لە کینیا 81 کەس بەهۆی باران و لافاو گیانیان لەدەستداوە


رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسانی کینیا رایانگەیاند، لە ئەنجامی بارانی بەخوڕ و لافاو کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە زۆربەی ناوچەکانی وڵاتەکەی گرتووەتەوە، لانیکەم 81 کەس گیانیان لەدەستداوە. ئێستا تیمەکانی فریاگوزاری لەڕێگەی بەلەمەوە خەریکی رزگارکردنی ئەو هاووڵاتییانەن کە لە ناو ئاودا گیریان خواردووە.
 
نایرۆبیی پایتەخت زۆرترین زیانی گیانی تێدا تۆمار کراوە، بەپێی ئامارە فەرمییەکان 37 کەس تێیدا گیانیان لەدەستداوە. باران شەقامەکانی شارەکەی بۆ رووباری خێرا گۆڕیوە و هەزاران ماڵ و شوێنی بازرگانیی پەکخستووە. 
دەسەڵاتداران هۆشدارییان داوە لە ئەگەری تێکشانی بەنداوی نایرۆبی و داوایان لە دانیشتووانی ناوچە هەژارنشینەکانی خواروو کردووە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.
 
لە ناوچەکانی رۆژئاوای کینیا، لافاو چەندین گوندی بە تەواوەتی ژێرئاو خستووە. لە پارێزگەی کیسۆمۆ، نزیكەی هەزار و 200 هێکتار زەویی کشتوکاڵی وێران بوون و بەروبوومەکانیان لەناو چوون. تەنیا لە ناوچەی نیاکاچ، زیاتر لە سێ هەزار خێزان ناچار بوون ماڵەکانیان جێبهێڵن. کێنیدی ئۆگۆتا، دانیشتوویەکی ئەو ناوچەیە گوتی: "ئێمە ئاوارە بووین، چونکە هیچ ماڵێک نەماوە لافاو نەیگرتبێتەوە، تەنانەت نازانین ئاژەڵەکانمان لە کوێ بحەوێنینەوە."
 
موچیری نیاگا، گوتەبێژی پۆلیسی نیشتمانی کینیا گوتی: "بەداخەوە ژمارەی قوربانییان بۆ 81 کەس بەرزبووەوە، هەروەها نزیكەی دوو هەزار و 690 خێزان ئاوارە بوون." جەختیشی کردەوە، لافاوەکە زیانی گەورەی بە ژێرخان و موڵک و ماڵی گشتی گەیاندووە. لە ناوچەی کاساکا، رۆچوونی زەوی چەندین ماڵی ژێر خاک خستووە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم دوو کەس.
 
کەشناسیی کینیا پێشبینی دەکات شەپۆلی باران بارین تاوەکو رۆژی سێشەممە بەردەوام بێت و داوای لە هاووڵاتیان کردووە "ئەوپەڕی وریایی" بنوێنن. زانایان ئاماژە بەوە دەکەن، گۆڕانی کەشوهەوا کە مرۆڤ هۆکارەکەیەتی، بووەتە هۆی زیادبوونی ئەم جۆرە شەپۆلە بارانە کارەساتبارانە لە رۆژهەڵاتی ئەفریقادا.
 
ئەم کارەساتە سروشتییە گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر جۆنسن ساکاجا، پارێزگاری نایرۆبی کە پێشتر بەڵێنی دابوو سیستمی ئاوەڕۆ و ژێرخانی پایتەختەکە چاک بکات، بەڵام ئێستا رەخنەگرانی داوای دەستلەکارکێشانەوەی دەکەن.