گالیسکەی ناسا لەسەر مەریخ بێ یارمەتیی مرۆڤ درێژترین مەودا دەبڕێت


رووداو دیجیتاڵ

پێتوایە ئۆتۆمبێلی خۆهاژۆ واتە بێ شۆفێر شتێکی سەرسوڕهێنەرە؟ باشە، بیهێنە پێش چاوی خۆت گالیسکەیەکی خۆهاژۆ لەسەر هەسارەیەک هەبێت کە سەدان ملیۆن کیلۆمەتر لێمانەوە دوورە.

ناسا رایگەیاند، گالیسکەی پێرسێڤێرەنسی سەر مەریخ، کارێکی سەرسوڕهێنەری لەڕووی خۆڕاگری و پشتبەخۆبەستەوە کردووە.
 
لە ماوەی چوار کاژێر و 24 خولەکدا، ئەم رۆبۆتە بچووکە بوێرە توانیویەتی 411 مەتر ببڕێت. ئەمە درێژترین مەودایە گالیسکەیەکی سەر مەریخ لە یەک رۆژی مەریخیدا بڕیبێتی. نەک هەر ئەوە، بەڵکو ئەم کارەی بێ یارمەتیی مرۆڤ کردووە.
 
گالیسکەکە چۆن ئەم کارەی کرد؟
 
گالیسکەکە تاڕادەیەکی زۆر سەربەخۆیە. زانایان لەسەر زەوی تەنیا شوێنی مەبەستی بۆ دیاری دەکەن، بەڵام نەرمەواڵای رێدۆزیی (Navigation System) رۆبۆتەکە خۆی رێگەی خۆی دیاری دەکات.
 
ناسا روونیکردووەتەوە: "ئەندازیاران بە وردی پلانی هەموو رۆژێکی چالاکییەکانی گالیسکەکە لەسەر مەریخ دادەنێن، بەڵام کاتێک گالیسکەکە دەست بە لێخوڕین دەکات، بە تەنیا دەبێت و هەندێک جار دەبێت کاردانەوەی بۆ بەربەستی چاوەڕواننەکراو لەسەر رووی مەریخ هەبێت."
 
سیستمی رێدۆزیی پێشکەوتوو
 
یەکێک لە ئامرازەکانی رێدۆزیی گالیسکەکە، سیستمێکی پێشکەوتووە کە دەتوانێت تاوەکو 50 پێ لەپێش خۆیەوە بەربەست و مەترسییەکان ببینێت و بە خۆکارانە رێگەی خۆی بگۆڕێت.
 
زانایەک دەڵێت: "زیاتر لە 90%ی گەشتەکەی پێرسێڤێرەنس پشتی بە خۆهاژۆیی بەستووە، کە ئەمەش وایکردووە بتوانێت بە خێرایی نموونەی جۆراوجۆری خاکی مەریخ کۆبکاتەوە."
 
گالیسکەکە دوو ریکۆردی شکاندن
 
جگە لە بڕینی درێژترین مەودا لە یەک رۆژدا، گالیسکەی پێرسێڤێرەنس گەیشتووەتە قۆناخێکی دیکەش. دوای نزیکەی پێنج ساڵ لە گەڕان بەسەر هەسارە سوورەکەدا، ئێستا 40 کیلۆمەتری بڕیوە.
 
بە یارمەتیی نەرمەواڵای سەربەخۆ، زانایان هیوادارن کە گالیسکەکە لانیکەم 60 کیلۆمەتری دیکەش ببڕێت.
 
زانایەک دەڵێت: "کاتێک مرۆڤ لە داهاتوودا دەچێتە سەر مانگ و تەنانەت مەریخیش، خۆهاژۆتنی دوورمەودای ئامێرەکان گرنگتر دەبێت بۆ گەڕان بەنێو ئەم جیهانانەدا."