'گرووپێکی سەرنجڕاکێش'؛ ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا دژی بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان وەستانەوە

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارێکی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا، کە وەک "هەڕەشە بۆ سەر شارستانییەت" وەسف دەکرێ، سەرسەختترین نەیارەکانی جیهانی لە بەرەیەکی هاوبەشدا کۆکردەوە و وڵاتانی وەک ئەمریکا، ئێران، ئیسرائیل، رووسیا و سعودیە پێکەوە دژی بڕیارەکە دەنگیان دا.
 
رۆژی چوارشەممە، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگیدا لەسەر پڕۆژە بڕیارێک کە گۆڕانی کەشوهەوا وەک بەرپرسیارێتییەکی "یاسایی" و نەک تەنیا هەڵوێستێکی سیاسی دەناسێنێت. هەرچەندە بڕیارەکە بە زۆرینەی 141 دەنگی "بەڵێ" پەسند کرا، بەڵام هاوپەیمانیی ئەو هەشت وڵاتەی دژی وەستانەوە، سەرنجی میدیاکانی جیهانی راکێشا.
 
ئەمریکا: لێدوانی سیاسیی ترسێنەری تێدایە
 
تامی برووس، جێگری نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە گوتارێکدا هۆکاری دژایەتیکردنی وڵاتەکەی بۆ بڕیارەکە روونکردەوە و گوتی: "ئەم بڕیارنامەیە لێدوانی سیاسیی ترسێنەرانەی تێدایە، وەک ئەو بیرۆکەیەی کە دەڵێت گۆڕانی کەشوهەوا هەڕەشەیە بۆ سەر شارستانییەت. ئەمریکا دژی ئەم بڕیارنامەیەیە و هانی وڵاتانی دیکەش دەدات دژی بوەستنەوە."
 
سەرەڕای داواکارییەکەی ئەمریکا، تەنیا 7 وڵاتی دیکە لەگەڵ واشنتن چوونە بەرەی "نەخێر"ـەوە، کە پێکهاتبوون لە (ئێران، ئیسرائیل، رووسیا، سعودیە و سێ وڵاتی دیکە)، لەکاتێکدا 28 وڵات بێلایەن بوون.
 
رووسیا و سعودیە؛ نیگەرانی لە دارایی و وزە
 
ماریا زابۆلۆتسکایا، جێگری باڵیۆزی رووسیا، رەخنەی لە داڕشتنی بڕیارەکە گرت و رایگەیاند، رەشنووسەکە زۆر پرسی سەرەکی پشتگوێ خستووە کە بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو گرنگن، بەتایبەتی پرسی پابەندییە داراییەکان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا.
 
لەلایەکی دیکەوە، عەبدولعەزیز ئەلواسیل، باڵیۆزی سعودیە لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کرد، هەندێک لەو داڕشتنانەی پەیوەستن بە سەرچاوەکانی وزە، گوزارشت لە کۆدەنگیی نێودەوڵەتی ناکەن و تێبینییان لەسەری هەیە.
 
"گرووپێکی سەرنجڕاکێش"
 
نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو لە نیویۆرک، لە نەتەوە یەکگرتووەکان پرسیاری لەبارەی سرووشتی ئەم هاوپەیمانییە دەگمەنەی نێوان (ئەمریکا، ئێران، ئیسرائیل، رووسیا و سعودیە) لە ستێفان دووژاریک، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.
 
دوژاریک لە وەڵامدا گوتی: "ئەمە گرووپێکی هەشت ئەندامیی زۆر سەرنجڕاکێشە. لێدەگەڕێم بۆ ئێوەی رۆژنامەنووس تاوەکو شیکردنەوەی خۆتانی بۆ بکەن و لە وڵاتەکان بپرسن چی هانی داون بەو شێوەیە دەنگ بدەن."
 
تاوەکو ئێستا نە ئێران و نە ئیسرائیل، کە دوو نەیاری سەرسەختی یەکترین و لە زۆربەی پرسە نێودەوڵەتییەکاندا دژی یەکن، هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمییان نەداوە کە بۆچی لەم پرسە تایبەتەی کەشوهەوادا هەڵوێستەکانیان یەکیگرتووەتەوە.
 
بڕیارنامە نوێیەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، فشارێکی یاسایی زیاتر دەخاتە سەر وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت و گاز و ئەو وڵاتانەی گازی گەرمکەر بۆ ناو بەرگەهەوا دەردەدەن، ئەمەش بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی یەکگرتنی ئەم وڵاتە دژبەرانە دادەنرێت کە ئابووریی زۆربەیان لەسەر وزە وەستاوە.