تولسی گابارد دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستی هەواڵگریی نیشتمانی پێشکێشی ترەمپ کرد
رووداو دیجیتاڵ
تولسی گابارد، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا، نامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشكێشی سەرۆکی ئەمریکا کرد.
رۆژی هەینی لە کۆبوونەوەیەکدا لە نووسینگەی تایبەتی سەرۆک لە کۆشکی سپی، گابارد نیازی خۆی بۆ دەستلەکارکێشانەوە بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا راگەیاند و بڕیاریشە دەستلەکارکێشانەوەکە لە 30ی حوزەیرانەوە جێبەجێ بکرێ.
گابارد لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا بە ترەمپی گوتووە، "زۆر سوپاسگوزارم بۆ ئەو متمانەیەی بە منت بەخشی و بۆ ئەو دەرفەتەی کە پێت دام تاوەکو لە ساڵ و نیوی رابردوودا سەرکردایەتیی نووسینگەی بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی بکەم."
سەبارەت بە هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی، گابارد ئاماژەی بەوە کردووە کە بەم دواییە دەرکەوتووە هاوژینەکەی تووشی جۆرێکی دەگمەن لە شێرپەنجەی ئێسک بووە.
ترەمپ ستایشی گاباردی کرد و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ نووسی: "تولسی کارێکی ناوازەی کردووە. ئێمە بیری دەکەین."
ترەمپ باسی لەوە کرد، ئارۆن لوکاس، جێگری تولسی، وەک بەڕێوەبەری بەوەکالەتی فەرمانگەی هەواڵگریی نیشتمانی دەست بەکار دەبێت.
بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا، بەرپرسێکی باڵایە لە حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ کاروباری هەواڵگری و ئاسایش. بەگوێرەی یاسای چاکسازیی هەواڵگری و رێگریکردن لە تیرۆری ساڵی 2004، ئەم بەرپرسە وەک سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمەڵگەی هەواڵگریی ئەمریکا کاردەکات و ئەرکی ئاراستەکردن و سەرپەرشتیکردنی پڕۆگرامی هەواڵگریی نیشتمانـی لە ئەستۆیە.
هەر 18 ئاژانسەکەی نێو کۆمەڵگەی هەواڵگری، لەوانەش ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی، ئاژانسی هەواڵگریی بەرگری و ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانی راستەوخۆ راپۆرتەکانیان بۆ بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی بەرز دەکەنەوە.
ئاژانسە فیدراڵییەکانی دیکەش کە توانای هەواڵگرییان هەیە، بە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیشەوە، راپۆرتی کارەکانیان دەدەنە بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی.