوە، پۆزێکی پێوە لێبدات، خۆشییەکی پێ ببینێ لە کوردستان، ئەمە شتێکی زۆر باشە هەموومان حەزمان لەمەیە، بەڵام بە شێوازێکی یاسایی، بۆ نموونە تۆ چاپتەری ژیانی خۆت دەبێت لە چاپتەری یەکەمەوە دەست پێ بکەیت، ناکرێ تۆ خۆت بەراورد کەی بە کەسێک کە بیست چاپتەری بڕیوە و بیست ساڵە لەم وڵاتەیە، تۆ دەتەوێ لە یەکەوە بچیتە بیست، بە چی دەچێ؟ ئیلا بەو رێگە نایاسایانە دەڕوا، بەم رێگە نایاسایانەش پێشتر ئەگەر باندیش هەبووایە قەومی تریان بەکاردەهێنا، کوردەکانی خۆشمان ئەگەر خەریکی ئەم جۆرە کارانەش بوونایە مەعلوومی بەڕێزانیشە قەومی تریان بەکاردەهێنا، بەداخەوە وەکو جەنابی پارێزەر فەرمووی لە سێ ساڵی کۆتایی روویان کردە کوردە تازە هاتووەکان، بۆیە بە پارەیەکی باشیان دەخستە بەردەستیان، روویان کردە ئەوان، ئێمە خەڵکمان بۆنە پۆلیس تەلەفۆنی بۆ من کردووە وەکو لە کۆمەڵەی کوردی بەریتانیا دەڵێت گەنج هەیە لە ناو ئوتێلەکان شەش مانگە لێرەیە 72 هەزار پاوانی پێوە گیراوە! یەعنی داوای کردووە تۆ ببینێت، واتە ئەمە هەر ئەسڵەن ئینسان هەست بە شەرمەزاری دەکات کاتێک گوێی لە کەیسێکی ئاوا دەبێت، کاتێک من ئەچم لەگەڵیان دادەنیشم قسە ئەکەین ئەڵێم: نەتەوەیەکی باشین، جالییەکی باشین، بەڵێ باشیشین، خۆ ئێمە ئەگەر بەراوردی کەین ئەم کۆمەڵگەی کوردییەی ئێمە وەکو هەموو کۆمەڵگەکانی ناو بەریتانیا بێ بەش نییە لە کەم و کوڕی، ئەوانیش هەیانە، بەس قسەکەی جەنابت تەواو ئێمە بۆ کەوتینە بەر؟ لەبەر چی؟ لەبەر ئەوەی کە لەم سێ ساڵە ئەوەی کە ئەم تازانەی کە هاتوون بەداخەوە لە لای باندەکاندا، ئەو باندانەی کە ئەم جۆرە کارە نایاسایانە دەکەن، هیچ جگەرەیە، دەرمانە، مەشرووبە، بازرگانییە بە مرۆڤ، بە هەر جۆرێک لەمانە، ئەمانە چوون ئەو جۆرە کەسانەیان لە ناو ئوتێلەکان دەرکردە دەرەوە، وەرە بۆ نموونە تۆ لە شوێنێکدا ئەستەمە هەبوویت ئیش بکەیت، دەی با بەو تونێلە تاریکەدا کە جەنابی دکتۆر فەرمووی، وەرە تۆ رۆژێ 150 پاوانت دەدرێتێ، وەرە ئەم ئیشەم بۆ بکە، لە پشتی دوکانەکەی منەوە ئەوەم بۆ بکە، بۆیە لەو پشتانەوە، لە پشتی دووکانەکان و لە پشتی مەغزەنەکان و لە پشتی کۆگاکانەوە بەڕاستی لە سەرەتاوە کورد ناشیرین بوو، ئەوەیە وای کردووە ئێمە ئێستا بەم شێوازە ناومان لە بی بی سی ببرێ، بۆیە ئێمە دەمانەوێت راستە راستیەکی تاڵە فیعلەن ئەو جۆرە حاڵەتانە هەبوون، بەڵام کەمن لە چاو جوانییەکانی کوردا کەمن، بەڵام ئێمە دەمانەوێت ئەوە بڵێین کە تکا لە دایک و باوکانی بەڕێز دەکەین لە کوردستان، داوام هەیە لە ئەوان، ئەوان زەخت لە کوڕەکان و کچەکانیان نەکەن لەم وڵاتە بکەونە ئەم جۆرە کارانەوە، یانی پرسیاریان لێ بکەن تۆ بە چ شێوازێک ئیش دەکەیت؟ پاراستنی شوناسی ئایینی و نەتەوایەتی خۆت بپارێزی لەم وڵاتە، ئەوجا پرسیاری لێ بکە تۆ چەندت پەیدا کردووە یان چۆن پەیدات کردووە، چەند پەیداکردن قورسە بەس چۆن پەیدای دەکات ئەوەیان گرنگە، بۆ ئێمە بەڕاستی ئەزموونێکی تاڵە.
رووداو: ئەوەی کە لەوێ چاویان لەوە نییە کە ئەو کەسەی لێرە دەبێت بژیت، ئەویش ژیانێکی هەبێت، دەبێت حەوت رۆژ ئیش بکات لە پێناوی ئەوەی پارە بۆتۆ بنێرێت.
محەممەد جەلال بەرزنجی: راستە یەک خاڵ هەیە لە بەریتانیا، من گلەییم لە ئەمانیش هەیە، بە کیتابی فەرمیش داومانە بە پەرلەمانی بەریتانیا لە شەش مانگی رابردوو، چاوەڕێنکرا بوو بەڕاستی ئەمەی کە هەیە، ئێمە کیتابی فەرمیشمان داوە پێیان کە تکایە دۆخی پەنابەرە تازەهاتووەکانی ناو ئوتێلەکان چارەسەر کەن، کاک هێمن لەم وڵاتە کەس بە هەشت پاوان ناژی حەفتەی، کەس بە دە پاوان ناژی، یانی تۆ رێگەی دەکەیتەوە بۆ ناو ئەم وڵاتە بێتە ناو وڵاتەکەتەوە، دەیخەیتە ئوتێلێکەوە، مافی ئیشکردنی نادەیتێ و هەشت پاوانی دەدەیتێ حەفتانە! کەسێک ئەگەر جگەرەخۆر بێت پاکەتی بۆ یەک رۆژ هەشت پاوانەکە بەشی ناکات، وە هەروەها بچێت لە چێشتخانەیەکدا ناتوانێت دوو شیش کەبابی پێ بخوات، ناتوانێت چاکەتێکی پێ بسێنێت، ناتوانێت یانی پێداویستییەکانی خۆی بە هەشت پاوەن و دە پاوەن و پازدە پاوەن دابین بکات، بەڕاستی ئەمە دەبێتە چی؟ دەیبکاتە نێچیرێکی ئاسان، نێچیرێکی ئاسان بۆ باندەکان، بۆیە ئێمە ئەو گلەییەمان لە ئەمانیش هەیە، داوامان وابووە لە نامەکەشماندا داومانە بە حکومەت، داوامان وابووە ئەو بەڕێزانەی کە لە ئوتێلەکانن سەریع کار بکرێت لە چاوپێخشانەوە بە کەیسەکانیان، ئەگەریش ئەوەیان خۆیان دەڵێن زەختمان لەسەرە، ئۆپشنی دووهەم هەڵبژێرن: هەلی کاریان بۆ بڕەخسێنن یان کارتی کاریان بدەنێ بۆ ئەوەی بتوانن ئیش بکەن، هەم زەخت لەسەر خۆیان لادەچێت هەم بەڕاستی ئەو ناوبانگی ئێمەش بەم شێوازە لەکەدار نابێت بەهۆی ئەو باندانەی کە بەکاریان دێنن بەداخەوە.
دکتۆر عەلی زەڵمی: زۆر باشە ئەگەر من هەر لەسەر ئەو خاڵە ببورە لە توخوا ئەزانم سیستەمی بەرنامەکەوە تێک نایات، بەس هەر ئیش پەیوەندی هەیە، من پار ساڵ لە وەزارەتی ناوخۆ بە وەزیری، یەعنی ئەو وەزیری نەک وەزیری خۆی، وەزیری سەرپەرشتیاری پەنابەران قسەم کرد، وتم ئێوە ئێستا ئەزانن سەد و حەفتا هەزار پەنابەر هەیە چاوەڕوانییەکە لە ئوتێلەکان وەکو جەنابت فەرمووت وایە، ئەزانم، گوتمن دەی لەولاوە پرۆپۆزاڵێکتان کردووە بەتەمان بەرنامەیەکن چل و پێنج هەزار دەستی کرێکار بێنن یا لە هیندستانەوە یا لە کوێوە بەوێت لێرە، ئەمە چی پێ ئەڵێن؟ شلیک و تووفەرەنگیتان بۆ لێ بکاتەوە! ئەی بۆ کاکە بۆ ئەمە ناهێنن ئەو خەڵکە لەویایە؟ و گوتی رایەوە.
رووداو: لە بەشی دووەمی دیاسپۆرای ئەم هەفتەیەدا، لەسەر ئەوە رادەوەستین کە چۆن وا بکرێ ئەو دۆخەی کە دیاسپۆرای کوردی لە بەریتانیا ئێستا تێیدایە کە کەوتۆتە با بڵێین سپۆتلایتێکەوە، سپۆتلایتێکی لێدراوە، رووناکاییەکی لێدراوە کە پیشانی دەدا لێرە کێشەی زۆر لە نێو دیاسپۆرای کوردیدا هەنە، بە تایبەتی لە نێو میدیای بەریتانیدا، چۆن ئەمە بگۆڕدرێت؟ ئەو میوانە بەڕێزانەی کە میوان، من بە سوپاسەوە میوانی ئەوانم راستی، بەڵام لەم بەرنامەیەدا میوانی منن، هەموویان کەسانی سەرکەوتوو و چالاکن لەنێو کۆمەڵگای بەریتانیدا؛ مامۆستای زانکۆ، پەرستار، کارساز، کەسی یاسایی و بەشدار لە ئێنجیۆ یان رێکخراوە بڵێن مەدەنییەکانی ئێرە، کەس لەوان باشتر رەنگە نەزانێت پێویستە چی بکرێت بۆ ئەوەی کوردی بەریتانیا بە گشتی بکەوێتەوە سەر راستەڕێ. کاک دکتۆر، دێمەوە لای جەنابت، باسی کێشەکانمان زۆر بە راشکاوی کرد وانییە؟ لە هەندێک شوێن کە قسەت دەکرد هەستم دەکرد پەنجەکە کە لەسەر برینەکە دایدەنێیت ئازارم دەدا، چونکە هەموومان کەس و کارمان لێرە، وەکو خۆت گوتت بە تایبەتی هی باشوور، من بۆ خۆم دوو سێ برام لێرەن، کەس و کاری دیکەم یەکجار زۆر لێرەن، کە باسی کوردی بەریتانیا دەکرێت باسی ئێمەیە، باسی خۆمان دەکەین وانییە؟ چی بکەین کە ئەوەی لە سکە دەرچووە بێتەوە سەر راستەڕێ، راستەڕێ بێتەوە؟
دکتۆر عەلی زەڵمی: راستە، ئەمە ئەوەیە کە ئینگلیز دەڵێت "پرسیاری یەک ملیۆنییە"، ئەوجا ئەوە خۆی ملیۆنە، زۆر بۆ ئەو قسەیە کراوە ئێستا دەبێت بڵێم ملیارییە. وەڵاهی کاک هێمن گیان، بەڕاستی پێم وانییە کەس هەیبێت، چۆن بڵێت سیحرئاسایی پێ بێت بڵێت ئاوا دەکرێ و چاک دەکرێت، بڕوا ناکەم، بەداخەوە من بەتایبەتی، عەرزم کردی باکگراوندەکەم ئەکادیمییە، تۆزێک ئێمە بە رەشبینی سەیری شتەکان دەکەین، بەس من هەوڵ دەدەم هەمیشە لە ژیانمدا هەمیشە پەرداخەکە بە پڕی ببینم، بە نیوەیی نەیبینم، پەرداخی ئاو نیوەی تیایە، هەمیشە نیوە پڕەکەی ببینم نیوە بەتاڵەکەی نەبینم، بۆیە ئەزانم لەپاڵ ئەوەی ئەو هەموو ئیشکالاتانە هەیە، کەسانی ئەوکاک محەممەد و ئەوانیش هەن، کەسانێک هەن کە ئێمە چەندین (MP)مان هەیە لەم وڵاتە، لە سکۆتلەندا هەمانە، بەس ئەندامی پەرلەمان مەسەلەن لە لەندەندا وەکو خۆت فەرمووت شارەوانیمان هەیە، وە هەروا لە شارەکانی تردا خەڵکی چاک و دکتۆری چاکمان هەیە، من شەش حەوت دکتۆری باش ئەناسم لەم وڵاتە خزمەت ئەکەن، یانی ئەمە مانای ئەوە نییە ئیتر ئێمە پەردەیەکی رەشمان داوە بەسەریدا، نەخێر، بەڵام وەکو جەنابتیش فەرمووت ئەگەر ئێمە نەتوانین دەست بخەینە سەر برینەکان ناتوانین چاکی بکەین، هەر هیچ نەخۆشییەک چاک ناکرێت ئەگەر دیاری نەکرێت، چونکە لە خۆتەوە چارەسەر بدەی زەرەری پێ دەگەیەنێت، جا دکتۆر چارەسەرمان پێ بکەین هەر دیسان چارەسەرییەکە و کێشەکە لە یەک لادایە، بۆتان ئێمە کێشەیەکمان هەیە لە کۆمێنێتی کوردی ئەویش ئەوەیە کێشەی ئەوەی کە پێی ئەڵێن پێکهاتە، ئێمە پێکهاتەیەکی ئاڵۆزمان هەیە، کورد بە حوکمی ئەوەی کە ئەڵێی کورد ناسنامەی کورد تۆزێک پێست ناسنامەکەمان هەر لە وجودەوە لە ئەزەلەوە ئاڵۆزە، خەتای ئێمە نییە، ئێمە بۆ نموونە کە دێیتە ئێرە، ئێمە هاتووینەتە ئێرە وەکوو عێراقی هاتووین و باسم کرد، وەکوو تورکیا هاتووین، وەکو سووری هاتووین، وەکو ئێرانی هاتووین، کەواتە ئێمە لێرە بە چوار وڵاتین لێرە کۆبوونەتەوە، ئەوە نییە وەکو دیاسپۆرای تورک، وەکو دیاسپۆرای فەلەستینی، وەکو دیاسپۆرای هەر شوێنێکی تر ئێستا مازەغی بێوە دەوڵەتە وەکو ئێمە، بەڵام ئەوان هەر یەک ئامازیغین و تەواو، ئێمە موشکیلەکەمان ئەوەیە ناسنامەمان ئاڵۆزە، ئێمە پێکهاتەکەمان پێکهاتەیەکی ئاڵۆزی هەمەچەشنە ، ئەبێ ئێمە جارێک پێش هەموو شتێک بتوانین پنتێک بدۆزینەوە لە دەوری کۆبینەوە، ئەو پنتە چییە؟ ئایا ئایینە؟ من نازانم، ئایا نەتەوەیە؟ من نازانم، ئایا مرۆڤایەتییە؟ من نازانم، بەس ئەبێ پنتێک هەبێت ئێمەی لەسەر کۆبینەوە هەر هەموومان بە غەزە نەزەری باگراوندەکەمان، چ دینییە، چ ئایدۆلۆژییە، چ نەتەوەییە، چ حیزبییە، کۆک بین لەسەرەوە. من بە درێژایی ئەم بیست و پێنج ساڵەی کە لەم وڵاتەدا دەژیم، ئەوە کێشەی سەرەکیم بووە، یانی بیر بکەوە ئێمە بەداخەوە من وا دەڵێم، لەو شارەی من بادینی تیا بووە، ئێمە هینمان کردووە، یانی با بڵێین حەفلە و شتی نەورۆزمان کردووە، رێگەیان نەداوە بادینییەکان داوەت بکەین! من خۆم بە زۆر هێنابووم، ئێمە مەگەر کورد نین هەموومان؟ ئەو کێشەیە تاوەکو ئەو رادەیە، ئەوە موشکیلەی دابڕانە هەیە لە ناوماندا، تاوەکو ئەو رادەیەی هەورامییەک، بادینییەک، کورمانجێک ئەوی تر بە کورد نازانێ، ئەم ئەو بە کورد نازانێ، بەداخەوە ئەم راستیە ئەبێ ئێمە فێربین پنتێک بدۆزینەوە هەموومان لە دەوری کۆبینەوە، ئەگەر ئێمە هاوبەشێکمان دۆزیوەتەوە، ئێستا من بۆ نموونە یانی لە چەندین، هەموومان لە چەندین مەسەلەن لە سۆشیال میدیا لە چەندین گرووپا هەین، سەیری ئەو گرووپەی وڵاتانەی دیکەدا دەکەم کە هەر هەموویان کە دێتە سەر قەزیە نەتەوەییەکە، دۆزێکی گرنگی پەیوەندی بە هەموویان، هەموویان یەکن، ئێمە ئەوەمان نییە، یەکێ لە موشکیلەی ناسنامەی کورد ئەوەیە کە ئێمە هەموومان لەسەر شتێک کۆک بین، ئەم شتە کۆکی کردین، ئەو کاتە ئەو کاتەی ئێمە ئەتوانین تێگەیشتن دروست بێت، بەڵام رانیەیی حساب بۆ سلێمانی نەکات و سلێمانی حساب بۆ هەولێر نەکات، هەولێری تێکەڵی هەورامی نەبێت، هەورامی سۆرانی بە کورد نەزانێت، سۆرانی ئەو بە ئەو نەزانێت، ئەمە وای کردووە جۆرێک لەناو دیاسپۆرا خۆی تۆ خۆت کۆمیونێتیت، لەناو ئەویشدا جا قسەیەک هەیە لە ئێمە دەخوێنین و ئیشمان لەسەر کردووە، ئەویش ئەوەیە دەڵێت پێم وایە قسەی حەسەنپوورە، ئەوەی ئەمیر حەسەنپوورە بە رەحمەت بێت ئەڵێ: ئەو دابەشبوونەی لەو وڵاتە هەیە، لێرەش دابەشبوونەکە دروست بووەتەوە بەداخەوە، لێرەش هەموو کەسێک دەچێت بە لای خۆیدا.
رووداو: بەسەر ئاستی کەسی کوردی دانیشتووی بەریتانیا چی بکات؟ ئەگەر بە کوردی پێم بڵێت.
دکتۆر عەلی زەڵمی: گرنگترین شت ئەوەیە کە ئێمە کە دێیتە ئەم وڵاتەوە پشتوێنی لێ بکەینەوە، تاوەکو ئێستا کوردی ئێمە پشتوێن ناکاتەوە لەم وڵاتە، ئێمە پشتوێن لێبکەینەوە و ئەبێ تێبگەیت لەوە تۆ نەوەکانت لێرە پێگەیاندووە، لەبەر ئەوە ئەبێ ئێمە فێر بین پشتوێن لەم وڵاتە بکەینەوە، "ئینتیگرەیت" بکەین لەگەڵ ئەم وڵاتە، دەبیت بژیت لێرە ئینجا ئەوەندە بەسە ئێمە رۆژگارێک هەموومان هاتووین یارمەتی کەسوکارمان داوە لەوێ بەس سوپاس بۆ خوا کوردستان دۆخی باشە.
رووداو: دکتۆر ئەزموونی کوردی باکوور لە شەستەکانەوە هاتوونەتە ئەڵمانیا بەتەما بوون بگەڕێنەوە، بەتەما بوون بگەڕێنەوە، تۆ حیسابکە نیو سەدە زیاترە لەوێن.
دکتۆر عەلی زەڵمی: بەڵێ بێگومان، جا هەر ئەوەی کە پێشتر باس نەکەین کێشەکان بچین، هەر ئەوانە ئەبێ بگۆڕین، ئێمە یەکەم فێری ئەوە ببین خاڵێکی هاوبەشمان هەبێت لە بەینماندا، دووەم فێری ئەوە بین پشتوێنی لێ بکەینەوە کە ئەمە ژیان لێرەیە و تۆ ژیان لێرەیە، ئیتر پێویست ناکات خەیاڵت لای ئەوە بێ پارە کۆکەیتەوە، پارە کۆکەیتەوە بە هەر شێواز دەبێت بۆ ئەوەی بچیت لەوێ بژی، کاکە تۆ لێرە دەژی مناڵت لێرەیە، ئەبێ فێری ئەوە بین پشتوێنی لێ بکەینەوە ئێمە ئیتر دانیشتووین لێرە، ئەمە خاڵێکی تر کە زۆر زۆر زۆر گرنگە، ئەویش ئەوەیە هەموو تاکێکی کوردی خۆمان کە لێرە با بڵێین ژیان ئەکات و بڵێین ئەیکات، مەسائیلی موشکیلەیەکی سەرەکی ئەوەیە وەکو عەرزم کردی، هەر پەیوەندی بەوانی ترەوە هەیە، ئەویش ئەوەیە کە بابەتی زمانە، بابەتی یاسایە، ئێستا مەسەلەن بۆ نموونە ئێستا من دێم بۆ ماڵی جەنابتان، بە هەر نموونەی پراکتیکی باس بکەین، من دێم بۆ ماڵی جەنابت، ئیتر لەسەر شانی منە تۆ چ رێشوێنێکم بۆ دانێیت لە ماڵی ئێوە، لەکوێ نان بخۆم؟ لەکوێ بخەوم؟ چۆن بیکەم؟ ئێ کاکە ئەم وڵاتە کۆمەڵێک یاسا و رێسا و سیستەمی هەیە، ئیشی تۆیە بە گوێی ساحێب ماڵ بکەیت، ساحێب ماڵ پێت بڵێ چی بکە، نابێ بە هەمان کلتور و بە هەمان یاسای ئێوە ئیش بێت، موشکیلەکە ئەوەیە، وەختی خۆی گاردیان راپۆرتێکی کردبوو، نووسیبووی "هۆم تو هۆم" (Home to Home) - لە ماڵەوە بۆ ماڵ، کوردی ئێمە بەداخەوە زۆربەی زۆری لە ماڵەوە بۆ ماڵە، دەهاتۆتە ئێرە ئێستە هەر فەسڵەوە برنج دەخوات، ئەوە دەزانێت ئەگەر یەک شتێکی جیاواز بووە دنیا کاول دەبێت، ئێ دنیا کاول دەبێت، لەبەر ئەوە تۆ لێرەی میوانی، دەبێت بە گوێی ساحێب ماڵ بکەی، یاساکانی ساحێب ماڵ، من دەزانم، من گەنج دەزانم، گەنجی خوێنەوار بووە لەم وڵاتە هەستاوە دووکانی فرۆشتووە، دووکان! دووکانی فرۆشتووە بە کەسێکی تر، دووکانێک بای سەد و سی هەزار پاوەن بووە، مەبلەغە کاکە بای سەد و سی هەزار پاوەن بووە، دووکانی فرۆشتووە بە "تۆقە"یەک! بە تۆقەیەک لە کاتێکدا، لە کاتێکدا من دۆکۆمێنتم دەرهێناوە، دۆکۆمێنتم دۆزیوەتەوە لەو برتیش لایبرێرییە، دۆکۆمێتم دەرهێناوە قەواڵەی پێدەڵێن، بە هەورامی پێدەڵێت "قەواڵەکان"، قەواڵەی تیایە قەواڵەکەی 2625 ساڵ پێش ئێستایە، ئەو قەواڵەیە باسی ئەوە دەکات کە کابرایەکی هەورامی رەزێکی فرۆشتووە، رەز ئەوەی باخ، رەزێکی فرۆشتووە بە کابرایەکی دیکە، نووسراوە لەوێ قەواڵە، ئێ بۆ ئەبێ ئێمە ئیستاش بە تۆقەیەک دوکان دەفرۆشین؟ ئاخر ئەوە کارەساتە.
رووداو: هێرۆ خان بە تایبەتی لەنێو خانمان، من نامەوێت بگەڕێینەوە بۆ کەموکوڕییەکان، شتێکیشت گوت لەناو بەرکوتت من حەزم لێ نییە باسی شتی نێگەتیف بکەین و شتێکی باشە ئێمە ژنەکانمان ئەرێنین، خانمانمان ئەرێنین بۆ ئەوەی پیاوەکانیش ئەرێنی بمێننەوە و نییە پیاو زۆرتر دەکەوێتە ناو ئەو جیهانە تووندوتیژەی کە هەیە، بەڵام بۆیان باس کردم خانمی کورد لێرە گیراوە، کۆکایینی لێ گیراوە کە لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکەی بردووە، گوتیان زۆر جار ژنان لێرە ئاسانتر تووشی کێشە دەبن، هەڵدەخەڵەتێندرێن، تووشی کێشە دەبن، چی بکرێت بۆ ژنانمان لێرە کە دەزانم زۆریان چالاکن، بۆ نموونە بینیومن هەر ئەو چەند رۆژە بینیومە خانمی کورد لێرە خەریکی پارێزەرییە مەسەلەن و زۆر هەن کارساز، ئەوە بە بەڕێزت مەسەلەن پەرستاری، چی بکەین بۆ ئەوەی ژنانمان دوورکەونەوە لە شتێک کە بەڕاستی زانی کارەسات دەبێت بۆیان، لە تاوان و لە ئیشی نایاسایی؟
هێرۆ جەلال: بێگومان بە گشتی چ پیاو و چ ژن، باسی خانمان دەکەین بە تایبەتی، بەڵام بە گشتی هەر کەسێک لە هەر وڵاتێکدا بژیت، زمان بزانێت، لەگەڵ ئاشنا بێت بە یاسای وڵاتەکەدا، بە تایبەتی یاسای تاوان، هەرگیز بە لای تاوانکردندا ناچێت، من خۆم وەکو ئەزموونێکی زیندووی خۆم، بەڵام بەداخەوە بەریتانیا چەندەها جار بەداخەوە هیچ یارمەتیدەر نییە بۆ ئیشکردنی ئافرەتان، بۆ چوونە دەرەوەی ئافرەتان، بۆ زمان خوێندن، ئێمە لە کاتێکدا هاتووین خۆم 20 ساڵە لەم وڵاتەم، ئەو کاتە خوێندن بە فری بووە، بەبێ بەرامبەر بووە، بەڵام ئافرەتانی ئێستا کەیان بە ڤیزەیان، ڤیزەی دە ساڵیان دەهێنێت، لەوانەیە مێردەکەی ئەو توانا ماددەیەی نەبێت، پارەی هەبێت بچێت لەسەر حیسابی خۆی بخوێنێت چونکە ئابووری بەریتانیا بە عەقارێکدا رۆشتووە زۆر بە ئاقارێکی قورسدا رۆشتووە، ئەوەش یانی بڵێین قورساییەکی زۆر زۆرە بۆ ئافرەت، ئەوە بۆ ناحیەی زمان، بۆ ناحیەی یاسا، بە تایبەت یاسای تاوان، من خۆم ئێستا وەکو هەر ئەزموونێکی زیندووی خۆم کە ئێستا لە بوارەکەدا کە ئیش دەکەم لە نەخۆسخانە پۆلیسی و یاساکان دەزانم زۆر زۆر زۆر بە ئەستەم، زۆر زۆر بە زەحمەت کە بە لای شتێکدا بچم کە بە حاڵ تۆزێک ئەوەی لێ بنیشێت کە پۆلیسی نەبێت، کەواتە خۆ رۆشنبیرکردنی خۆیان، چوونە دەرەوە لە ماڵ، ئەویش زەحمەتی ئەوەی هەیە منداڵەکان کێ ئاگای لێیان بێت، یانی بوار کەمە، چونکە کەسوکار نییە، خوشکە دایکە چاوی لە مناڵ بێت ئەم شتانە، یانی حەز ناکەم زۆر لەسەری بڕۆم بەڵام پەیوەندی زیاتر بە یاسای سیستەمی بەریتانیاوە هەیە، سیستەمی بەریتانیا حەزانە و ئەوانەی مناڵیان لێ دادەنێی زۆر زۆر گرانە بۆ ئافرەتانی ئێمە، زۆر زۆر زەحمەتە بکەوێتەوە سەر پێی خۆی، یاسا و سیستەمی بەریتانیا یارمەتیدەر نییە، من بەقەد جەنگێک جەنگاوم، بەقەد جەنگاوەرێک جەنگاوم تاوەکو توانیومە، یانی زۆر زۆر زەحمەتە، بەڵام لەگەڵ ئەو زەحمەتەشدا دەتوانین بڵێین مستەحیل نییە، یانی ئەوە نییە بڵێین ئەستەم بێکەن، دەتوانێت، دەبێت یەکەم لە زمان فێر بێت، ئەوە حەدیسی پێغەمبەرە (دروودی خوای لەسەر بێت) "من علی لسان قوم أمن شرهم" - هەر کەسێک زمانی نەتەوەیەکی دیکە بزانێت لە شەڕاکێزیان بە دوور دەبێت، ئەمین دەبێت، یەکەم زمانیان بزانی، ئینگیلیزیش خۆی من زۆر نەگەڕاوم بۆ وڵاتانی ئەورووپایە بە حوکمی ئیش و منداڵ و زەحمەت و بابی دۆخی ژیان، بەڵام هەست دەکەم وڵاتەکانی کە ئاسانکاری زیاتر دەکەن بۆ زمان، بەڵام زۆر زۆر پێی خۆشە کە زمانی قسە دەکەیت، نازانم وڵاتەکانی کە ئەوان جەنابی لە ئەڵمانیاییت ئەگەر وابن، زۆر پێیان خۆشە کە قسە دەکەیت بە زمانیان، هەست دەکەن تۆ ئینجا کەسێکی دەڵێن فەرموو بۆ ناو خێزانەکەمان، بۆ ناو ئەو خێزانەی بە ئینگلیزی قسە دەکەن، ئینجا لە هەست و شعور و و کێشەکانت تێدەگەن، ئەمە یەکەم زمان، خۆ ئاشناکردن بە یاسا، بەڵام من زۆر زۆر زۆر گەشبینم بۆ لەمەودوامان بە جدی نەک وەکو بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی بە واقیع و بەڕاستی، لەبەر ئەوەی من تاوەکو ئێستا کە لەسەر سۆشیال میدیام ئافرەتێکم لەسەر سۆشیال میدیا و خەڵکێکی واتە بڵێین تێکەڵم لەگەڵ کۆمەڵگای کوردیدا، زۆر زۆر رێکخراوەکان هەرچی بۆ نموونە سەباتی رێک بە پێی توانا ئەگەر بتوانم بەشدارە بم، ئەم دوو سێ ساڵەی ئاخیر پارێزەرەکانمان کەوتوونەتە سەر سوشیال میدیا، ئاشنا دەکەنەوە، ئاگادارمان دەکەنەوە، باسی یاساکان دەکەن، خاسەن باسی یاسای تاوانەکان دەکەن وەکو دەڵێی مەکە، بۆ نموونە حەز ناکەم درێژەشی بدەمێ، مناڵێک پێی دەڵێی ئەگەر تۆ مەسەلەن ئەمڕۆ بە کوردی خۆمان "هۆم وۆرک" پێی دەڵێن چی؟ ئەمڕۆ ئەگەر سەعیەکەت نەکەی، ئیشەکەت نەکەی، نابەمە دەرەوە، کەواتە ئەو کەسە دەبێت بزانێت ئەگەر ئەو شتە نەکات ئەو شتەی دەست ناکەوێت یان جەزایەکی هەیە، زەریبەیەکی هەیە، تاوان ئەو شتە ناکات، ئەگەر کوردی ئێمە لەم وڵاتەدا، تەئکیدم بە بۆنەی پارێزەرەکانەوە کەسی وەکو کاک گەنجۆ، کاک هاوژین، هەموو ئەوانەی کە لەسەر سۆشیال میدیان و شتی راستی و دروستی بڵاو دەکەنەوە، هەست ناکەم ناوی یەک بە یەکیان لەوانەیە نەزانم، ناوی یەک بە یەکیان ئەگەر بزانن یاسای تاوانەکە چ یاسایەکی لە دواوەیە، دڵنیام هەرگیز ئەو تاوانە ناکەن.
رووداو: با قسەیەکی خێریش بکەین، لە زۆر شوێن ئەو ئەزموونە هەبووە کە دیاسپۆرایەکی نوێ دەچێت سەرەتا کێشەی زۆری هەیە بە تایبەتی لە بابەتی تاوانکاری، ئیتاڵییەکان لە ئەمریکا چەند فیلم تاوەکو ئێستاش دروست دەکرێت ئیتاڵی تێیدا تاوان دەکات، بەڵام ئێستا لە ئەمریکا ئیتاڵی یانی فەرقیان نییە لەگەڵ ئەوانەی دیکەی کە لەنێو ئەو کۆمەڵگایەدان، چونکە ئینتەگرە بوون، گونجان، خۆیان گونجاند، ئێستا ژمارەن راستە، چی بکرێ، چی بکرێ بۆ ئەوەی ئەم قۆناخی راگوزەرەی کە باسی دەکەین، ئەم شۆکەی کە هەیە کورتتر ببێتەوە لە رووی یاساییەوە؟
گەنجۆ غەفوور: لە رووی یاسایەوە، پێم وایە نەک لە رووی یاسایەوە پێم وایە هەر کەسێک کە دێت بۆ ئێرە هەوڵ بدات خۆی دروست بکات، خۆی بنیادنێت، چۆن لە رووی مادییەکەوە باس ناکەم، باس ناکەم کە بێت بۆ ئێرە بۆ نموونە ئەگەر نیازی دەبێت گەڕێتەوە بۆ کوردستان چەند دەفتەر دۆلاری پێ دەبێت، بخوێنێ، خۆی پێ بگەیەنێ، چونکە خوێندنەکەی لە هەم لێرە سوودی لێ دەبینێ، هەمیش کە گەڕایەوە، چونکە چەندین کەسمان بینیومانە لەوانەیە بە دەیان دەفتەر دۆلاری پێوە بێت کە گەڕابێتەوە بۆ کوردستان بۆ ئەوەی لەوێ نیشتەجێ بێت، بەڵام هیچ نانەهاتووە، لێرە خوێندوویەتە ئێستا لە کوردستان لە شوێنی زۆر هەستیارە، بێگومان، بێگومان، بێگومان، ئاخر جا مەبەستەکە لەوەیە سوودی هەر ئەوەی نییە کە مادییەکەت پێدەگەیەنێت، لە داهاتووشدا دەتکاتە کەسێکی بەرهەمدار بۆ کۆمەڵگا، بۆیە پێم وایە هەر کەسێکیش کە بیر و باوەڕی بەوە بێت کە خۆی پێ بگەیەنێت و لە رێگەی خوێندنیشەوە، چونکە بەڕاستی لە کوردستان لەوانەیە ئێستا کە باسی دەکەین خوێندن یانی گرنگییەکی ئەوتۆی پێ نەدرێت لە لایەن خەڵکەوە، چونکە دەبینن کە خەڵک تەکەرج دەکات کە ئیشی دەست ناکەوێت، نادامەزرێت، بەڵام لێرە وانییە، لێرە ئەگەر هەرچۆنێک بێت لێرە کە تۆ خوێندنت تەواو کرد، دەتوانی لە پارەیەکی کەمەوە دەست پێ بکەیت، بەڵام وردە وردە دەگەیتە قۆناخێک کە ئەو کاتەی کە تۆ دەچیت بە پاکەتفرۆشتن پارە پەیدار دەکەیت، ئەوەندە دەست دەکەوێت لەوانەیە ئەو کاتە بە رێگای یاسایی و زۆر بە ئیسراحەتتریش ئەو پارەیە دەستکەوێتەوە.
رووداو: نموونەش هەیە، ئەمە قسەی ئایا وەکو دەڵێم نموونەیی نییە، بۆ ئەوەی دڵی گەنجی ئێرە خۆش بکەین، نموونە هەیە کە خەڵک توانیت زۆر سەرکەوتوو بێت لێرە بە خوێندن، مامۆستا محەممەد ، ماشەڵڵا بۆ خۆت زۆر ئەرێنیت، بە خەمی هەر کەسێک قسەی لەگەڵ دەکەم لێرە مامۆستا محەممەد یەکسەر دەزانێت خەم دەخوات، یەکێک لە نەخۆشخانەیە خەریکە بمرێ خۆت خۆتی دەگەیەنێ لەگەڵ هاوڕێکانت بۆ ئەوەی بێ کەس نەمرێ، کورد گەنجێک تاوانی کردووە من جارەکانی تریش هاتووم بینیومانە کێشەی لە زیندان هەیە یا شتێکی وایە یارمەتییان دەدەیت یارمەتیی یاسایی وەربگرن، دەزانم ئەمانە هەمووی کراون، دوای ئەو گفتوگۆیە کە کرا وەی کە گوێت لە رای ئەو بەڕێزانە بوو، دڵنیام رۆژانەش ئەو گفتوگۆیانە دەکەن، ئەنجامگیرەکە با لای تۆ بێت، چی بکرێت؟
محەممەد جەلال بەرزنجی: هەر هاتنی جەنابتان بۆ ئێرە بەشێکە لە ئەنجام بۆ ئێمە، چونکە ئێمە دەمانەوێت چارەسەر بدۆزین، ئەمە بەشێکە لە چارەسەر ئێمە بە خەڵکی خۆمان بڵێن ئاگاتان لە خۆتان بێت لە رێگەی کەناڵەکەی ئێوەوە، ئاگاتان لە خۆتان بێت وێنەکەی ئێمە تێکچووە، دەمانەوێت چاکی کەین، ئێمە لەناو کۆمەڵەی کوردیی بەریتانیا لەگەڵ ئەوانەی تریش کە لە دەرەوەی ئێمەن و هاوسۆزن لەگەڵ رەوەندی کوردیدا لە بەریتانیا، لەو ماوەی دوو هەفتەی پێشوو کە ئەم حاڵەتانە روویداوە بە بەردەوامی لەسەر خەتین لەگەڵیان، بە بەردەوامی خەریکی پلاندانانین بۆ جوانترکردن، لە سەرەتا لە لای حکومەت دواتر لە لای میدیاکانی بەریتانیا و ئەوجا لە ناوخۆشمان بە شێوازی کۆڕ و سیمینار و ئەوانە خەریکین ئێستا، یەکێک لەو کارانەی کە دەمانەوێت لە ئاستی حکومەتدا بیکەین لەگەڵ "کورد فۆ لەیبەر" (Kurds for Labour) - کە لەیبەر واتە حکومەت، پارتی کرێکاران، بەڵێ ئەوان حکومەتن و ئەم وڵاتە بەڕێوە دەبەن.
رووداو: گرنگە بیڵێن کورد فۆ لەیبەر ئەو کوردانەن کە دەنگ دەدەن بە پارتی کرێکاران، گروپێکی بەهێزن ئێستا لەنێو ئەو پارتەدا.
محەممەد جەلال بەرزنجی: بەڵێ دەستخۆش بۆ ئەو پێناسەیە، لەڕاستیدا ئەمن خۆم یەکێکم لە ئەندامانی دامەزرێنەری کورد فۆ لەیبەر، لەوێشت یارمەتی باشیان دەدەین و دەمانەوێت لەو رێگەوە خۆشبەختانە کاک سەرباز بەرزنجی بەرپرسیەتی بەرپرسی کورد فۆ لەیبەرە، دەمانەوێت لەو رێگەوە بە هاوکاری لەگەڵ کۆمەڵەی کوردی بەریتانیا چەند وەزیرێک بانگ کەین، چەند ئەندام پەرلەمانێک بانگهێشت بکەین و کەسی نوخبەی ئەم وڵاتە بانگهێشت بکەین، تێیانگەیەنین پێگەی کوردیان لە بەریتانیا پیشان بدەین، کەم خەستەخانە هەیە کوردی تێیان دەبێت بە دکتۆر و بە نێرس و بەوانەی ترەوە، کەم قوتابخانە هەیە مامۆستای کوردی تێیان دەبێت یان "تیچەر ئەسیستن" یان یارمەتیدەری مامۆستای تێیان دەبێت، پارێزەرمان بەر بەلێشاو لەشکری، یانی ئەتوانم بڵێم لەشکرییەکمان لە خەڵکی ئازا خستووەتە ناو بەریتانیا وەکو کورد، پرۆفیسۆرمان هەیە لە ئۆکسفۆرد، دەبێت ئەوەش بڵێین، ئێمە لە ناو کورددا لە ناو بەریتانیا ئێمە کاری زۆر گەورەمان کردووە، بۆیە وەکو وتم ناوبانگی ئێمە دەمانەوێت بهێنینەوە سەر خۆی و گرووتینێکی وای پێداوین، ئەم ئەمەی کە هەبوو ئەمەی بی بی سی ، دەتوانم بڵێم وەکو زیلەیەکی میهرەبانی بوو وا دراوە لە ئێمە، ئێمە دەبێت نەک بچینەوە ئاستی خۆمان، دەبێت بە کرداری وڵاتی بەریتانیا تێبگەیەنین کە کورد ئەوە نییە و بینیتان.
رووداو: ئەمە بەریتانیامان تێگەیاند، بەڵام گەنجەکانمان دەبێت لێرە چی بکەین؟ بۆ گەنجەکانیش جەنابی گوتمان هیچ ئاگرێک بێ دووکەڵ نییە، باسیشمان کرد دووکەڵەکە هەیە.
محەممەد جەلال بەرزنجی: راستە، لە راستیدا ئێمە لە رابردوو من یەک نموونەی دوێنێ ئامارەکەم کۆ کردووە، ئێمە لە مانگی دوازدە ئامارەکان دەکەینەوە کە چالاکیمان چی کردووە لە سەرەتای بڵێین لە یەکی جەنیوەریی 2025ـەوە تاوەکو ئامادەکردنی ئەم دیدارە لەگەڵ جەنابدا، ئێمە 2121 چالاکیی جۆراوجۆرمان لەسەر ئاستی هەموو بەریتانیا کردووە، چالاکی ئێمەش بۆ کێ دەخوات؟ نە بۆ پاکستانی و نە بۆ عەرەبە و نە بۆ نەتەوەی دیکەیە، بۆ رەوەندی کوردییە لە ناو بەریتانیا، یەکێک لەوانەی کە هەمانە لەمەودوا وشیاری یاساییە، دەمانەوێت سیمینارەکانمان زیاتر تۆکمە دەکەین لەسەر وشیاری یاسایی، وشیاری خێزانی کە بەداخەوە خێزانەکانیش لەو ئاراستەوە و بێبەش نین لە کەموکوڕی، وهۆشیاری ئەو گەنجانەمان کە تازە هاتوونەتە ئێرە، چۆن دەڵێی رێگەیەکی بخەین لەگەڵ یاسای بەریتانیایە، ئەوەی کە جەنابی دکتۆر لە سەرەتاوە گوتی، ئەوەی کە دێتە ئەم وڵاتە و بەئازایی دەیزانێت پارە پەیاکە بە نایاسایی، تێی بگەیەنین کە تۆ پارە پەیدا دەکەیت بە نایاسایی توشی ئەم جۆرە حاڵەتانە دەبیت، بۆیە ئێمە دزێواندنی ئەم دیاردەیە لەنێو کۆمەڵگای کوردی لە بەریتانیا ئەمە کاری لەسەر دەکەین، بۆیە من دەمەوێت ئەوە بڵێم لە کۆمەڵەی کوردی بەریتانیا لە رابردوو، لە ئێستا، لە داهاتوو نە پشت لە رەوەندی کوردی دەکات، وە لەگەڵ حکومەتیش هەیە، یەک زەروورێک قسە لە بەرنامەکەی جەنابتدا بڵێم، لەولا و لەوێ رەخنەیەک دەگیرێ لە کۆمەڵەی کوردی دەڵێن بۆ لە پارتی دەسەڵاتدار نزیکن؟ ئێمە شانازی پێوە دەکەین کە پارتی دەسەڵاتدار کە "لەیبەر"ە حوکمڕانی ئەم وڵاتەیە، هیچ نەبێ حەسابمان بووە کە لەگەڵمان دادەنیشن، وەزیرەکانیان، ئەندام پەرلەمانەکانیان، ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکانیان گوێمان لێ دەگرن، ئێمە لە رێگەی ئەوانەوە دەتوانین چارەسەری کێشەکانی خۆمان بکەین لای ئەوان، بۆیە ئێمە ئەو نزیکییە وا دەکەین بەکاری بێنینەوە بۆ خزمەتی رەوەندی کوردی لە وڵاتی بەریتانیا، ئەگەرچی پارتی دەسەڵاتداریش بێکەم و کوڕی نییە کاک هێمن، تۆ سەیر کە ئەم ئیشانەی ئێستا ئەم دەیکا ئەمە درێژە پێدەری حکومەتی پێشووە، حکومەتی پێشوو خەڵکی دەناردە رواندا، خەڵکی دەناردەوە بۆ لە سەردەمی "پریتی پاتێل" و لە سەردەمی "ریکی سوناک" کە دەیاندە بۆ رواندا و فەرەنسا، حکومەتی ئێستا بەڵێ سەرۆک وەزیرانی پێشوو وەزیری ناوخۆی پێشوو پریتی پاتێل، ئێستا وەزیری ناوخۆی ئێستا کە هەر لە خۆمانە، ئەو قسەیەک هەیە دەڵێت "داروتوویەتی"، قسەیەک هەیە دەڵێت داروتوویەتی بۆ دەمبڕی؟ بە تەوری وتووە گلەیی کلکەکەی، بۆ دەمبڕیت؟ وتووە ئەگەر کلکەکەی لە خۆم نەبوایە هەرگیز نەیدەتوانی بمبڕێ، ئێمەش چاودێری ئەم وڵاتە بکە، سەیری مێژووی ئەم وڵاتە بکە، ئەو بڕیارانەی کە حەساسن بەرامبەر بە پەنابەر و پەناخواز دەری دەکەن، زیاتر ئەو کەسانەن کە رەچەڵەکی پەنابەرییان و پەناخوازییان هەیە، بۆیە ئێستا ئەم خاتونەش کە "شەبانە مەحموود" وەزیری ناوخۆی بەریتانیایە، ئەمەی کە ئێستا کردوویەتی ئێمەش گلەییمان لێ هەیە و نووسراوی فەرمیمان ئامادە کردووە.
رووداو: گلەیشتان لیدەکەن، بۆچی دەنگیان نییە کەواتە کردووتانە.
محەممەد جەلال بەرزنجی: نووسراوی فەرمیمان ئامادەیە لە هەفتەی داهاتوو دەچێتە بەردەم وەزیری ناوخۆی بەریتانیا و هەموو هەوڵێکی خۆشمان دەدەین، وەی وێنە راستەقینەکەی کورد لەم وڵاتە جارێکی دیکە پێشکێش بکەین بە وڵاتی بەریتانیا بکەیەنەوە.
رووداو: زۆر زۆر سوپاست دەکەم مامۆستا محەممەد جەلال بەرزنجی سەرۆکی کۆمەڵەی کوردی لە بەریتانیا، کاک گەنجۆ غەفوور پارێزەر و راوێژکاری پەنابەری، دکتۆر عەلی محەممەد زەڵمی توێژەر مامۆستای زانکۆ و نووسەری کتێبێکی گرانبەها ئەگەر ویستتان کتێبەکەتان دەستکەوێت "عەلی زەڵمی"، زەڵمییەکە بە (y)ـی کۆتاییەکەی ئینگلیزییە چونکە زانم زۆربەتان وا لە دووی دەگەڕێن منیش سەرەتا وام کردە وا دەیدۆزنەوە، هەر وا خانم هێرۆ جەلال پەرستار کە لەگەڵ من بوو، زۆر زۆر سوپاس گوێتان لێبوو چارەسەرەکان چین، کێشەکان چین، چارەسەرەکانیش چین بۆ دیاسپۆرای کوردی لە بەریتانیا، گرنگە وەکو ئەوەی کە من لە میوانە بەڕێزەکانیشم تێگەیشتم، دایک و باوکانی کوردیش ئەوەی کە لە چارەسەرەکاندا باسمان نەکرد، لە کوردستاندا ئاگاتان لێبێت گوشار لەسەر منداڵەکانتان دروست مەکەن، لێرە هەندێک جار نەتیجەکەی ئاوای لێدێت بەڕێیەکی بە لاڕێدا دەڕۆن، ئەوانەی لێرەن بزانن وردە وردە لەنێو کۆمەڵگای کوردی، دیاسپۆرای کوردی لێرە کاری نایاسایی دەدزێوێندرێت، خۆتان گوێتان لێیە پلان هەیە و بۆ ئێوەش باش نییە بدزێوێندرێن، کەواتە دوورکەوتنەوەتان لە تاوان رەنگە خزمەتێکی گەورە هەم بە کوردستان و هەم بە کوردی بکات، زۆر زۆر سوپاستان دەکەم کە لەگەڵمان بوون تاوەکو دیاسپۆرای هەفتەی داهاتوو لە هەر کوێ بن بێ بەڵا بن.