ژێردەریایی تایتن دۆزرایەوە؛ "سەرجەم سەرنشینەکانی گیانیان لەدەستداوە"
رووداو دیجیتاڵ
پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو ژێردەریایەی لە کاتی گەشتکردن بۆ بینینی پاشماوەی کەشتیی تایتانیک لە زەریای ئەتڵەسیدا ونببوو، دۆزراوەتەوە و هەر پێنج سەرنشینەکەی گیانیان لەدەستداوە.
دوای چەند رۆژێک لە هەڵمەتێکی فرەنەتەوەیی بۆ دۆزینەوەی ژێردەریایی تایتن، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمریکا دۆزینەوەی پاشماوەی ژێردەریایەکەیان پشتڕاستکردەوە کە بە گوتەی خۆیان، لە دووری 480 مەتر لە پاشماوەی تایتانیکەوە دۆزراونەتەوە.
جۆن ماگێر، ئەدمیڕالی پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمریکا باسی لەوە کرد، پێنج پارچەی گەورەی ژێردەریاییەکەیان لە نزیک ئەو شوێنە دۆزیونەتەوە، کە بە گوتەی ماگێر، ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی ژێردەریاییەکە "بەشێوەیەکی کارەساتبار قۆپاوەتەوە."
ژێردەریایی تایتن، کاژێر 8:00ی بەیانیی رۆژی یەکشەممەی رابردوو، شۆڕبووەوە بۆ نێو زەریا، بڕیاربووە حەوت کاژێر دوای ئەوە بگەڕێتەوە سەر رووی زەریاکە.
هامش هاردینگ، ملیاردێری بەریتانی؛ شازادە داوود، ملیاردێری پاکستانی و سلێمانی کوڕی، کە هەردووکیان وڵاتینامەی بەریتانییان هەیە، لەگەڵ پۆڵ نارجیڵۆت، کەشتیوانی پێشووی هێزی دەریایی فەرەنسا و ستۆکتن رەش، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئۆشنگەیت کە خاوەنی ژێردەریاییەکەیە، لە نێویدا بوون.
خێزانەکانی پێنج سەرنشینەکە لە گیانلەدەستدانیان ئاگادارکراونەتەوە، بەڵام جۆن ماگێر، ئەدمیڕالی پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمریکا گوتی، ناتوانن دڵنیابنەوە لەوەی کە ئایا دەتوانن تەرمیان بێننەدەرەوە یان نا، چونکە بە گوتەی خۆی، بنی زەریاکە "ژینگەیەکی زۆر بێبەزەییە."
ئەدمیڕالەکە گوتی: "بە ناوی پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمریکا و تەواوی فەرماندەیی یەکگرتوو، ئەوپەڕی سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خێزانەکانیان دەکەم."
جۆن ماگێر ئاماژەی بەوە کرد، ئەو رۆبۆتانەی لە دۆزینەوەی ژێر دەریایی تایتندا بەکارهێنراون، لە بنی دەریاکە دەمێننەوە.
پێش کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەی پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمریکا، کۆمپانیای ئۆشنگەیت لە راگەیێندراوێکدا گوتبووی: "ئێستا ئێمە بڕوامان وایە، بەڕێوەبەری جێبەجێکارمان ستۆکتن رەش، شازادە داوود و سولەیمان داوودی کوڕی، هامیش هاردینگ و پۆڵ هێنری نارجیلۆت بە داخەوە نەماون."
لە راگەیێندراوەکە هاتبوو: "ئەم پیاوانە گەڕیدەی راستەقینە بوون کە گیانێکی بێوێنەی سەرکێشی و سۆزێکی قووڵ بۆ گەڕان بە نێو ئۆقیانووسەکانی جیهان و پاراستنیان کۆیکردبوونەوە. دڵمان لای ئەو پێنج رۆحە و هەموو ئەندامانی خێزانیانە لەم کاتە تراژیدیەدا."
ژێردەریاییەکە لە سەرەتای گەشتەکەیەوە، بەشی 96 کاژێر ئۆکسجینی پێ بوو. مەزەندە دەکرا بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، ئۆکسجینەکەی تەواو بووبێت و سەرنشینەکانی گیانیان لەدەستدابێت، بەڵام بەڵام وێڕای تەواوبوونی ئەو وادەیە، جۆن ماگێر، ئەدمیڕالی پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمریکا رایگەیاندبوو، ئەوان "تەواو پابەندن" بە دۆزینەوەی ژێردەرییایەکە، چونکە "پێویستە ئیرادەی خەڵکیش بۆ مانەوە لە ژیان لەبەرچاوبگیرێت، بۆیە بەردەوامین لە گەڕان و هەوڵەکانی رزگارکردن."
"دەنگەکان پەیوەندیی بە ژێردەریاییەکەوە نەبوو"
ژمارەیەک ئامێر و شارەزای دیکە لە 24 کاژێری کۆتاییدا لە گەڕانەکەدا بەشدار بوون و لە رێگەی سۆنارەوە هەست بە چەند دەنگێکی ناڕوون لە ژێر دەریادا کرا، کە ئەوەش وایکرد گەڕانەکان لە نزیک شوێنی سەرچاوەی دەنگەکان چڕبکەنەوە، بەڵام دواتر جۆن ماگێر رەتیکردەوە ئەو دەنگانە پەیوەندییان بە تایتنەوە هەبووبێت.
جۆن ماگێر دوای راگەیاندنی دۆزینەوەی کەشتییەکە، لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەیدا گوتی: "ئەمە قۆپانەوەیەکی کارەساتباری کەشتییەکە بووە، کە دەنگێکی گەورەی دروستکردووە و دەبوو سۆنارەکان هەستیپێبکەن،" هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کە ئامێرەکانی گوێگرتن و چاودێریکردنی دەنگەکان، لە کاتی گەڕان بە دوای تایتندا، هیچ ئاماژەیەکی قۆپانەوەکەیان تۆمارنەکردووە کە دەگوترێت بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی سەرنشینەکانی.