لە ئەفریقای باشوور چەکداران 9 کەسیان کوشت
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی یەکشەممە پۆلیسی ئەفریقای باشوور رایگەیاند، ژمارەیەک چەکدار لە نزیک جۆهانسبێرگ 9 کەسیان کوشتووە و 10 کەسی دیکەشیان بریندار کردووە.
رووداوەکە لە ناوچەی بێکەرسدال بووە کە نزیکەی 40 کیلۆمەتر لە جۆهانسبێرگەوە دوورە. سەرەتا تەقەکردنەکە لەنێو مەیخانەیەک بووە و دواتر لەسەر شەقام بەردەوام بووە.
پۆلیس لە ئامارێکی نوێدا رایگەیاند، ژمارەی کوژراوەکان9 کەسە، دوای ئەوەی سەرەتا گوترابوو 10 کەس کوژراون.
پۆلیس دەڵێت: "بەشێک لە قوربانییەکان لەسەر شەقام و بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لەلایەن چەکدارە نەناسراوەکانەوە کوژراون."
گوتەبێژێکی پۆلیس ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا زانیاریی وردیان لەسەر ناسنامەی تەقەکەرەکان نییە و هۆکاری هێرشەکەش نازانرێت، بەڵام ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ دەستگیرکردنیان دەستپێکردووە.
ئەفریقای باشوور یەکێکە لەو وڵاتانەی رێژەی تاوان تێیدا بەرزە و گرووپە تاوانکارییەکان تێیدا چالاکن. هەرچەندە زۆر لە هاووڵاتییان مۆڵەتی هەڵگرتنی چەکیان هەیە بۆ بەرگریکردن لە خۆیان، بەڵام ژمارەیەکی زۆر چەکی نایاساییش لەنێو خەڵکدا هەیە.
تەنیا لە 6ی ئەم مانگەدا، چەکداران لە پریتۆریا هێرشیان کردە سەر ماڵێک و 11 کەسیان کوشت، کە منداڵێکی تەمەن سێ ساڵانیان لەنێودابوو.
بەگوێرەی ئامارەکانی پۆلیس، لەنێوان مانگەکانی نیسان و ئەیلوولی ساڵی 2025ـدا، رۆژانە نزیکەی 63 کەس بەهۆی توندوتیژیی چەکدارییەوە لەو وڵاتە کوژراون.