نێردەی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست: چاودێریی ئاگربەستی غەززە دەکەم

رووداو دیجیتاڵ

نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێت، سەردانی ناوچەکە دەکات بۆ ئەوەی بەشداری لە پشکنین و چاودێریی جێبەجێکردنی ئاگربەستی غەززە بکات.
 
رۆژی چوارشەممە، 22-01-2025 ستیڤ ویتکۆف، نێردەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی گوتی، سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات، بۆ ئەوەی لەگەڵ تیمێکی نێردراو بۆ نێو غەززە و دەوروبەری، چاودێریی جێبەجێکردنی ئاگربەستی غەززە بکەن.
 
ویتکۆف بە میدیای ئەمریکای گوت: "بە نیازم بچمە ئیسرائیل، لە رێڕەوی نێتزاریم و فیلادیلفیا دەبمە بەشێک لە تیمێکی پشکنین."
 
ویتکۆف باسی لەوە کرد، هەموو وڵاتەکانی دیکەی ناوچەکە دەتوانن دەست بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل بکەن. داوا لە ویتکۆف کرا ناوی وڵاتەکان بڵێت و گوتی: "قەتەر، رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە سەرکەوتنی ئاگربەستی غەززە."
 
نێردەی ترەمپ گوتیشی، جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە قورس دەبێت.
 
رێڕەوی نێتزاریم بەنێوەڕاستی غەززە تێدەپەڕێت و لە رۆژهەڵاتەوە و بۆ رۆژئاوای کەرتەکە درێژ دەبێتەوە. ئیسرائیل ئەو رێڕەوەی کۆنتڕۆڵکرد بۆ ئەوەی رێگە لە جووڵە و هاتووچۆی غەززەییەکان لە نێوان باکوور و باشووری کەرتەکە بگرن. فیلادێلفیا رێڕەوێکی تەسکی نێوان غەززە و میسرە لە باشووری کەرتەکە.
 
ویتکۆف گوتی: "سەرپەرشتیاران لەوێ دەبن، بۆ ئەوەی دڵنیابن کە خەڵک سەلامەتە، هیچ چەکدارێک ناچنە ژوورەوە و هیچ کەسێک نیازێکی خراپی نییە."
 
لێدوانی ویتکۆف دەرخەری ئەوەیە کە ئەمریکا راستەوخۆ دەبێتە بەشێک لە پاراستن و هێشتنەوەی رێککەوتنەکەی نێوان حەماس و ئیسرائیل. ویتکۆف باسی ئەوەی نەکرد کێ یان چ وڵاتێکی دیکە بەشداریی لەو تیمە دەکەن.
 
ئاگربەستی غەززە رۆژی یەکشەممە 19-01-2025، دەستیپێکرد. قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکە قسەی کۆتایی لەسەر کراوە و 42 رۆژ دەخایەنێت. ئێستا جەنگ وەستاوە، رێگەی چوونەژوورەوەی هاوکاری کراوەتەوە، سێ بارمتە و 90 بەندکراوی فەلەستینی ئازادکراون. بڕیارە 30 بارمتەی دیکە ئازاد بکرێن. هێشتا هیچ دانوستاندنێک لەسەر قۆناخی دووەم نەکراوە.