کارمەندانی باخچەیەکی ئاژەڵان شۆک بوون کاتێک گۆریلایەک کە وایاندەزانی نێرە، بێچووی بوو

رووداو دیجیتاڵ 

ماوەی چوار ساڵ کارمەندانی باخچەی ئاژەڵانی کۆڵۆمبۆس لە ئۆهایۆ، گۆرێلایەکیان بەخێوکردووە و وایانزانیوە نێرە، بەڵام بێچوویەکی بوو و شۆک بوون کە زانیان لەراستیدا گۆریلاکە مێ بووە.
 
باخچەی ئاژەڵانی کۆڵۆمبۆس رایگەیاند، ئەو گۆریلایە ناوی سوولییە و لە ساڵی 2019ـەوە لە باخچەکەیاندا دەژی. رۆژی پێنجشەممە (20-7-2023) لەگەڵ بێچووەکەی دۆزراوەتەوە. پارێزەرانی باخچەی ئاژەڵان رایانگەیاند، تەندروستیی بێچووەکە باش دیارە و سوولیش کە تەمەنی 8 ساڵە و ئەو تەمەنەش بچووکە بۆ گۆریلا بۆ ئەوەی بێچووی ببێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سوولی دایکێکی زۆر باشە. 

 

 
باخچەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، سوولی هەمیشە تەندروستییەکی باشی هەبووە. تاوەکو تەمەنی سەرووی 8 ساڵان هیچ نیشانەیەک نییە بۆ دیاریکردنی رەگەزی گۆرێلا، بۆیە هەرگیز پێویستی بە پشکنین نەبووە، کە ئەوەش بووەتە هۆی تێکەڵکردنی رەگەزەکەی. 
 
لەدایکبوونەکە چاوەڕواننەکراو بووە، بەڵام سەرنجڕاکێش بوو بۆ تیمی چاودێری و گرینگییەکی تەواوی پێ دەدەن. 
 
گۆریلاکان، بەهۆی گەورەیی سکیانەوە نیشانەی دووگیانبوونیان لێ بەدەر ناکەوێت و گۆرێلای ساوا بە شێوەیەکی گشتیی لە منداڵی مرۆڤ بچووکترە.

 

باخچەی ئاژەڵانی کۆڵۆمبۆس لە ساڵی 1956 دامەزراوە، بە لەدایکبوونی ئەم گۆرێلایە ژمارەی لەدایکبوونی گۆرێلا تێیدا گەیشتووەتە 34، بەشێکی کارەکانی ئەو باخچەیە، پاراستنی ئاژەڵە دەگمەنەکانە.
 
باخچەی ئاژەڵانی کۆڵۆمبۆس دەڵێت، پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ دەستنیشانکردنی باوکی بێچووە گۆریلا تازە لەدایکبووەکە دەکات.