لیندزی گراهام: دەکرێ گەمارۆی دەریایی سەر ئێران بەم زووانە ببێتە جیهانی


رووداو دیجیتاڵ

لیندزی گراهام، سێناتۆری دیاری پارتی کۆماری لە ئەمریکا رایگەیاند، پێشبینی دەکات گەمارۆ دەریاییەکەی وڵاتەکەی بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران فراوانتر بێت و "بەم زووانە هەموو جیهان بگرێتەوە."
 
رۆژی چوارشەممە، 22-04-2026، گراهام لە پۆستێکدا لە ئێکس رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و پیت هێگسەس، وەزیری جەنگ کۆبووەتەوە. 
 
گراهام گوتی: "من نەک تەنیا پێشبینی دەکەم ئەم گەمارۆیە بمێنێتەوە تاوەکو ئەو کاتەی ئێران پابەندبوونی خۆی بۆ گۆڕینی رەفتارەکانی نیشان دەدات، بەڵکو پێشبینیش دەکەم گەمارۆکە گەورەتر بێت و بەم زووانە ببێتە جیهانی."
 
سێناتۆرە کۆمارییەکە هۆشدارییەکی تووندی ئاراستەی ئەو وڵات و لایەنانە کرد کە یارمەتی ئێران دەدەن لە بازرگانیی نەوتدا. گراهام گوتی: "بۆ ئەو کەسانەی هاوکاری رژێمی ئێران دەکەن یان بیر لە هاوکاریکردنیان دەکەنەوە لە دابەشکردنی نەوتەکەیاندا، کە سەرچاوەی دابینکردنی تیرۆرە، ئەوا بە بەرپرسیارێتیی خۆتان ئەو کارە دەکەن."
 
ئەم هەڵوێستە توندەی واشنتن لە کاتێکدایە، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە تاران تەنیا ئەو کاتە ئامادەی دانوستاندن دەبێت کە ئەمریکا کۆتایی بە گەمارۆ دەریاییەکەی بهێنێت.