توێژینەوەیەک: مەیموونەکان خۆڵ دەخۆن بۆ ئەوەی لە کاریگەریی خواردنی ناتەندروست رزگاریان بێت
رووداو دیجیتاڵ
لێکۆڵینەوەیەکی نوێ پەردەی لەسەر رەفتارێکی سەیر و نائاسایی مەیموونەکانی "جەبەل تاریق" لاداوە؛ توێژینەوەکە دەریخستووە، ئەم مەیموونانە پەنا بۆ خواردنی خۆڵ دەبەن تاوەکو لەو ئازار و کێشانە رزگاریان بێت، کە بەهۆی خواردنی ناتەندروستی گەشتیارانەوە تووشیان بووە.
بەپێی توێژینەوەیەک کە لە لایەن زانکۆکانی ئۆکسفۆرد، کامبریج و سۆربۆن کراوە، کۆمەڵەیەک لە مەیموونەکانی جۆری "ماکاک" لە ناوچەی جەبەل تاریقی سەر بە بەریتانیا، دوای ئەوەی بڕێکی زۆر لە سوکەژەم و خۆراکی مرۆڤ دەخۆن، دەست دەکەن بە خواردنی خۆڵ بۆ ئەوەی کاریگەریی ئەو خواردنانە لە جەستەیاندا نەمێنێت.
ئەم مەیموونانە کە ژمارەیان نزیکەی 230 دانەیە، سەرچاوەی سەرەکیی راکێشانی گەشتیارانن بۆ جەبەل تاریق. سەرەڕای ئەوەی رێسا تووندەکان و تابلۆکانی ئاگادارکردنەوە داوا لە گەشتیاران دەکەن خواردن بە مەیموونەکان نەدەن و سزاکەشی دەگاتە چوار هەزار پاوەند (5.37 هەزار دۆلار)، بەڵام هێشتا گەشتیاران سوورن لەسەر ئەوەی خواردنی وەک ئایسکرێم، کێک، پەتاتەی سوورکراوە و شوکولاتەیان بدەنێ.
ئەم خواردنانە کە بڕێکی زۆر شەکر، خوێ و شیرەمەنییان تێدایە، دەبنە هۆی تێکدانی سیستەمی خۆراکیی سروشتیی مەیموونەکان کە لە بنەڕەتدا لە میوە، سەوزە و تۆوەکان پێکهاتووە. مەیموونەکان زۆرجار بە شێوەیەکی بوێرانه خواردنەکان لە دەستی گەشتیاران دەڕفێنن یان پاشماوەی ناو تەنەکەی خۆڵەکان دەخۆن.
خۆڵ وەک چارەسەر
پسپۆڕان دەڵێن ئەم رەفتارەی مەیموونەکان کە بە (Geophagy) ناسراوە، جۆرێکی سەرەتاییە لە "چارەسەرکردنی خۆیی". سێڵڤان لێمۆین، مامۆستای مرۆڤناسیی بایۆلۆژی لە زانکۆی کامبریج، رایگەیاند، رێژەی خۆڵخواردن لای ئەم مەیموونانە لە هاویناندا دەگاتە لوتکە، واتە رێک لەو کاتەی ژمارەی گەشتیاران زۆرترینە.
لێمۆین روونیکردەوە: "ئێمە گومان دەکەین کە خۆڵەکە قارچک و زیندەوەرە وردەکانی تێدایە کە دەبنە هۆی هاوسەنگکردنەوەی بەکتریای ناو ریخۆڵەکان، کە بەهۆی خواردنە ناتەندروستەکانەوە تێکچووە."
لەلایەکی دیکەوە، بێثانی ماکسوێڵ، بەرپرسی تەکنیکی لە باخچە بۆتانیکییەکانی جەبەل تاریق، گوتی: "پێشتر دەمانزانی کە ئاژەڵە شیردەرە باڵاکان بۆ رزگاربوون لە ژەهر یان پڕکردنەوەی پێداویستیی خۆراکی خۆڵ دەخۆن، بەڵام ئەم توێژینەوەیە نیشانی دا کە زۆرخۆری لە خواردنی ناتەندروست هۆکارێکی نوێیە بۆ ئەم کارە."
ئەم دۆزینەوەیە دەبێتە هۆی دروستبوونی گوشارێکی زیاتر لەسەر دەسەڵاتدارانی ناوچەکە تاوەکو رێکاری تووندتر بگرنەبەر بۆ پاراستنی تەندروستیی ئەم ئاژەڵانە لەو خواردنانەی گەشتیاران پێیان دەدەن.