پێنتاگۆن: ژمارەی بریندارەکانی ئەمریکا لە جەنگی ئێران گەیشتە 400 سەرباز


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، ژمارەی ئەو سەربازانەی لە کاتی جەنگی ئێراندا بریندار بوون گەیشتووەتە 400 کەس. ئەم ئامارە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە حەوت هەفتە بە سەر دەستپێکردنی جەنگی ئێراندا دێت.
 
رۆژی چوارشەممە 22-04-2026 پێنتاگۆن رایگەیاند، زۆرینەی بریندارەکان سەر بە هێزی وشکانین. 
 
پێنتاگۆن رایگەیاند: "271 بریندار لە هێزی وشکانی. 64 بریندار لە هێزی دەریایی. 46 بریندار لە هێزی ئاسمانی و 19 بریندار لە هێزی مارێنز هەن."
 
سەرەڕای بەرزبوونەوەی ژمارەی بریندارەکان، وەزارەتی جەنگ رایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسا هێشتا وەک خۆیەتی و تاوەکو ئێستا 13 سەرباز لەم جەنگەدا کوژراون.
 
ئەم ئامارانە لە کاتێکدا بڵاودەکرێنەوە، ئاگربەستە 14 رۆژییەکەی نێوان واشنتن و تاران کۆتایی هات و ترەمپ دووبارە درێژی کردەوە. ئەمریکا گەمارۆیەکی تووندی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران، کە بووەتە هۆی دروستبوونی پشێوییەکی گەورەی ئابووری.