سوێدییەک بە تۆمەتی رفاندن و سووتاندنی فڕۆکەوانێکی ئوردنی دادگەیی دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

داواکاری گشتیی سوێد بڵاویکردەوە، هاووڵاتییەکی وڵاتەکەیان کە تۆمەتبارە بە بەشداریکردن لە دەستگیرکردن و سووتاندنی فڕۆکەوانێکی ئوردنی لە سووریا، دادگەیی دەکەن.
 
رۆژی پێنجشەممە 22ی ئایاری 2025 داواکاری گشتیی سوێد رایگەیاند، 4ی حوزەیران جیهادییەکی وڵاتەکەیان بە تۆمەتی بەشداریکردن لە رفاندن و پاشان کوشتنی فڕۆکەوانێکی ئوردنی، دادگەیی دەکەن. دەشڵێت، ساڵی 2014 لە سووریا فڕۆکەوانەکە رفێندرا و تۆمەتبارەکەش تەمەنی 32 ساڵە.
 
داواکاری گشتیی سوێد ناوی تۆمەتبارەکەی نەهێناوە، بەڵام دەڵێت فەرەنسا رادەستی کردوون. بەگوێرەی میدیای فەرەنسا، تۆمەتبارەکە ناوی ئوسامە کەریمە.
 
فڕۆکەوانەکە ناوی موعاس کەساسبە بوو. کانوونی یەکەمی 2014، وەکو فڕۆکەوانێکی وڵاتەکەی کە بەشێک لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بوو، بۆردوومانی پێگەکانی داعشی لە سووریا دەکرد، بەڵام لەکاتی ئەرکەکەیدا فڕۆکەکەی تێکشکا و کەوتە خوارەوە، دواتر فڕۆکەوانەکە لە نزیک نێوەڕاستی شاری رەقە لەلایەن داعشەوە دەستگیر کرا. داعش ڤیدیۆی سووتاندنی فڕۆکەوانەکەی بڵاوکردەوە.
 
بەگوێرەی داواکاری گشتیی سوێد، تۆمەتبارەکە "لەگەڵ تاوانبارانی دیکەی سەر بە داعش تۆمەتبارە بە کوشتنی فڕۆکەوانەکە." داواکاری گشتیی سوێد ئاماژەی بەوەش کرد، لە یەکێک لە بەڵگەکاندا دەردەکەوێت کە ئوسامە بە دەموچاوی داپۆشراوەوە بە زۆر فڕۆکەوانەکە دەخەنە نێو قەفەزێک و دواتر یەکێک لە چەکدارەکان ئاگر لە فڕۆکەوانەکە و قەفەزەکە بەردەدەن.
 
ئوسامە هاووڵاتییەکی سوێدییە و خەڵکی شاری ماڵمۆی باشووری وڵاتەکەیە. ساڵی 2014 چووە نێو داعش و ساڵی 2015 گەڕایەوە ئەورووپا. دواتر لەو ساڵەدا بە تۆمەتی بەشداریکردن لە پلاندانان لە هێرشەکانی ساڵی 2015ی پاریس بە 30 ساڵ زیندانی سزادرا. لەو هێرشانەدا 130 کەس کوژران.
 
ئایاری 2016، کەریم بە تۆمەتی بەشداریکردن لە تەقینەوەکانی میترۆ و فرۆکەخانەی برۆکسل بە زیندانی تاهەتایی سزادرا. لەو تەقینەوانەدا 32 کەس کوژران.