کوردێک لە کەنەدا بە تۆمەتی 'راکێشانی خەڵک بۆ نێو داعش' دادگایی دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەکی باشووری کوردستان بەناوی ئاسۆ پشدەری لە کەنەدا بە تۆمەتی "راکێشانی خەڵک بۆ نێو داعش" دادگایی دەکرێت، ئەمە بە گوێرەی بەڵگەنامە دادوەرییەکان کە رۆژی سێشەممە لە لایەن میدیای کەنەدییەوە وردەکارییەکەی بڵاوکراوەتەوە. 
 
ئاسۆ پشدەری پێشتر لە شاری ئۆتاوای پایتەختی کەنەدا ژیاوە؛ ماوەی هەشت ساڵە بە تۆمەتی پشتیوانی لە "تیرۆر" دەستگیرکراوە. ئاسۆ پێشتر رەتیدەکردەوە دان بەو تاوانانەدا بنێت کە دراونەتە پاڵی، بەڵام ئێستا داوای لە دادگەی هەرێمی ئۆنتاریۆ کردووە کە دەیەوێت لە بەردەم دادوەر ئامادە بێت و دان بەو تاوانانەدا بنێت، بۆ ئەوەی دواتر بڕیار لەسەر سزاکەی بدرێت. 
 
سۆلۆمۆن فرایدمان، پارێزەری یاسایی تۆمەتبارەکە لە نووسراوێکدا بۆ دادگەکە رایگەیاندووە، ئاسۆ دەیەوێت دادگاییکردنەکەی بەردەوام بێت بۆ ئەوەی دان بە هەموو ئەو تۆمەتانەدا بنێت، کە ئاراستەی کراون. 
 
ئاسۆ پشدەری لە ساڵی 2015 لە لایەن یەکەی ئاسایشی نیشتمانیی سەر بە پۆلیسی شاهانەی کەنەداوە بە تۆمەتی دەستێکەڵکردن لەگەڵ دوو ئەندامی کەنەدیی داعش بە ناوەکانی جۆن ماگوایر و خەزە خەزر خالد دەستگیرکرا. 
 
ئەو دوو هاووڵاتییە کەنەدییە لە دەوروبەری ساڵی 2012 چوونەتە سووریا و ئێستا لە لیستی داواکراوانی کەنەدادان، بەڵام دەگوترێت کوژراون. ئاسۆ پشدەری تۆمەتبارە بە دابینکردنی پارە بۆ گەشتەکەیان. 
 
پۆلیسی شاهانەی کەنەدا دەڵێت، دوای لێکۆڵینەوەی چڕ، بەو ئەنجامە گەیشتوون کە ئەو دوو کەسە یەکەمینی کەنەدا بوون بچنە نێو تۆڕێکی تیرۆرستی. 
 
پۆلیس لە کاتی دەستگیرکردنی ئاسۆ پشدەریدا گوتی: "پشدەری پشتیوانیی دارایی دابینکردووە بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ چوونە نێو داعش بکات. ئەوانی دیکەش گەشتیانکردووەتە دەرەوە بۆ ئەوەی ببنە ئەندامی داعش."