لەسەر ئەوەی حەزی لە کوڕێکی رۆمانی کردووە، باوکێک 12 چەقۆ لە کچەکەی دەدات

 
رووداو دیجیتاڵ

لە نەمسا ئەم هەفتەیە کەیسێکی باڵکێش لە شاری ڤیەننا لەسەر هەوڵدان بۆ کوشتن لەسەر شەرەف هەبوو. پیاوێکی تەمەن 51 ساڵ، بە پاشبنەما کۆچبەری موسڵمان، 12 چەقۆی لە کچە 15 ساڵەکەی داوە؛ هۆیەکەشی ئەوەیە کە کچەکەی حەزی لە کوڕێکی رۆمانی کردووە.
 
باوکی کچەکە دەڵێ، مادەی هۆشبەریشی بەکارهێناوە. رووداوەکە مانگی 11ی ساڵی پار بووە. باوکەکە لەبەردەم ئەو باڵەخانەی لەگەڵ ماڵباتەکەی تێیدا ژیاون، قسەی لەگەڵ کچەکەی کردووە و لەسەر پەیوەندییە سۆزدارییەکەی لێی تووڕە بووە.
 
کچەکەش وەڵامی باوکی داوەتەوە، ئیدی باوکەکە چەقۆی دەرهێناوە و 12 چەقۆی لە گەردن و سنگ و پشتی داوە. دوای رووداوەکە، کچەکە گەیێندراوەتە نەخۆشخانە و لەوێ گوتوویەتی، باوکی لەوە نیگەران بووە کە بۆیفرێندەکەی موسڵمان نییە.
 
پارێزەری باوکەکەش گوتوویەتی، کچەکە باوکی خۆی ئیهانە کردووە و ئەمە وایکردووە باوکەکە تووڕە ببێ و چەقۆ بوەشێنێ؛ مەبەستیشی کوشتنی کچەکەی نەبووە.
 
کاتێک ئەم هەفتەیە کچەکە لە دادگا بۆ یەکەمجار دوای رووداوەکە باوکی بینیوەتەوە، دڵی پڕ بووە و گوتوویەتی، "من باوکی خۆمم خۆشدەوێ و لێی دەبوورم." بەڵام دادوەر حوکمەکەی هەر داوە و زیندانی هەتاهەتایی بۆ بڕیوەتەوە. کاتێک حوکمەکە خوێندراوەتەوە، باوکەکە هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە و گوێی گرتووە؛ پارێزەرەکەیشی تانەی لە حوکمەکە داوە.