بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا بۆ جارێکی دیکە رێکنەکەوتن

رووداو دیجیتاڵ

لە دوادەرفەتێکی دیکە کە رۆژی یەکشەممە بوو، بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا نەیانتوانی لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەبردنی کاروباری بازرگانی نێوانیان لە ساڵی داهاتوودا بگەنە رێککەوتن.
 
بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا  رۆژی یەکشەممەیان وەک دوا دەرفەت دانابوو، بەڵام کێشەکانی نێوان هەردوولا بە چارەسەرنەکراویی ماونەتەوە.
 
بەریتانیا ئەوروپییەکان تۆمەتباردەکات کە ئامادە نین نەرمی بنوێنن و دەڵێن خۆیان بۆ جیابوونەوەی بێ رێککەوتن ئامادەکردووە. مات هانگۆک، وەزیری تەندروستی بەریتانیا رایگەیاند، کە داواکارییەکانی ئەوروپییەکان لۆژیکی نییە و داوای لێکردن کە سازش بکەن.
 
گەورەترین کێشەی نێوان بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا کێشەی راوەماسی و چۆنییەتی دانانی یاسا و رێسایە بۆ ئەوەی مافی کۆمپانیاکان پارێزراوبێت.
 
بەریتانیا رایگەیاندووە چ رێکبکەون یان رێکنەکەون لەگەڵ ئەوروپییەکان ئەوان هەر سەرەتای ساڵی داهاتوو لە یەکێتیی ئەوروپا بە تەواوەتی جیادەبنەوە.
 
مات هانگۆک، وەزیری تەندروستی بەریتانیا گوتی: " من دڵنیام کە دەکرێت رێککەوتنێک بەدەست بێت. بەڵام زۆر ئاشکرایە کە ئەو رێککەوتنە پێویستیی بە جووڵەی لایەنی ئەوروپی هەیە. من سیاسەتوانێکی پراکتیکیم و دەمەوێت رێککەوتن بکرێت. بەڵام لەوەش دڵنیام کە داواکارییەکانی ئەوروپا نالۆژیکین و ناکرێت پەسەندبکرێن."