کوڕە گەورەکەی ترەمپ ژیانی هاوژینی پێکدەهێنێت و رەنگە باوکی ئامادەی زەماوەندەکەی نەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ جونیەر، کوڕە گەورەی سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی یەکشەممە لە دوورگەیەکی بچووک زەماوەند دەکات، بەڵام پێدەچێت باوکی بەهۆی سەرقاڵییەوە نەتوانێ لە ئاهەنگەکەدا بەشدار بێت.
 
تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن لە زاری دوو سەرچاوەوە بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ جونیەر لەگەڵ خانمێک بەناوی بێتینا ئەندەرسن لە دوورگەکانی بەهاما ئاهەنگێکی بچووک دەگێڕن.
 
ئاهەنگەکە زۆر تایبەت دەبێت و بۆ ئەوەی دوور بێت لە چاوی کامێراکان، ژمارەی میوانەکان لە 50 کەس کەمتر دەبن، کە تەنیا ئەندامانی خێزانەکە و نزیکترین هاوڕێکانیان دەگرێتەوە. بڕیارە خوشک و براکانی ترەمپ جونیەریش بەشدار بن.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، نەچوونی سەرۆکی ئەمریکا بۆ زەماوەندەکە شتێکی چاوەڕوانکراوە، چونکە بووک و زاوا دەیانەوێ ئاهەنگەکەیان دوور بێت لە قەرەباڵخی و رێکارە ئەمنییە تووندەکانی تایبەت بە پاراستنی سەرۆک، تاوەکو میوانەکان بێزار نەبن.
 
کاتێکیش لەنێو کۆشکی سپی پرسیار لە ترەمپ کرا کە ئایا دەچێتە زەماوەندەکە، لە وەڵامدا گوتی: "کوڕەکەم دەیەوێ من بچم، ئاهەنگەکە زۆر بچووک و تایبەت دەبێت، هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ ئەوەی بەشدار بم، بەڵام کاتەکە بۆ من گونجاو نییە، بەتایبەتی بەهۆی پرسی ئێران و چەند بابەتێکی دیکەوە."
 
ترەمپ باسی لەوەش کرد کە ئەگەر بچێت رەخنەی تووندی لێدەگیرێ، ئەگەر نەشچێت هەر رەخنەی لێدەگیرێ.
 
ئەمە دووەم جارە ترەمپ جونیەر ژیانی هاوژینی پێکدێنێت. پێشتر بۆ 12 ساڵ هاوژینی ڤانێسا بوو و لە ساڵی 2018 جیابوونەوە.
 
ڤانێسا رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، تووشی شێرپەنجەی مەمک بووە.
 
ترەمپ جونیەر لە ساڵی 2020 تاوەکو 2024 دەستگیرانی خانمێک بوو بەناوی کیمبەرلی گیلفۆیڵ، کە ئێستا باڵیۆزی ئەمریکایە لە یۆنان.