وەزیری بەرگریی بەریتانیا بۆ پووتین: چاودێریی کەشتییە سیخوڕییەکەت دەکەین و دەزانین خەریکی چیت

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری بەرگریی بەریتانیا هۆشداریی دەداتە رووسیا و دەڵێت، هێزەکانمان چاودێریی "کەشتییەکی سیخوڕیی" ئەو وڵاتە دەکەن. وەزیرەکە روو لە پووتین دەکات و دەڵێت "دەتبینین و دەزانین خەریکی چیت."
 
رۆژی چوارشەممە (22-01-2025) جۆن هیلی، وەزیری بەرگریی بەریتانیا لە پەرلەمانی وڵاتەکەیەوە پەیامێکی ئاراستەی رووسیا کرد.
 
هیلی گوتی، هێزی شاهانەی دەریایی بەریتانیا "چاودێریی کەشتییەکی سیخوڕیی رووسیای کردووە، کە بە سنووری ئاویی بەریتانیادا تێپەڕیوە. کەشتیی یانتار بۆ کۆکردنەوەی هەواڵگری و زانیاریی نەخشەی ژێرخانە گرنگە ژێرئاوییەکانی بەریتانیا بەکارهاتووە."
 
وەزیری بەرگریی بەریتانیا پەیامێکی ئاراستەی پووتین کرد و گوتی "دەمەوێت سەرۆک پووتین ئەم پەیامەی گوێ لێبێت ' ئێمە دەتبینین، دەزانین خەریکی چیت، دوودڵ نابین لەوەی هەنگاوی بەهێز بۆ پاراستنی وڵاتەکەمان بگرینەبەر."
 
هیلی بە پەرلەمانتارانی گوت، کەشتییە رووسییەکە رۆژی دووشەممە (20-01-2025) چووەتە نێو سنوورە ئاوییەکانی بەریتانیا و 72 کیلۆمەتر لە کەناراوی وڵاتەکە دووربووە. "هێزی شاهانەی دەریایی دوو کەشتییان بۆ چاودێریکردن نارد و دەرکەوت کەشتییەکە بە مەبەستەوە لە دەورووبەری ژێرخانی گرنگی ژێرئاویی بەریتانیا ماوەتەوە."
 
لەبارەی ئاراستەی ئێستای کەشتییەکە، هیلی گوتی، ئێستا لە دەریای باکوورە و لە سنووریی ئاویی بەریتانیا دەرچووە.
 
دەریای باکوور دەکەوێتە نێوان هەریەک لە وڵاتەکانی بەریتانیا، دانمارک، نەرویج، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، بەلجیکا و فەرەنسا. دەریاکە لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە دەڕژێتە نێو زەریای ئەتلانتیک.
 
لە پەرلەمانی بەریتانیا، وەزیری بەرگریی وڵاتەکە ئاشکرای کرد، سەرەتا کەشتییەکە لە تشرینی دووەمی 2024 دەستنیشانکرا و ئەمە دووەمجارە لە سنووری بەریتانیا دەبینرێت.
 
کەشتییە جەنگییەکانی بەریتانیا چەند جارێکی دیکە چاودێریی کەشتییە رووسییەکانیان کردووە.
 
سەرەتای ئەم مانگە، هێزی شاهانەی دەریایی رایگەیاند، لە مانگی کانوونی یەکەمی 2024، کەشتیی سۆمەرسێتی بەریتانی چاودێریی گرووپێک کەشتیی هێزی دەریایی رووسییان دەکرد، کە لە دەریای باکوورەوە بەرەو نۆکەندی ئینگلیز دەڕۆیشت.
 
لە ئەیلوولی پار، کەشتییە جەنگییەکانی هێزی شاهانەی بەریتانیا، لە نزیکەوە چاودێریی چوار کەشتیی رووسییان دەکرد کە سنووریی ئاویی بەریتانیایان بەزاندبوو.