لە ژاپۆن شۆفێرێکی تاکسی دوای دەستدرێژیکردنە سەر 50 ئافرەت دەستگیر کرا
رووداو دیجیتاڵ
میدیای ژاپۆن لە زاری پۆلیسی وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، شۆفێرێکی تاکسیی تەمەن 54 ساڵیان دەستگیر کرد، کە تۆمەتبارە بە دەرمانخواردکردن، پاشان دەستدرێژکردنە سەر 50 ژن کە بە تاکسیەکەی گواستبوونییەوە. پیاوەکە وێنە و ڤیدیۆی کارەکانیشی گرتبوو.
رۆژی پێنجشەممە 22ی ئایاری 2025، میدیای ژاپۆن لە زاری پۆلیسی وڵاتەکە بڵاویکردەوە، لە شاری تۆکیۆ پۆلیس زیاتر لە سێ هەزار بەڵگەی ڤیدیۆیی و وێنەی دەستکەوتووە کە پیشانی دەدات شۆفێرێکی تاکسی لانیکەم 50 لە ژنە سەرنشینەکانی دەرمانخوارد کردوون، پاشان لە ماڵەکەی یان نێو تاکسییەکەیدا دەستدرێژیی کردوونەتەسەر.
بەگوێرەی پۆلیس، یەکەم داوا کە لەسەر پیاوەکە تۆمار کرا کچێکی تەمەن 20 ساڵان بوو. پار، ئەو پیاوە حەبی خەوی بە کچەکە داوە، پاشان بردبووییە ماڵەوە و ئەوەی ویستبووی لەگەڵی کرد. پۆلیس دەشڵێت، پیاوەکە هەموو کارەکەی تۆمار کردبوو.
شۆفێرەکە ئاو و حەبێکی بە ژنەکە دابوو وەکو هاوکارییەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی تەندروستی.
گوتەبێژێکی پۆلیسی تۆکیۆ بە میدیای وڵاتەکەی گوت، پیاوەکە تەمەنی 54 ساڵە و بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی و پێشێلکاری بەرامبەر یاسای قەدەخەکردنی تۆمارکردنی وێنە و ڤیدیۆی سێکسی، دادگەیی دەکرێت.
بە گوێرەی میدیای ژاپۆن، لە ساڵی 2008ـەوە شۆفێرەکە دەستی بەو کارەی کردووە. هەروەها، ئەو تشرینی یەکەمی رابردووش بە تۆمەتی سەرخۆشکردنی ژنێک و دزینی جانتاکەی دەستگیرکرا، بەڵام دواتر لەلایەن پۆلیسەوە ئازادکرا.