کرێملین: هیچ ئامادەکارییەک بۆ گفتوگۆی سێقۆڵی لەنێوان ئەمریکا، ئۆکراینا و رووسیا نییە
رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی کرێملین رەتیکردەوە کە هیچ گفتوگۆیەکی "سێقۆڵی" لە نێوان رووسیا، ئۆکراینا و ئەمریکا لە بەرنامەدا بێت، ئەمەش لەکاتێکدایە دیپلۆماتکاران لە شاری مەیامی ئەمریکا کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی رێگەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بدۆزنەوە.
رۆژێک پێشتر، ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاندبوو کە واشنتن پێشنیازی کردووە کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی بکرێت. ئەگەر ئەمە رووبدات، دەبێتە یەکەم دانیشتنی رووبەڕووی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا. بەڵام زیلینسکی گومانی هەبوو لەوەی کۆبوونەوەکە هیچ ئەنجامێکی هەبێت.
یوری ئوشاکۆڤ، راوێژکاری ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بۆ سیاسەتی دەرەوە رایگەیاند: "تا ئێستا هیچ کەسێک بە رژدی باسی لەم بابەتە نەکردووە و بەپێی زانیارییەکانی من، هیچ ئامادەکارییەکیش بۆ شتی وا نییە."
زیلینسکی گوتبووی پێدەچێت نوێنەرانی ئەورووپاش بەشداری کۆبوونەوەکان بکەن و ئەمریکای هاندا کە گوشارەکانی بۆ سەر رووسیا زیاتر بکات.
کۆبوونەوەکانی مەیامی
کیریل دیمیترێڤ، نوێنەری رووسیا رۆژی شەممە گەیشتە مەیامی. تیمەکانی ئۆکراینا و ئەورووپاش لە رۆژی هەینییەوە لەوێن. گفتوگۆکان بە نێوەندگیریی ستیڤ ویتکۆف نێردەی ئەمریکا و جارید کوشنەر، زاواکەی ترەمپ بەڕێوەدەچن.
بڕیارە نوێنەرەکەی رووسیا دوای کۆبوونەوەکان بگەڕێتەوە مۆسکۆ و راپۆرتی خۆی بە کرێملین بدات، بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو بدەن.
پەیوەندییەکانی پووتین و ماکرۆن
نزیکەی 4 ساڵە جەنگەکە بەردەوامە و پەیوەندییەکان لە ئاستێکی زۆر خراپدان. لەگەڵ ئەوەشدا، گوتەبێژی کرێملین رایگەیاند، پووتین ئامادەیە قسە لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە. نووسینگەی ماکرۆنیش پێشوازی لەم هەڵوێستە کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئۆکراینا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیویەتی: "تەنیا لە ماوەی هەفتەی رابردوودا رووسیا نزیکەی هەزار و 300 درۆن، هەزار و 200 بۆمب و 9 مووشەکی جۆراوجۆری گرتووەتە ئۆکراینا،" لە ئەنجامدا ناوچەی ئۆدێسا زۆرترین زیانی بەرکەوتووە.