سکرتێری ناتۆ دەڵێت، زیاتر لە 20 وڵات ئامادەی هاوکارین بۆ کردنەوەی هورمز

 
رووداو دیجیتاڵ

مارک رووتە، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و هاوپەیمانییەکی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد کە تووڕەیی ترەمپ لە هەندێک وڵات تەنیا لە چوارچێوەی هەوڵەکانیدایە بۆ هاندانی هاوپەیمانان تاوەکو رۆڵێکی گەورەتر بگێڕن لە کردنەوەی تەنگەی هورمز.
 
رۆژی یەکشەممە 22ی ئادار، مارک رووتە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەرنامەی کەناڵی فۆکس نیوز جەختی لەوە کردەوە کە ئێستا زیاتر لە 20 وڵات "پێکەوە کاردەکەن بۆ جێبەجێکردنی دیدگاکەی ترەمپ" لەپێناو دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیی کارکردنی ئەو رێڕۆیە دەریاییە گرنگە.
 
رووتە باسی لەوە کرد کە لەم هەفتەیەدا چەندین جار لەگەڵ ترەمپ قسەی کردووە و رایگەیاند کە "پێویست بوو" ئەمریکا رێکاری سەربازی لە دژی ئێران بگرێتەبەر، چونکە بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکە بالیستییەکانی ئەو وڵاتە "هەڕەشەی مان و نەمانە" بۆ سەر جیهان.
 
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن کە رۆژی هەینی، 20ی ئادار، ترەمپ هێرشی تووندی کردە سەر وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ بەهۆی ئەوەی پاڵپشتیی جەنگی واشنتن و ئیسرائیل دژی ئێران ناکەن و بە "ترسنۆک" ناوی بردن. ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی  ترووس سۆشیاڵ نووسیبووی: "بێ ئەمریکا، ناتۆ شێرە بەفرینەیە!"
 
سەرۆکی ئەمریکا داوای لە هاوپەیمانە سەرەکییەکان و وڵاتانی دیکەش کردبوو کە هاوکار بن لە پاراستنی کەشتییەکانی تەنگەی هورمز، ئەمەش لە کاتێکدایە کە واشنتن پێشتر راوێژی بەو وڵاتانە نەکردبوو یان ئاگاداری نەکردبوونەوە لەبارەی دەستپێکردنی جەنگەکە.
 
ململانێکان کە لە 28ی شوبات بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیان پێکرد، بوونەتە هۆی پشێوی لە بازاڕەکانی جیهان، کوژرانی هەزاران کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەسی دیکە.
 
هۆشداری لە "داهاتوویەکی خراپ"
 
پێشتریش لە 16ی ئادار، بەگوێرەی رۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمز، ترەمپ هۆشداری دابووە وڵاتانی ناتۆ کە ئەگەر هاوکاریی ئەمریکا نەکەن لە هەوڵەکانی بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، ئەوا رووبەڕووی "داهاتوویەکی زۆر خراپ" دەبنەوە. ئەمە وەک پەیامێکی راستەوخۆ بۆ وڵاتانی ئەورووپی بینرا بۆ ئەوەی بەشداری بکەن لە هەوڵە سەربازییەکانی دژی ئێران.
 
لەو کاتەدا ترەمپ بە رۆژنامەکەی راگەیاندبوو، "شتێکی باش دەبێت ئەو وڵاتانەی لە تەنگەی هورمز سوودمەند دەبن، یارمەتیدەر بن لە دڵنیابوونەوە لەوەی هیچ شتێکی خراپ لەوێ روونەدات." ئاماژەی بەوەش کردبوو، ئەورووپا و چین زۆر زیاتر لە ئەمریکا پشت بەو نەوتە دەبەستن کە لە کەنداوەوە دێت.
 
ترەمپ هۆشداریی دابوو، "ئەگەر هیچ وەڵامێک نەبێت، یان ئەگەر وەڵامەکە نەرێنی بێت، ئەوا پێموایە ئەوە زۆر خراپ دەبێت بۆ داهاتووی ناتۆ."