ئەمریکا فرۆشتنی چەکی بە تایوان راگرت


رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری هێزی دەریایی ئەمریکا بە وەکالەت رایگەیاند، واشنتن پرۆسەی فرۆشتنی چەکی بە تایوان "راگرتووە" تاوەکو دڵنیابن لەوەی سوپای وڵاتەکەی تەقەمەنیی پێویستی بۆ بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنەکانی لە ئێران لەبەردەستە.
 
هەنگ کاو، سکرتێری هێزی دەریایی ئەمریکا بە وەکالەت لە دانیشتنێکی کۆنگرێسدا سەبارەت بە گرێبەستە 14 ملیار دۆلارییەکەی تایوان گوتی: "ئێستا پشوویەکمان بەو گرێبەستە داوە تاوەکو دڵنیابین لەوەی ئەو تەقەمەنییانەی بۆ ئۆپەراسیۆنی 'تووڕەیی داستانئاسا' پێویستمانە لەبەردەستن کە بڕێکی زۆرمان هەیە."
 
کاو ئاماژەی بەوەش کرد، تەنیا دەیانەوێت دڵنیاببنەوە هەموو شتێکیان لەبەردەستە و فرۆشتنی چەک بە وڵاتانی بیانی هەر کاتێک ئیدارەی دۆناڵد تره‌مپ، سەرۆکی ئەمریکا بە پێویستی بزانێت دەستپێدەکاتەوە.
 
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە دۆناڵد تره‌مپ تاوەکو ئێستا بە فەرمی پابەندبوونی خۆی بە جێبەجێکردنی گرێبەستە سەربازییەکانی تایوان رانەگەیاندووە. تره‌مپ پێش سەردانە فەرمییەکەی بۆ بەیجینگ ئاماژەی بەوە کردبوو کە لەگەڵ شی جین پینگ، سەرۆککۆماری چین، باسی فرۆشتنی چەک بە تایوان دەکات؛ ئەمەش وەک لادانێک لە سیاسەتی چەسپاوی پێشووی واشنتن دەبینرێت، کە هەمیشە رەتیدەکردەوە لەگەڵ پەکین راوێژ لەسەر ئەم بابەتە بکات.
 
سەرۆکی ئەمریکا دوای گەڕانەوەی لە چین گوتی، هیچ بەڵێنێکی بە "شی" نەداوە سەبارەت بە تایوان، بەڵام لە "کاتێکی کورتی داهاتوودا" بڕیاری کۆتایی لەسەر فرۆشتنی چەکەکان دەدات.
 
بەپێی یاساکانی ئەمریکا، واشنتن پابەندە بە دابینکردنی چەکی بەرگری بۆ تایوان، هەرچەندە بە فەرمی تەنیا دان بە حکومەتی بەیجینگدا دەنێت. لە لایەکی دیکەوە، چین تایوان وەک بەشێک لە خاکی خۆی دەبینێت و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی کردووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی و لە ساڵانی دواییدا گوشارێکی سەربازیی زۆری خستووەتە سەر ئەو دوورگەیە.
 
ئەم پەرەسەندنە نوێیە نیشانەی ئەوەیە کە جەنگی ئێران بووەتە هۆی خاڵیبوونی بەشێکی بەرچاو لە کۆگاکانی چەکی ئەمریکا، ئەمەش واشنتنی ناچار کردووە کارە لە پێشینەکانی خۆی بگۆڕێت و هاوکارییەکانی بۆ هاوپەیمانەکانی دیکەی لە ناوچەکانی دیکەی جیهان سنوردار بکات.