بۆ یەکەم جار ژنێکی نیڤشکان گەشتی بۆشایی ئاسمانی کرد
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی شەممە، خانمە ئەندازیارێکی ئەڵمانی بووە یەکەم کەسی نیڤشکان کە کورسیی تایەدار بەکاردێنێت، بچێتە بۆشایی ئاسمان. گەشتەکە لە رێگەی مووشەکێکی کۆمپانیای بلوو ئۆریجنەوە کرا.
کۆمپانیاکە جێف بیزۆس، ملیاردێری ئەمریکی خاوەندارێتی دەکات، کاژێر 08:15ـی بەیانی بەکاتی ناوخۆ، کە دەکاتە 6:15ی ئێوارە بە کاتی هەولێر، مووشەکەکەی لە ویلایەتی تێکساسەوە هەڵدا.
مایکێلا بێنتاوس، کە ئەندازیاری ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەورووپایە، یەکێک بوو لە سەرنشینەکان و لە گەشتەکەدا کە نزیکەی 10 خولەکی خایاند، گەیشتە بۆشایی ئاسمان.
مایکێلا پێشتر بەهۆی رووداوێکی پاسکیلسوارییەوە لە دڕکە پەتکیدا تووشی پێکان بووە و ئێستا قاچەکانی ئیفلیج بوون و کورسیی تایەدار بەکاردەهێنێت.
مایکێلا لە ڤیدیۆیەکدا دەڵێت: "دوای رووداوەکە تێگەیشتم جیهان هێشتا بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان گونجاو نییە و دەستیان بە هەموو شوێنێک ناگات. ئەگەر دەمانەوێت کۆمەڵگەیەکی گشتگیرمان هەبێت، دەبێت لە هەموو روویەکەوە وا بێت، نەک تەنیا لەو بەشانەی ئێمە حەزمان لێیە."
ئەم خانمە ئەڵمانییە خاوەن پێداویستیی تایبەتە. بۆ یەکەم جار گەشتێکی بۆ بۆشایی ئاسمان کرد و بە 10 خولەک گەیشت pic.twitter.com/GdOqgtmEAD
— Rudaw (@Rudawkurdish) December 21, 2025
دوای ئەوەی مووشەکەکە هەڵدرا، کەپسوولەکەی، واتە ئەو بەشەی گەشتیارەکانی تێدابوو، جیابووەوە، دواتریش بە هێواشی بە پەڕەشوت لە بیابانەکانی تێکساس نیشتەوە.
لە هەڵدان تاوەکو نیشتنەوە، گەشتەکە تەنیا 10 خولەکی پێچوو.
ئەمە 16ـیەمین گەشتی کۆمپانیاکە بوو کە مرۆڤ بنێرێتە بۆشایی. بلوو ئۆریجن چەند ساڵێکە بۆ مەبەستی گەشتوگوزار گەشت بۆ بۆشایی ئاسمان رێکدەخات و پێشتر کەسانی بەنێوبانگی وەکو کەیتی پێریی گۆرانیبێژ و ئەکتەرە بەنێوبانگەکان بەشدارییان تێدا کردووە.
جارێد ئیساکمان، سەرۆکی نوێی ناسا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا پیرۆزبایی لە مایکێلا کرد و گوتی: "ملیۆنان کەست هاندا بۆ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە کە هەموو شتێک دەتوانرێت بکرێت".
کۆمپانیای بلوو ئۆریجن کێبڕکێی کۆمپانیاکانی دیکەی وەک سپەیس ئێکس دەکات و ئەمساڵ دوو گەشتی دیکەی سەرکەوتووی بە مووشەکە گەورەکەی، نیو گلێن، کردووە.