ئەو كچە بەریتانییەی هەوڵی سەربڕینی سەرتاشێکی کوردی دا، 19 ساڵ و نیو زیندانی دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

دادگا لە بەریتانیا بڕیاری دا ئالینا بێرنزی تەمەن 19 ساڵەی بە 19 ساڵ و 6 مانگ زیندان حوکم بدات، کە هەوڵی دابوو سەرتاشێکی کورد سەرببڕێت.
 
هەفتەی رابردوو بەرنامەی دیاسپۆرای رووداو ئەوەی ئاشکرا کرد، کچێکی بەریتانی بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ سەربڕینی سەرتاشێکی کورد دادگایی دەکرێت.
 
ئالینا بێرنزی دەبێ بەلایەنی کەمەوە 15 ساڵ و 6 مانگی سزاکەی بە تەواوی لە زیندان جێبەجێ بکرێ.
 
ئەو کچە بەریتانییە تەنیا بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ سەربڕینی کوردێک بەناوی محەممەد مەحموودی لە بریستۆڵ ئەو سزایەی بۆ دەرنەچووە، بەڵکو ئەوەشی لەسەر ساخ بووەتەوە کە ئامادەکاریی کردووە بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی، ئەویش لەژێر کاریگەریی بیری رەگەزپەرستی و دژەکۆچبەرانە. 
 
کچەکە بە دادوەری گوتبوو، ئەگەر ئازاد بکرێ، جارێکی دیکە هەوڵی کوشتنی سەرتاشە کوردەکە دەدات.