کچە کوردێک بە ئۆنڵاین جلی کوردی دەگەیێنێتە هەموو جیهان

 
رووداو دیجیتاڵ

کچێکی کورد لە ئەڵمانیا پرۆژەیەکی ئۆنڵاینی بۆ ناساندنی جلوبەرگی کوردی دامەزراندووە و بەرهەمەکانی دەگەیێنێتە هەموو جیهان.
 
دلبا ئاڵتوون، تەمەن 27 ساڵ و خەڵکی باکووری کوردستانە و لە ئەڵمانیا دەژی، پڕۆژەیەکی ئۆنڵاینی بەناوی "دل فستان" بۆ ناساندن و فرۆشتنی جلوبەرگی کوردی دامەزراندووە. بیرۆکەی پڕۆژەکە دوای ئەوە هات کە لە ئەڵمانیا بە زەحمەت توانیبووی جلوبەرگی کوردی دەستبکەوێت، ئەمەش وای لێکرد پڕۆژە ئۆنڵاینەکەی دەستپێبکات و ئێستا بووەتە براندێکی ناسراو.
 
بەگوێرەی قسەکانی خۆی لە بەرنامەی "دیاسپۆرا"، دلبا ئاڵتوون رایگەیاند کە جلوبەرگەکان لە شارەکانی باکووری کوردستان و هەولێر دەدوورێن و بۆ هەموو جیهانیان دەنێرێت.
 
دلبا، کە مامۆستای فەلسەفە و زمانی ئینگلیزییە، گرنگییەکی زۆر بە کولتوور و ناسنامەی کوردی دەدات. هەرچەندە لە منداڵیدا نەیتوانیوە بە باشی بە کوردی قسە بکات، بەڵام ماوەی 5 ساڵە هەوڵی داوە و ئێستا بە کوردییەکی باش قسە دەکات.