لە مالمۆی سوێد داوا لە خەڵکی ناوچەیەک دەکرێت بچن میز بکەنە نێو یاریگەیەک؛ هۆکار چییە؟
رووداو دیجیتاڵ
یارێگای ئێلێدا بۆ تۆپی پێ لە مالمۆی سوێد هانی خەڵک دەدات بچنە یاریگاکە و میز بکەن، چونکە دەیانەوێ تاوەکو کۆتایی مانگی 11ی ئەم ساڵ 1000 لیتر میز کۆبکەنەوە و پەینی لێ دروست بکەن.
پرۆفیسۆر بیۆرن ڤیننێرۆس کە لە پرۆژەی میزکۆکردنەوەکەدایە، دەڵێت، میزەکە کۆدەکەنەوە و دوای ئەوە وشکی دەکەنەوە، ئەوەی دوای وشککردنەوەکە دەمێنێتەوە، واتە پاش نەمانی ئاوی نێو میزەکە، هەمان ئەو شتەیە کە لە پەیندا هەیە.
ئەو پرۆفیسۆرە ئاماژەی بەوەش کرد، هەر مرۆڤێک ساڵانە 500 لیتر میز دەکات، لەوەش دەکرێ 25 کیلۆ پەین بەرهەمبهێندرێ.
ئێستا سوێد ناچارە لە دەرەوە پێکهاتەکانی بەرهەمهێنانی پەین هاوردە بکات و ئەو پێکهاتانەش زیانی زۆر بە ژینگە دەگەیێنن. میز دەتوانێ جێگرەوەیەکی ژینگەپارێزانە بێت بۆ بەرهەمهێنانی پەین.