بەریتانیا: یەکێک لە مووشەکەکانی ئێران بەر لە گەیشتن بە دیێگۆ گارسیا کەوتوەتە خوارەوە و ئەوی دیکەش تێکشکێندراوە


رووداو دیجیتاڵ 

ستیڤ رید، وەزیری نیشتەجێکردنی بەریتانیا رایگەیاند، یەکێک لەو مووشەکانەی ئێران ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوبەشی بەریتانیا و ئەمریکای لە زەریای هیندی کردبوو، "بەر لە گەیشتن بە ئامانج کەوتووەتە خوارەوە" و مووشەکێکی دیکەشیان لە ئاسماندا "بەرپەرچ دراوەتەوە".
 
رۆژی یەکشەممە، 22ـی ئاداری 2026، ستیڤ رید لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی بی بی سی گوتی: "هەڵسەنگاندنی ئێمە ئەوەیە کە ئێرانییەکان بە دڵنیاییەوە بنکەی دیێگۆ گارسیایان کردووەتە ئامانج."
 
ئەم بنکە سەربازییە نزیکەی 4,000 کیلۆمەتر لە خاکی ئێرانەوە دوورە.
 
ئەو وەزیرەی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران "بە شێوەیەکی بێباکانە" خەریکی تەقاندنی مووشەکە لە سەرانسەری ناوچەکەدا و گوتی: "سەرسام نین بەوەی روویدا"
 
بنکەی دیێگۆ گارسیا لە دوورگەکانی چاگۆس، یەکێکە لەو دوو بنکەیەی کە بەریتانیا رێگەی بە ئەمریکا داوە بۆ ئەنجامدانی "ئۆپەراسیۆنی بەرگری" لە جەنگی دژی ئێراندا بەکاریانبهێنێت.
 
بەرەبەیانی دوێنێ رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی بڵاویکردەوە، تاران دوو مووشەکی بالیستیی ئاراستەی ئەو بنکەیە کردووە کە فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکای تێدا جێگیرکراوە.
 
مووشەکەکان ئامانجەکەیان نەپێکا، بەڵام ئەم هەنگاوە نیشانەی ئەوەیە کە تاران خاوەنی مووشەکی مەودا درێژترە لەوەی پێشتر دەزانرا.
 
حکومەتی بەریتانیا رۆژی هەینی رایگەیاند، رێگە بە واشنتن دەدات بنکەکانی دیێگۆ گارسیا و فێیەرفۆرد بەکاربهێنێت بۆ لێدانی ئەو پێگە ئێرانییانەی هەڕەشە لە هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز دەکەن. ستیڤ رید گوتی، ئەو هێرشە مووشەکییەی ئێران، پێش راگەیێندراوەکەی رۆژی هەینی بووە.
 
وەزیرەکەی بەریتانیا گوتی، حکومەتی وڵاتەکەی ناچێتە نێو ئەم جەنگەوە و ئاماژەی بەوەش کرد هیچ زانیارییەک نییە کە نیشانی بدات ئێران دەیەوێ یان دەتوانێ هێرش بکاتە سەر خاکی بەریتانیا. 
 
رید تیشکی خستە سەر جیاوازیی تێڕوانینی لەندەن و واشنتن بۆ ئەم جەنگە و گوتی: "ئەمە یەکەمجار نییە لە مێژوودا کە بەریتانیا و سەرۆکوەزیرانێکی بەریتانی تێڕوانینی جیاوازیان لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا هەبێت، پێشتریش لە جەنگی ڤێتنامدا هەمان شت روویداوە."