تره‌مپ: ئێران رێزی لە داواکارییەکەم گرت و لەسێدارەدانی هەشت ژنی هەڵوەشاندەوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، حکومەتی ئێران وەڵامی داواکارییەکەی داوەتەوە و سزای لەسێدارەدانی بۆ هەشت ژنە خۆپیشاندەر هەڵوەشاندوەتەوە، دەشڵێت، چواریان دەستبەجێ ئازاد دەکرێن.
 
رۆژی چوارشەممە، 22ی نیسانی 2026، دۆناڵد تره‌مپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ" وەک "هەواڵێکی زۆر باش" ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو هەشت ژنەی کە بڕیاربوو ئەمشەو لە ناوخۆی ئێران لەسێدارە بدرێن، چیتر ئەو سزایەیان بەسەردا جێبەجێ ناکرێت."
 
سەرۆکی ئەمریکا وردەکاریی بڕیارە نوێیەکەی ئاشکرا کرد و گوتی: "چوار لەو ژنانە دەستبەجێ ئازاد دەکرێن و چوارەکەی دیکەش سزای یەک مانگ زیندانییان بۆ دەردەچێت."
 
تره‌مپ دەستخۆشی لە سەرکردەکانی ئێران کرد بۆ ئەم هەنگاوە و رایگەیاند: "من زۆر سوپاسگوزارم کە ئێران و سەرکردەکانی رێزیان لە داواکاریی من گرت وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان و بڕیاری لەسێدارەدانەکەیان راگرت."
 
دوێنێ، ترەمپ لە تۆڕی تروس سۆشیەڵ وێنەی هەشت ژنی بڵاوکردەوە کە دەگوترێت کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەکاری بۆ لەسێدارەدانیان دەکات.
 
سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامەکەی دوێنێیدا کە رووی لە سەرکردەکانی ئێران کرد و گوتی، "بۆ ئەو سەرکردە ئێرانییانەی کە بەم زووانە لەگەڵ نوێنەرانی مندا لە دانوستاندن دا دەبن؛ زۆر سوپاسگوزار دەبم ئەگەر ئەم ژنانە ئازاد بکەن. دڵنیام ئەوان رێز لەو کارەتان دەگرن."
 
ترەمپ هەروەها داوای کرد کە هیچ زیانێکیان پێ نەگەیێندرێت و گوتی: "تکایە ئازاریان مەدەن! ئەمە دەستپێکێکی گەورە دەبێت بۆ دانوستاندنەکانمان. سوپاس بۆ گرنگیدانتان بەم بابەتە."
 
سەبارەت بە ناسنامەی ئەو کەسانەی کە سەرۆکی ئەمریکا داوای ئازادکردنیانی کرد، ناوی بیتا هیممەتی لەسەرووی لیستەکەدا بوو کە خۆپێشاندەر بوو و لەگەڵ هاوژینەکەی دەستگیرکرابوو؛ سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا، هەروەها غەزال قەلەندەری کە وەک خۆپێشاندەرێک دەستگیرکرا بوو. 
 
لە نێو ئەو ژنانەدا ناوی پزیشکێک بەناوی گوڵناز نەراقی هەیە کە بە تۆمەتی چارەسەرکردنی خۆپێشاندەرە بریندارەکان گیراوە، لەگەڵ وێنووس حوسێننەژاد کە هاووڵاتییەکی بەهایی خەڵکی کرمانە.
 
هەروەها پەناهـ موحێدی یەکێکی دیکەیە لەو کەسانەی ترەمپ ئاماژەی پێ کردوون کە لە ناوچەی پونەک بێسەروشوێنە، لەگەڵ ئەنیسە نەجاتی کە خەڵکی پارێزگای فارسە و بەهۆی بەشداریکردن لە خۆپێشاندانەکان دەستگیرکراوە. هەروەها ناوی مەحبووبە شەعبانی وەک خۆپێشاندەرێکی خەڵکی مەشهەد و دیانا تاهرئابادی هاتووە، کە دیانا تەمەنی تەنیا شازدە ساڵە و خەڵکی کەرەجە و بەهۆی بەشداریکردن لە خۆپێشاندانەکان دەستگیرکراوە.