حەمادە بۆ مەزڵووم عەبدی: بەردەوام دەبین لە پەیوەندی لەگەڵ هەموو لایەنەکانی سووریا
رووداو دیجیتاڵ
ئەبی حەمادە، کۆنگرێسمانی ئەمریکی و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە پەیوەندییەکی ڤیدیۆییدا قسەیان کرد. تێیدا فەرماندە کوردەکە سوپاسی ئەمریکای کرد بۆ هەڵگرتنی سزاکان لەسەر سووریا و کۆنگرێسمانەکەش دەستخۆشی لەو کرد بۆ "پەیڕەوکردنی دیپلۆماسیەتێکی سەرکەوتووانە لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق و ئەنقەرە."
رۆژی هەینی، 21ی تشرینی دووەمی 2025، نووسینگەی راگەیاندنی ئەندامەکەی کۆنگرێس لە ئێکس بڵاویکردەوە، حەمادە و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە ڤیدیۆ پەیوەندییەکانیان کرد.
لەو پەیوەندییەدا فەرماندەی گشتیی هەسەدە دوایین زانیارییەکانی سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی تەرمی کایلا مولەر، چالاکڤانی مافەکانی مرۆڤ بە کۆنگرێسمانە ئەمریکییەکەدا. مولەر ساڵی 2013 لەلایەن داعشەوە بە بارمتە گیرا و ساڵی 2015 کوشتیان.
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات سوپاسی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای کرد بۆ هەڵگرتنی سزاکان لەسەر سووریا و "داوای پاڵپشتی بەردەوامی ئەمریکای بۆ هەبوونی حکومەتێکی فرەلایەن" لە سووریا کرد. حەمادەش دەستخۆشی لە عەبدی کرد بۆ پەیڕەوکردنی "دیپلۆماسییەتێکی سەرکەتوو" لەگەڵ دیمەشق و ئەنقەرە بۆ پاراستنی یەکگرتوویی خاکی سووریا.
حوزەیرانی ئەم ساڵ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی سەرۆکایەتی بۆ لابردنی سزاکانی سەر سووریا دەرکرد و رۆژی 1ی تەممووزیش چووە واری جێبەجێکردنەوە.
حەمادە گوتی: "بەردەوام دەبین لە پەیوەندی لەگەڵ هەموو لایەنەکانی سووریا بۆ گەیشتن بە ئاشتی".
کانوونی یەکەمی پار، دەستەی تەحریر شام و گرووپە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکەی ئەو کاتی سووریا حکومەتی ئەسەدیان رووخاند و حکومەتێکی کاتییان دامەزراند. باکوور و رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەش لەژێر دەستی هەسەدەیە، کە بە ئیدارەی خۆسەر ناودەبرێت.