بەریتانیا چ خزمەتگوزارییەک لە نێو پاپۆڕە زەبەلاحەکەدا پێشكێش بە پەناخوازان دەکات؟

رووداو دیجیتاڵ 

ئەو پەناخوازانەی بڕیارە لە پاپۆڕی بیبی ستۆکهۆڵمدا نیشتەجێ بکرێن، پارە و خواردنیان پێ دەدرێت و ژمارەیەک چالاکیی وەرزشی و کولتووریشیان بۆ رێکدەخرێت بۆ ئەوەی ئاشنای شێوازی ژیانی بەریتانی بن. 
 
میدیای بەریتانی ئاماژە بەوەش دەکات، چالاکیی شاخەوانی، پاسکیلسواری و کریکێت بۆ پەناخوازانی نێو پاپۆڕە زەبەلاحەکە رێکدەخرێن. 
 
پەناخوازان هەروەها بێ بەرامبەر پاس و  تەکسییان بۆ دەگیرێت بۆ ئەوەی بچنە نێو شار و لە چالاکییە کولتوورییەکاندا بەشدار بن. 
 
لە نێو پاپۆڕەکەدا کە لە شێوەی هۆتێلێکی سەرئاوکەتوودایە، شوێنی سەیرکردنی تەلەڤزیۆن، هۆڵی لەشجوانی، 222 ژووری نووستن کە ئاودەستیشیان لە نێودایە، هەروەها خواردنگەیەک هەیە کە بەردەوام کراوەیە. هەموو ئەوانە بۆ پەناخوازان بێبەرامبەرن. 
 

لە ماوەیەکی نزیکدا، ئەو پاپۆڕە دەبێتە ماڵی کاتیی نزیکەی 500 پەناخواز. 
 
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا وەکو چارەسەرێک ئەو پاپۆڕە سێ نهۆمییە بەکاردەێنێت بۆ ئەوەی خۆی لەو شەش ملیۆن پاوەندە رزگاربکات کە رۆژانە بەهۆی تێچووی هۆتێلی پەناخوازانەوە لەسەری دەکەوێت. 
 
پاپۆڕەکە کە هێندەی یاریگەیەکی تۆپی پێ درێژە، لە بەندەرێکی دوورگەی پۆرتلاند لەنگەری گرتووە. 
 
دانیشتووانی ناوچەکە بەهۆی پاپۆڕەکەوە بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون. بەشێکیان نیگەرانن لەوەی کە ئیدی 500 هاووڵاتی بیانی بەنێو کوچە و کەنارەکانی شارەکەیاندا هاتووچۆ دەکەن. بەشەکەی دیکەیان دەڵێن دژایەتیکردنی پەناخوازان "نەژادپەرستیە" و رەخنەش لە پاپۆڕەکە دەگرن بەوەی کە خزمەتگوزارییەکانی وەکو پێویست باش نین. 
 
پەناخوازەکان ئازادانە هاتووچۆ بۆ دەرەوەی پاپۆڕەکە دەکەن، بەڵام هەموو جارێک دەپشکنرێن بۆ ئەوەی هیچ ئامراز و چەکێک هەڵنەگرن. 
 
هەر ژوورێکی پاپۆڕەکە دوو پەناخوازی تێدا دەخەوێت و دۆڵاب و تەلەڤزیۆنیشی تێدایە. دیزاینی ناوەوەی پاپۆڕەکە سادە و سەرەتاییە.
 

هەروەها پاپۆڕەکە ژووری تەلەڤزیۆن، جلشۆر و هۆڵی لەشجوانی تێدایە. لە زۆربەی شوێنەکان رێنمایی دانراون کە ئەگەر پەناخوازان پێیانەوە پابەندبن بۆ پاراستنی پاکوخاوێنیی ناوەوەی پاپۆڕەکە، ئەوا نمرەیان پێ دەدرێت، کە دەتوانن جل و خۆراکی پێ وەربگرن. 
 
لە خواردنگە بێبەرامبەرە 24 کاژێرییەکەشدا، ژمارەیەک خۆراکی جۆراوجۆر پێشكێشی پەناخوازان دەکرێت. 
 

هەروەها پۆلێک هەیە بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی، لەگەڵ ژوورێکی کۆمپیوتەر کە WiFiی بێبەرامبەری تێدایە. جگە لەوە، پەرستارێک لە ژوورێکی پزیشکیدا دانراوە بۆ چارەسەرکردنی پەناخوازان. 
 
چاوەڕێ دەکرێت ئەم پاپۆڕە بۆ چەندین مانگ ببێتە ماڵی ئەو پەناخوازانەی لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە خۆیان دەگەیێننە بەریتانیا.
 
پەناخوازەکان لەوێ دەمێننەوە تاوەکو دۆسیەی مافی پەناخوازییان لە لایەن دامودەزگاکانی بەریتانیا یەکلایی دەکرێتەوە، ئەوەش بەشێکی 13 هەزار دانیشتووەکەی دوورگەی پۆرتلاندی خستووتە دڵەڕاوکێوە و هەبوونی 500 هاووڵاتی لە دوورگەکەیان بۆ ماوەیەکی نادیاریکراو، نائاسوودەی کردوون. 
 
پەناخوازەکان خولێکیان پێ دەدرێت بۆ ئەوەی ئاشنای یاسا و رێسای کۆمەڵگەی پۆرتلاند ببن. 
 
هەموو رۆژێک، ژمارەیەک پاس بێبەرامبەر لەنێوان کاژێر 7:00ی بەیانی تاوەکو 11:00ی شەو، پەناخوازان دەبەنە کەنارە گەشتیارییەکانی ناوچەکە.
 

هەروەها ژمارە تەلەفۆنێکی تایبەت دانراوە بۆ ئەوەی پەناخوازەکان داوای تەکسیی بێبەرامبەر بکەن. 
هەر کۆچبەرێکیش، هەفتانە 9.58 پاوەند (12 دۆلار)ی پێ دەدرێت. 
 
پاپۆڕی بیبی ستۆکهۆڵم لە هەمان ئەو شوێنە لەنگەری گرتووە کە پێشتر کەشتییەک کە وەکو زیندان بەکاردەهێنرا، لێی بوو.