كۆسۆڤۆ دوای 12 ساڵ سەربەخۆیی
رووداو - پریشتینا
لەبەرامبەر ئەو باڵەخانەیەی جاران ئۆفیسی سەرەكیی نەتەوە یەكگرتووەكان بووە لە كۆسۆڤۆ، پەیكەرێك و وێنەیەكی گەورە دانراون. پەیكەرەكە هی مادلین ئۆڵبرایت، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریكایە، ئەو ژنەی لە سەردەمی سەرۆك بێل كلینتندا بە هەوڵە دیپلۆماسییەكانی گەلی كۆسۆڤۆی لە قڕكردن پاراست. كاتێك بەسەر پەیكەری ئۆڵبرایتدا چاو هەڵدەبڕی، وێنەیەكی گەورەی پیاوێكی ریشدار دەبینی كە بە دیواری سەر دەرگای گەورەی یاریگای نێودەوڵەتیی پریشتیناوە هەڵواسراوە. ئەو پیاوە ئادەم یەشارییە كە قارەمانێكی سەردەمی خەباتی چەكدارییە و كۆسۆڤۆییەكان وەكو گیڤارای خۆیان تەماشای دەكەن. لەو یاریگایەی جاران تەنیا بۆ یارییە لۆكاڵییەكانی نێو یۆگۆسلاڤیا بەكاردەهات، لە ماوەی رابردوودا هەردوو هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و كۆسۆڤۆ یارییان كردووە. كۆسۆڤۆیەك كە دوازدە ساڵە سەربەخۆیی جاڕداوە و لە سربیا جیابووەتەوە، هێشتا نەیتوانیوە ببێتە ئەندامی نەتەوە یەكگرتووەكان. ئەو كۆسۆڤۆیەی بۆ من وەك كوردێك ئەزموونێكی دەوڵەمەندی هەیە بۆ ئەوەی لێیەوە فێربین.
زۆرتر لە سەت ئەندامی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دانیان بە دەوڵەتی سەربەخۆی كۆسۆڤۆدا ناوە، بەڵام بەهۆی دانپێدانەنانی رووسیا و سربیا و چین و ئیسپانیا و هەندێك وڵاتی دیكە، هێشتا نەبووەتە ئەندام. لە شەقامەكانی زۆربەی شارەكانی كۆسۆڤۆ چوار ئاڵا دەبینرێن: ئاڵای ئەمریكا، ئاڵای یەكێتیی ئەوروپا، ئاڵای ئەلبانیا و ئاڵا نوێیەكەی دەوڵەتی كۆسۆڤۆ. هەموو كۆسۆڤۆییەك خۆی بە قەرزداری ئەمریكا دەزانێت. لە جوانترین و بەرزترین شوێنی شاری پریشتینا باڵەخانەیەكی زۆر گەورەی شووشەیی هەیە كە باڵیۆزخانەی ئەمریكای تێدایە. ئەمە دروست بەپێچەوانەی باڵەخانەی باڵیۆزخانەكانی دیكەی ئەمریكایە لە وڵاتانی جیهان كە هەمیشە لەپشت دیوارە بەرزەكان و بە رێوشوێنی تەناهیی توند دەپارێزرێن. لەنێو شاری پریشتینا تەنیا پەیكەری مادلین ئۆڵبرایت نا، بەڵكو پەیكەرێكی زۆر گەورەی بیل كلینتنیش هەیە كە وێنە و ئاڵایەكی زۆر گەورەی ئەمریكا سێبەری بەسەردا كردووە. بازرگانێكی كۆسۆڤۆیی فورسەتی لەو خۆشەویستییە بێسنوورە هێناوە و لە تەنیشت پەیكەرەكەی كلینتن، دوكانێكی جلوبەرگی خانمانی بەناوی هیلارییەوە داناوە. كۆسۆڤۆییەكان دەڵێن ئەوكاتەی هیلاری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بوو، جارێك بە سەردان چووەتە ئەو دووكانە و هەندێك جلیشی لێ كڕیوە.
موسوڵمانە ئەوروپییەكان
كۆسۆڤۆییەكان زۆرینەیان موسوڵمانن. بۆیەش لە هەموو شار و گوندێكی ئەو وڵاتە مزگەوت و منارە دەبینرێت و دەنگی بانگی ئەڵڵاهوئەكبەر دەبیسترێ، بەڵام هیچ شتێكیان لە موسوڵمانی هیچ جێگەیەكی دیكەی جیهان ناچێت و بەتەواوەتی هەستدەكەیت لە وڵاتێكی ئەوروپایت. لە سەردەمی عوسمانییەكاندا ئێرە ویلایەتێكی تایبەت بووە بەناوی (قۆسۆوە). دوای دەركردنی عوسمانییەكان لەلایەن كۆسۆڤۆییەكانەوە، ساڵانێكی درێژ كەوتنە ژێردەستی كریستیانە سربەكان و دواتریش بوونە بەشێك لە یۆگۆسلاڤیا، بەڵام وەك هیچیەك لە كۆمارە فیدراڵییەكانی نێو یۆگۆسلاڤیا مامەڵەیان لەگەڵ نەكرا و پشتگوێخران و تەنیا ئۆتۆنۆمییەكی سنوورداریان پێدان. ئەوانیش خەباتی مەدەنی و چەكدارییان كرد و گەیشتنە سەربەخۆیی. لەگەڵ ئەوەشدا كۆسۆڤۆییەكان زۆر خۆیان بە ئەوروپی دەزانن. هەر لە پۆشینی جلوبەرگەوە بگرە تا دەگاتە ژیانی نێوماڵ و تەنانەت بازاڕیشیان بە تەواوەتی ئەوروپییە. لە كۆمەڵگەی ئەواندا ئایین و سیاسەت لێك جیاكراونەتەوە، بۆیە هیچ پارتێكی ئیسلامییان نییە كە لە پەرلەماندا حیسابی بۆ بكرێ. لە ماوەی رابردوودا چەند كەسێكیان چووبوونە نێو داعش، بەڵام لەنێو كۆسۆڤۆ جێگەی ئەو بیركردنەوانە نابێتەوە و لەگەڵ هەر كەسێك قسەم كردووە، گاڵتەی بەوە دەهات كە كۆسۆڤۆییەك بچێ لە سووریا یان عێراق خۆی بۆ داعش بەكوشت بدات.
گەندەڵیی كەمتر لە كوردستان
كۆسۆڤۆ زۆر هەوڵدەدات ببێتە ئەندام لە یەكێتیی ئەوروپا. گەنجانی كۆسۆڤۆیی بەلایەنی كەمەوە یان ئەڵمانی یان ئینگلیزی دەزانن، بەڵام ئەو یەكێتییە لە راپۆرتە ساڵانەكانی خۆیدا بە بەردەوامی گلەیی ئەوەی لە كۆسۆڤۆ هەیە كە نەیتوانیوە گەندەڵی بنبڕ بكات. خەباتكارانی سەردەمی شاخ لە قۆناغی پاش سەربەخۆییدا دەستیان بە گەندەڵی كردووە و خزم خزمێنە دەكەن، بەڵام گەندەڵییەكەیان زۆر كەمترە لەوەی ئێمەی كورد پێی راهاتووین. هەریەكە لە ناتۆ و یەكێتیی ئەوروپا و دامەزراوە ئەوروپییەكان بە دەسەڵاتەوە لەنێو كۆسۆڤۆ چاودێریی پێشڤەچوونی ئەو وڵاتە دەكەن، بۆیەش بەرپرسەكانیان ناچارن ئەگەر گەندەڵیش بكەن، زۆر وریایانە و بەدزییەوە بیكەن.
یەكێك لەو خاڵانەی وەك گەندەڵی لێكدەدرێتەوە، پەیوەندیی نێوان بەرپرسانی كۆسۆڤۆ و كوڕی هەندێك لە بەرپرسانی باڵای توركیایە لە بواری بازرگانیدا كە لێرە زۆر باسی دەكرێت. بەشێكی گرنگی ژێرخانی كۆسۆڤۆ، وەكو وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا و فڕۆكەخانە و جادە خێراكان و زۆر پرۆژەی دیكە لەلایەن توركەكانەوە جێبەجێكراون. لەگەڵ ئەوەشدا لە هەڵبژاردنەكانی ئەمدواییەدا ئەو بەرپرسانەی ئەو پەیوەندییانەیان هەیە دەرنەچوونەوە و ئۆپۆزیسیۆن بردییەوە. حیزبەكانی ئێرە لەبەرئەوەی سوپای تایبەت بەخۆیان نییە و لە یەكەم رۆژی خەبات بۆ سەربەخۆییشەوە یەك سوپای یەكگرتووی ناحیزبی شەڕی كردووە، بۆیە هیچ حیزبێك ناتوانێ بە هێزی چەكداری هەڕەشە لە دیموكراسییەكەیان بكات.
ناوچە ناكۆكی لەسەرەكانی كۆسۆڤۆ
زۆرینەی دانیشتووانی كۆسۆڤۆ ئەلبانین، بەڵام لە باكووری ئەو وڵاتە سربییەكان و ئەلبانییەكان پێكەوە دەژین. شارە ئەلبانینشینەكان دوای بیست ساڵ لە ئازادی شۆڕشی گەورەی ئاوەدانكارییان تێدا كراوە و خانوو و شوققە و جادەوبان و مۆڵی مۆدێرن و بە كواڵیتیی بەرزیان تێدا دروستكراوە. كاتێك چوومە باكووری كۆسۆڤۆ، لە ناوچە سربییەكان دۆخێكی پێچەوانەم بینی. ناوچەیەكی پشتگوێخراو كە بەردەوام شەڕ و پێكدادانی لێیە و هێزێكی ناتۆ بە بەردەوامی لەوێیە بۆ پاراستنی ئاشتی. لە شاری مێترۆڤیجا پردێك ئەلبانی و سربەكان لەیەكدی جیادەكاتەوە. لەسەر ئەو پردە شەڕی زۆر روویداوە. بۆیەش كاتێك ویستمان لەوێوە بپەڕینەوە بۆ دیوی سربیی شارەكە، هێزەكەی ناتۆ ناسنامەی میدیاڤانییان لێوەرگرتین و وێنەیان گرت و پێشیانگوتین ئاگامان لە خۆمان بێت. لەمبەری پردەكە پەیكەری فەرماندەیەكی سەربازیی ئەلبانی بە ئاڵای ئەلبانیاوە رووی لە بەشە سربییەكەیە. لەوبەری پردەكە پەیكەرێكی گەورەی مەسیح بەرامبەر بەشە ئەلبانییەكە دانراوە و لیستێكی ناوی ئەو كوژراوانەش دانراوە كە سربییەكان دەڵێن بەدەستی ئەلبانییەكان كوژراون. پیرەپیاوێكی سربی لەنزیك پەیكەرەكە پێیگوتم: "ئێمە قەت ئایندەمان پێكەوە نابێت". وەرگێڕەكەم بۆی باسكردم كە چۆن حكومەتی سربیا ئێستاش مووچە سربییەكانی ئەو ناوچەیە دەنێرێ بۆ ئەوەی نەچنە ژێر فەرمانی دەوڵەتی كۆسۆڤۆ و دانی پێدانەنێن و هەر خۆیان بە بەشێك لە سربیا بزانن. لەو نێوانەدا میترۆڤیچا بووەتە شارێكی پڕ لە كەلاوە و هەژاری.
شاری دایكە تێرێزا
پریشتینا وەك شاری دایكە تێرێزا تەماشا دەكرێت. ئەلبانییەكان زۆر شانازی بەوەوە دەكەن كە ئایین نەبووەتە هۆی لێكجیاكردنەوەیان. بۆیەش لە هەندێك ماڵباتدا ئەلبانییەكی موسوڵمان و ئەلبانییەكی كریستیان هاوسەرگیرییان كردووە و هەردووكیشیان وەكو یەك خەونی دروستكردنی ئەلبانیای مەزنیان هەیە كە لە كۆماری ئەلبانیا و كۆماری كۆسۆڤۆ و بەشێكی باكووری مەكەدۆنیا و ئەو ناوچانەی دیكەی باڵكان پێكدێت كە ئەلبانییەكان تێیدا دەژین. تەنانەت لە سەردەمی خەباتی چەكداریشدا سوپای ئازادی كۆسۆڤۆ فەرماندە و گەریلای زۆری كریستیانی هەبوون. سربیا زۆر هەوڵدەدات بەهۆی كڵێسای ئەرتۆدۆكسیی سربییەوە كریستیانەكانی كۆسۆڤۆ قایل بكات بەوەی دژی سەربەخۆیی بوەستنەوە، بەڵام ئەرتۆدۆكسە ئەلبانییەكان ئەوە رەتدەكەنەوە. كێشەی موڵكدارێتیی كڵێسا سربییەكان لە كۆسۆڤۆ یەكێكی دیكەیە لەو كێشانەی تاوەكو ئێستاش لەنێوان كۆسۆڤۆ و سربیادا یەكلایی نەبووەتەوە.
بایەخ بە گەنج دەدەن
هەرچەندە ژیانێكی مۆدێرن و پڕ لە خۆشگوزەرانی لە شەقامەكانی پریشتینا دەبینی، بەڵام زۆرینەی گەنجەكانی ئەو وڵاتە گیرفانیان بەتاڵە. ئەو وڵاتە سامانی سروشتیی وەكو نەوتی نییە، بەڵام ژێر خاكەكەی پڕە لە كانزای دیكە كە لە پیشەسازییە مۆدێرنەكانی وەكو دروستكردنی مۆبایل و ئۆتۆمبێلسازیدا بەكاردێن. جگە لەوەش كارگەی گەورەی شەراب و خواردنەوەی دیكە لە كۆسۆڤۆ هەن. كۆسۆڤۆییەكانی دیاسپۆرا یارمەتییەكی گەورەی وڵاتە تازە سەربەخۆبووەكەیان دەدەن و وەبەرهێنانی زۆر لە وڵاتی خۆیاندا دەكەن. دەوڵەتیش پشتیوانییان دەكات و ئاسانكارییان بۆ دەكات. ئەو گەنجانەی كۆسۆڤۆ دەرفەتیان هێناوە لە زۆر بواردا لە جیهان ناویان بۆ خۆیان دروستكردووە، بەتایبەتیش لە بواری گۆرانی گوتندا. بەڵام بەوەوە نەوەستاون و دەیانەوێ وڵاتەكەیان لە بواری خزمەتگوزاری و داهێنانی زانستیشدا ئیشی گەورە بۆ جیهان بكات. بۆیە زۆر لە كۆمپانیاكانی جیهان، ناوەندەكانیان دەهێننە كۆسۆڤۆ. لە سەنتەرێكیشدا كە لە پریشتینا سەردانم كرد، داهێنانی گەورەی زانستی دەكرێن و بەناوی كۆسۆڤۆوە لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكاندا تۆمار دەكرێن.
بۆ زانیاریی زۆرتر لەسەر كۆسۆڤۆ، بەرنامەی گەڕیدە لە تەلەڤیزیۆن و پۆرتاڵی رووداو ببینە. چوارشەممە، كاژێر 21:30 بەكاتی هەولێر.