لەدوای خۆپیشاندانی جووتیاران 50 تۆن پەتاتە و پاشماوە لە شەقامەکانی برۆکسل هەڵگیرانەوە

رووداو دیجیتاڵ

دوای خۆپیشاندانەکەی رۆژی پێنجشەممەی جووتیاران لە برۆکسل، کە تێیدا سەدان تراکتۆر لە شەقامەکانی شارەکە کۆبوونەوە، زیاتر لە 50 تۆن پەتاتە و پاشماوە لە شەقامەکان هەڵگیرانەوە. 
 
پێش ئەوەی هەڵبگیرێنەوە، هەندێ لە هاووڵاتییانی پایتەختی بەلجیکا، بە کیس، پەتاتە بەکەڵکهاتووەکانیان بردنەوە ماڵەوە. 
 
بەهۆی زۆریی پاشماوەکانەوە، فەرمانگەی پاککردنەوەی برۆکسل رێوشوێنی تایبەتی گرتەبەر و لە رێگەی سەنتەری قەیرانەکانی شارەکەوە چاودێریی دۆخەکەی دەکرد.
 
 یەکەم هەڵمەتی پاککردنەوە لە رۆژی پێنجشەممەوە دەستیپێکرد و بە درێژایی خۆپێشاندانەکان، تیمەکان بەردەوام بوون لە کارکردن.
 
هەڵمەتەکە زیاتر ئەو رێگایانەی گرتەوە، کە تراکتۆرەکان لێیانەوە هاتبوون.
 
تیمەکانی پاککردنەوە بڕێکی زۆری پەتاتە، چەوەندەر، کا، گیا هەروەها تایەی سووتاو و تەنەکەی خۆڵیان لە شەقامەکان لابردن، کە ببوونە هۆی ئەوەی بەشێک لە شەقامەکان بە تەواوی بەکەڵکی هاتووچۆ نەیەن.
 
لە خۆپیشاندانەکەدا پۆلیس شەش کەسی دەستگیرکرد و حەوت کەسی دیکەشی بە بڕیاری دادوەر راگرتووە، هەروەها چوار ئەفسەری پۆلیسیش بریندار بوون. گوتەبێژی پۆلیسی برۆکسل رایگەیاند: "زیانە ماددییەکان یەکجار زۆرن."
 
ئەو گوتەبێژە گوتیشی: "نزیکەی 12 دەمامکی دژەگاز و کڵاوێکی ئاسن تێکشکێنراون، هەروەها دەیان پارچە جلوبەرگی سەربازی، قەڵخان و کڵاو زیانیان بەرکەوتووە و پیس بوون. ئۆتۆمبێلێکی خزمەتگوزاریش دوای ئەوەی تراکتۆرێک لێیدا، زیانی بەرکەوت". 
 
هێشتا قەبارەی زیانی بەربەستە ئەمنییەکان کە تراکتۆرەکان خۆیان پێدا کێشاوە، نەخەمڵێندراوە.
 
هەڵسەنگاندن بۆ زیانەکانی دیکەش دەکرێت، لەوانە شکاندن یان لێکردنەوەی هێماکانی هاتووچۆ، شکاندنی پەنجەرە و تێکچوونی قیری شەقامەکان بەهۆی ئاگرکردنەوەوە.
 
خۆپیشاندانەکە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی لووتکەی یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسل کە دوو رۆژی خایەند. جووتیاران بۆ دژایەتیکردنی سیاسەتی کشتوکاڵیی یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسل کۆببوونەوە، بەتایبەتی دژی رێککەوتنی پێشنیازکراوی بازرگانیی ئازاد لەگەڵ هاوپەیمانیی مێرکۆسۆری ئەمریکای باشوور کە وڵاتانی ئەرجەنتین، بەرازیل، پاراگوای و ئۆرۆگوای لەخۆدەگرێت. جووتیارانی ئەورووپا ترسیان هەیە واژۆکردنی ئەو رێککەوتنە ببێتە هۆی دروستبوونی کێبڕکێیەکی ناڕەوا.
 
بڕیاربوو ئۆرسێلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا کۆتایی ئەم هەفتەیە بچێتە بەرازیل بۆ واژۆکردنی رێککەوتنەکە کە ماوەی 25 ساڵە کاری لەسەر دەکرێت و دەبێتە گەورەترین رێککەوتنی یەکێتیی ئەورووپا لەڕووی کەمکردنەوەی باجەوە، بەڵام سەرکردەکانی یەکێتییەکە رۆژی پێنجشەممە رێککەوتن لەسەر ئەوەی واژۆکردنەکە بۆ مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو دوا بخەن.
 
فەرەنسا و ئیتاڵیا هەردووکیان داوای دواخستنی رێککەوتنەکەیان کردبوو. ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دوای کۆبوونەوەکە رایگەیاند، هێشتا زووە بڵێن ئایا وڵاتەکەی دەتوانێت لە مانگی کانوونی دووەمدا رەزامەندی لەسەر رێککەوتنەکە بدات یان نا.