سەرۆک بارزانی: ئیتاڵیا زۆر گرنگی بە رۆژئاوای کوردستان دەدات و بەڵێنی پشتگیری پێداین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی لە ئیتاڵیاوە پاڵپشتیی خۆی بۆ رۆژئاوای کوردستان دەردەبڕی و دەڵێ، ''هەر شتێک پێویست بێت بۆ پاراستنی کەرامەتی گەلی کوردستان ئێمە ئامادەین بیکەین''.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22-01-2026، سەرۆک مەسعود بارزانی لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ ئیتاڵیا، لەگەڵ گويدۆ كرۆسێتۆ، وهزيرى بهرگريى وڵاتەکە کۆبووەوە و دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''کوبوونەوەکەمان زۆر باش بوو، بێگومان جەنابی وەزیر دۆستێکی زۆر بەڕێز و نزیکی گەلی کوردستانە.''
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەیان کرد و گوتی، ''باسی دۆخی رۆژئاوای کوردستان و هەموو دۆخێکمان کرد. بێگومان زۆر ئاگادارن و بە هەموو لایەک هەوڵ دەدەین کە شەڕ بەوستێنین و خەڵکی کوردستان تووشی ئێش و ئازار و دەستدرێژی نەبن.''
چەندین رۆژە سوپای عەرەبیی سووریا هێرش دەکاتە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و بەشێک لە سنوورەکەی داگیر کردووە. سەرۆک بارزانی دەڵێت، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیاش جەختی لەوە کردووەتەوە کە زۆر گرنگی بە دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان دەدەن و بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیی گەلی کورد.
سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە، ''بۆ ئێمە لە هەموو شتێک پیرۆزتر کەرامەت و هەبوونی کوردە، هەر شتێک پێویست بێت بۆ پاراستنی کەرامەتی گەلی کوردستان ئێمە ئامادەین بیکەین.''
سەرۆک بارزانی لە وەڵامی پرسیاری ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو سەبارەت بە ئەنجامی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئیتاڵیا گوتی: ''گفتوگۆکانمان لە ئیتاڵیا زۆر باش بوون، سۆزێکی زۆر هەیە، لێکتێگەیشتنی باش هەیە و دۆستی ئێمەن. بەڵێنیان پێداوین کە پشتیوانیمان دەکەن و هاوکارمان دەبن.''
سەرۆک بارزانی باسی لە پەیوەندیی تەلەفۆنیی خۆی لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئەمیری قەتەر و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا کرد سەبارەت بە شەڕی هەسەدە و سوپای عەرەبیی سووریا و ئاماژەی دا، ''بەردەوام لەگەڵ برا کوردەکانیشمان لە سووریا لە پەیوەندیداین. هەموو هەولێک ئەوەیە کە شەڕ تەشەنە نەکات، فراوانتر نەبێ، ئەوەی کە هەیە بوەستێت. ناوچەی کوردی لەوێ پارێزراو بێ و خەڵکی ئێمە کەرامەتیان پارێزراو بێت. ئێمە تاوەکو دوایین هەناسە هەوڵ بۆ ئەوە دەدەین. ئینشائەڵڵا بە خۆشی کێشەکە چارەسەر بکرێ.''
سەرۆک بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، ''ئەوان (سەرۆکی سووریا و ئەمیری قەتەر) بەڵێنیان داوە کە بە هیچ شێوەیەک رێگە نەدەن ببێتە شەڕی کورد و عەرەب و کەرامەتی کورد دەپارێزن و ئاگاداری دۆخەکە دەبن.''
سەرۆک بارزانی لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیاوە پەیامێکی بۆ گەلی کورد نارد و گوتی، ''یەکەم جار سڵاوم هەیە بۆ هەموو خەڵکی کوردستان و دڵنیا بن تەنانەت ئەگەر بکەونە ژێر گوشارێکی لەڕادەبەدەریش، گەلی کوردستان هەر دەمێنێت و بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەین کە خەڵکی کوردستان بەتایبەتی لە رۆژئاوا پارێزراو بن.''
سەرۆک بارزانی چارەسەرکردنی کێشە و گرژییەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان لە رێگەی ئاشتییانە بە باشترین بژاردە دەزانێت و دەڵێت، ''باشترە هەموو لایەک هەوڵ بدەن شەڕەکە بوەستێت، ناوچەی کوردی لەوێ پارێزراو بێت و بگەنە رێککەوتنێک لەنێوام خۆیان.''
سەرۆک بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، دڵی لەگەڵ خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و ''هەموو هەوڵێک دەدەین کە یارمەتیدەر بین، بۆ ئەوەی کەرامەتیان پارێزرا بێت.''
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکانی سەرۆک بارزانیدا لە ئیتاڵیا و ڤاتیکان، دۆخی سیاسی و دواپێشهاتەکانی عێراق، ناوچەکە و هەڕەشەکانی سەر داهاتووی ناوچەکە، بەتایبەتی سووریا، تاوتوێ کران. هەروەها پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڤاتیکان و ئیتاڵیا تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکان بوون.