رووداو دەچێتە کامپی کۆمەڵکوژیی ئاوشڤیتیزی پۆڵۆنیا؛ کوردستان سوود لە ئەزموونی وڵاتەکە وەردەگرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

لە چلەکانی سەدەی رابردوودا، خەڵک بە شەمەندەفەر بەکۆمەڵ دەبرانە کەمپی کۆمەڵکوژیی ئاوشڤیتز. قوربانییەکان بریتی بوون لە زیندانییانی سۆڤیەت، قەرەجە بێ وڵاتەکانی ئەورووپا، بەرهەڵستکارانی پۆڵەندی و ژمارەیەکی زۆر جوو، کە سەرەڕای جیاوازیی شێوازەکانی کوشتن وەکو خنکاندن بە غاز، لەسێدارەدان یان گولـلەبارانکردن، هەموویان رووبەڕووی یەک چارەنووس بوونەوە.
 
ئاوشڤیتز، ئێستا بووەتە مۆزەخانەیەکی گەورەو مێژووی زیاتر لە 1 ملیۆن مرۆڤ دەگێڕێتەوە کە بە زۆر هێنراونەتە ئەم کەمپە و زۆربەیان بە زیندوویی لێی دەرنەچوون. جووەکان تەنیا لەبەرئەوەی جوو بوون و سینتی و رۆماکانیش (زیاتر لە 20 هەزار کەس)، رەوانەی ئاوشڤیتز کران. لەنێو مۆزەخانەکەدا چەندین پێشانگەی نیشتمانی هەن بۆ قوربانییانی وڵاتانی وەکو فەرەنسا، بەلجیکا و هۆڵەندا تەرخانکراون، لەگەڵ پێشانگەیەکی تایبەت بە قەرەجەکان.
 
ئاوشڤیتز تەنیا مۆزەخانەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو ناوەندێکی پەروەردەییە بۆ تێگەیاندنی نەوەی نوێ لە دەرەنجامەکانی جیاکاری و بێباکی. ئامانجی پەروەردەیی ناوەندەکە هەموو چین و توێژەکان دەگرێتەوە و پێشنیاز دەکرێت سەردانیکردنی بۆ کەسانی سەرووی 14 ساڵ بێت، تاوەکو بتوانن لە گرنگی و مێژووی شوێنەکە تێبگەن نەک تەنیا بینینێکی رووکەش بێت.
 
زیاد رەئوف، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵەندا، لە یەکێک لە ژوورەکانی مۆزەخانەی ئاوشڤیتز، باس لەوە دەکات کە چۆن پۆڵەندییەکان توانیویانە مێژووی جینۆسایدیان بە زیندوویی بهێڵنەوە و دۆکیومێنتی بکەن. ئەو ئاماژە بە کەلوپەلی بەجێماوی قوربانیان وەکو پێڵاو و جانتا دەکات، کە هەریەکەیان چیرۆکی ژیانێکی لەدەستچوو دەگێڕنەوە.
 
 مۆزەخانەی ئاوشویتز لە ساڵی 1947 لەسەر پێشنیازی ئەو کەسانە دروستکراوە کە لەوێ زیندانی کرابوون. ئامانجە سەرەکییەکان بریتی بوون لە پاراستنی بەڵگەنامە و کەلوپەلی قوربانیان بۆ نەوەکانی داهاتوو، پەروەردەکردنی گەنجان بۆ ئەوەی رووداوەکە دووبارە نەبێتەوە، هەروەها ئەرشیفکردنی دۆکیومێنتەکان بۆ ئەوەی مێژوونووسان و فیلمسازان سوودی لێوەربگرن.
 
زیاد رەئوف جەخت لەسەر لایەنی پەروەردەیی دەکاتەوە و ئاماژە بە دامەزراندنی سەنتەری پەروەردەیی، هۆڵی کۆنفرانس و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ دەکات بۆ گەیاندنی زانیارییەکان بە نەوەی نوێ. هاوکات، ئەو ئەزموونە بەراورد دەکات بە کۆمەڵکوژییەکانی کوردستان و دەڵێت کە زۆرێک لە بەڵگەکانی ئەو تاوانانە لەناوچوون یان لە مەترسیدان، بۆیە پێویستە بە هەمان شێوە کار بۆ پاراستن و 
بەدۆکیومێنتکردنیان جینۆسایدەکانی کوردستان بکرێت.
 
بەپێی گوتەی نوێنەری حکومەتی هەرێم، پۆڵۆنیا توانیویەتی سوود لە مێژوویەکی تراژیدی وەربگرێت بۆ بنیادنانی داهاتوویەکی باشتر و ئاشتیخوازانە. لەم چوارچێوەیەدا، چەندین جار بانگهێشتی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کراوە، لەوانەش وەزیران و شاندی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئەزموونی پۆڵۆنیا لە ئەرشیفکردن و بەبەڵگەکردنی کۆمەڵکوژییەکان ببینن. بەراوردی لەگەڵ مێژووی کوردستان کرد و گوتی کە کۆمەڵکوژییەکانی کورد بەهەمان شێوەی پۆڵۆنیا ئەرشیف نەکراون و بە باشی ناگێڕدرێنەوە.
 
ئاماژەی بەوەشکرد کە پسپۆڕانی پۆڵۆنیا ئامادەیی خۆیان نیشان داوە سەردانی کوردستان بکەن بۆ یارمەتیدانی پرۆسەی ئەرشیفکردنی بەڵگەنامەکانی ئەنفال و هەڵەبجە و چۆنیەتیی بەکارهێنانیان بۆ بواری پەروەردە و ناساندنی دۆزەکە، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە وەڵامی ئەو دەستپێشخەرییە نەدراوەتەوە، لە کاتێکدا ئەو ئۆفەرە هێشتا کراوەیە.
 
روونیشیکردەوە کە لە پۆڵۆنیا جیاوازی لەنێوان نەوەی قوربانییەکان و نەوەی ئەنجامدەرانی تاوانەکاندا ناکرێت، چونکە نەوەی نوێ بەرپرسیار نییە لە تاوانەکانی رابردوو.