هاوپەیمانەکەی ترەمپ بە سەرۆکوەزیرانی سلۆڤێنیا هەڵبژێردرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی سلۆڤێنیا ئەمڕۆ هەینی دەنگی دا بە گەڕانەوەی یانێز یانشای نەتەوەپەرست بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران؛ هەنگاوێک کە رەنگە ئەو وڵاتە ئەندامەی یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتەکانی برۆکسل دووربخاتەوە.
یانێز یانشا، کە یەکێکە لە سەرسامبووانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێشتر سێ جار سەرۆکوەزیران بووە و لە دوایین خولی دەسەڵاتیدا کە لە ساڵی 2022 کۆتایی هات، چەندین جار لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا تووشی گرژی و ئاڵۆزی بوو.
دوای ئەوەی رۆبێرت گۆڵۆب، سەرۆکوەزیرانی لیبراڵ، نەیتوانی دوای هەڵبژاردنی مانگی ئادار رێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەت بکات، یانێز یانشا ئەم هەفتەیە رێککەوتنی هاوپەیمانیی نوێی واژۆکرد. لە دانیشتنی رۆژی هەینیدا، 51 پەرلەمانتار دەنگیان بە گەڕانەوەی یانشا دا و 36 پەرلەمانتاریش دژی بوون.
یانێز یانشا لە پەرلەمان رایگەیاند: "گەشەپێدان و دەوڵەمەندکردنی سلۆڤێنیا لە کارە لەپێشینە سەرەکییەکانی ئەم هاوپەیمانییەیە."
پێکهاتەی حکومەت و ئامانجەکان
سەرۆکوەزیرانی نوێی سلۆڤێنیا هاوپەیمانییەکی لەنێوان پارتی دیموکراتی سلۆڤێنیا و دوو پارتی دیکە پێکهێناوە. یانێز یانشا زۆرینەی پەرلەمانیی وڵاتەکەی بە دەنگی پێنج پەرلەمانتاری پارتی (رێسنیکا) مسۆگەر کرد، کە پارتێکە داوای نزیکبوونەوە لە رووسیا دەکات.
بەرنامەی کارنامەی حکومەتی نوێ، کەمکردنەوەی باج، جێبەجێکردنی سیستمی ناناوەندی و کەمکردنەوەی بیرۆکراسی لەخۆدەگرێ. یانێز یانشا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "ئێمە گەرەنتیی حکومەتێک دەکەین کە پێداویستییەکان هەرزانتر، بەڵام بە کوالیتییەکی باشتر دابین بکات."
یانێز بەڵێنی داوە "بەهای سلۆڤێنییەکان" وەک "خێزانی نەریتی" بپارێزێ و رێگریی تووند لە کۆچبەریی نایاسایی لە سەر سنوورەکانی یەکێتیی ئەورووپا بکات.
تۆمەتی دەستوەردانی دەرەکی
رۆژانی کۆتایی بانگەشەی هەڵبژاردنی 22ی ئادار کەوتە ژێر سێبەری تۆمەتی دەستوەردانی دەرەکی. دەسەڵاتدارانی سلۆڤێنیا لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن ئایا کۆمپانیای (بلاک کیووب)ی ئیسرائیلی لە پشت بڵاوکردنەوەی هەندێک ڤیدیۆی نهێنی بووە یان نا، کە تێیاندا تۆمەتی گەندەڵی ئاراستەی حکومەتەکەی گۆڵۆب کرا. هەرچەندە یانێز یانشا دانی بەوەدا ناوە کە لەگەڵ بەرپرسێکی ئەو کۆمپانیایە کۆبووەتەوە، بەڵام رەتیکردووەتەوە دەستی لە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکاندا هەبووبێت.
یانێز یانشا پێشتر لە لایەن رەخنەگرانیەوە تۆمەتبار کراوە بەوەی هێرش دەکاتە سەر ئازادیی میدیا، دەسەڵاتی داد و بنەماکانی سەروەریی یاسا. پێشبینی دەکرێ یانێز یانشا لە مانگی حوزەیراندا بە فەرمی دەستبەکار بێت، ئەوەش دوای ئەوەی پەرلەمان متمانە بە وەزیرەکانی کابینەکەی دەدات.