بەریتانیا داوای راگرتنی شەڕ لە رۆژئاوای کوردستان دەکات و پەیوەندیی بە دیمەشق و هەسەدەوە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی پەرەسەندنەکانی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەردەبڕێت و ئاشکرای دەکات، بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان پەیوەندیی بە حکومەتی سووریا و نوێنەری تایبەتیشیان پەیوەندیی بە فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـەوە کردووە.
لە وەڵامی نامەیەکی ئازاد دێوانی، چالاکڤانی مافی مرۆڤدا کە وێنەیەکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاندووە: "ئێمە زۆر نیگەرانین لە پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە باکووری سووریا."
وەزارەتەکە ئاشکرای کردووە کە لە 20ی کانوونی دووەمدا، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا قسەی لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کردووە و "داوای لێکردووە حکومەتی سووریا پابەندی ئاگربەست بێت، کۆتایی بە تووندوتیژیی زیاتر بهێنێت و مافەکانی کورد بپارێزێت."
هەروەها جەختی لە گرنگیی داڕشتنی پلانێکی روون کردووەتەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاسایشی کەمپ و زیندانەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا.
هاوکات، ئان سنۆو، نوێنەری تایبەتی بەریتانیا بۆ کاروباری سووریا، لە هەمان رۆژدا پەیوەندیی بە جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە کردووە، "بۆ ئەوەی باشتر لە دۆخی مەیدانی تێبگات و جەخت لەسەر پێویستیی کەمکردنەوەی گرژییەکان و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆی فەرمی بکاتەوە."
پێشتر هامیش فاڵکۆنەر، وەزیری کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بەریتانیا، لە 20ی کانوونی دووەمدا بە فەرمی داوای "کەمکردنەوەی گرژییەکان، راگرتنی پێشڕەویی هێزەکانی حکومەتی سووریا بۆ باکووری رۆژهەڵات، و رێگەدان بە گەیشتنی بێ بەربەستی هاوکارییە مرۆییەکان" کردبوو.
لەبارەی هاوکارییە مرۆییەکانەوە، لە نامەکەدا هاتووە: "بەریتانیا بودجە دابین دەکات و لەگەڵ هاوبەشە مرۆییەکانیدا کار دەکات بۆ ناردنی تیمی پزیشکی و دابینکردنی خۆراک، شوێنی حەوانەوە، پێداویستیی زستانە و پارەی نەختینە بۆ ئەو کەسانەی بەهۆی توندوتیژی و ئاوارەییەوە زیانیان بەرکەوتووە."
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا جەختی لەوە کردووەتەوە کە "بەردەوام پشتگیری لە کۆمەڵگە کوردییەکان لە تورکیا، ئێران، عێراق و هەروەها لە سووریا و گرووپەکانی دیاسپۆرا دەکات و کار بۆ بەهێزکردنی مافەکانیان دەکات."
نامەکە دووپاتی دەکاتەوە کە: "تاکە رێگە بۆ داهاتوویەکی باشتر بۆ سووریا، پرۆسەیەکی سیاسیی گشتگیر، نوێنەرایەتیکەر و ناتایفییە کە رێز لە مافی هەموو سوورییەکان بگرێت."