ئەمریکا 250 دۆلار وەک باجی نوێی ڤیزا دەسەپێنێت

 
‎رووداو دیجیتاڵ

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باجێکی نوێ بەناوی "باجی دەستپاکیی ڤیزا" بە بڕی لانیکەم 250 دۆلار دەخاتە سەر تێچووی ئێستای وەرگرتنی ڤیزا.
 
ئەم باجە نوێیە، کە بەشێکە لە یاسای "یەک پرۆژەیاسای گەورەی جوان"، کاریگەریی لەسەر زۆربەی گەشتیارانی بیانی، خوێندکارانی نێودەوڵەتی و سەردانیکەرانی کاتی دەبێت، کە پێویستیان بە وەرگرتنی ڤیزای کاتی هەیە بۆ چوونە ناو ئەمریکا.
 
ڤیزای کاتی، ئەو جۆرە کەسانە وەریدەگرن کە بە مەبەستی بازرگانی، خوێندن یان هەر مەبەستێکی دیکە سەردانی ئەمریکا دەکەن بەبێ ئەوەی نیازی وەرگرتنی مافی پەنابەری یان مانەوەی هەمیشەییان هەبێت؛ ئێستا کرێی دەرهێنانی ڤیزاکە 185 دۆلارە.
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، لە ساڵی دارایی 2024دا، واشنتن نزیکەی 11 ملیۆن ڤیزای لەم جۆرەی دەرکردووە.
 
گەشتیاران و بازرگانانی ئەو وڵاتانەی کە لە پڕۆگرامی لێخۆشبوونی ڤیزادان، لەوانە ئوسترالیا و زۆربەی وڵاتانی ئەورووپا، پێویست ناکات ئەم باجە بدەن.
 
پارەکە لە کاتی دەرچوونی ڤیزاکەدا وەردەگیرێت و هیچ لێخۆشبوونێک نییە. بەپێی یاساکە، ئەو گەشتیارانەی پابەندی مەرجەکانی ڤیزاکانیان دەبن، دەتوانن دوای گەشتەکەیان پارەکەیان بۆ بگەڕێندرێتەوە، هەرچەندە میکانیزمی وەرگرتنەوەی پارەکە هێشتا روون نییە.
 
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەم باجە "پشتگیری لە پێشینەکانی ئیدارە دەکات بۆ بەهێزکردنی جێبەجێکردنی یاساکانی کۆچ، ڕێگریکردن لە مانەوەی نایاسایی و دابینکردنی بودجە بۆ ئاسایشی سنوورەکان."
 
ئەو پارانەی کە ناگەڕێندرێنەوە، دەخرێنە سەر سندووقی گشتیی گەنجینەی ئەمریکا.
 
کۆمەڵەی گەشتیاریی ئەمریکا رەخنەی لەم بڕیارە گرتووە و بە "هەنگاوێکی گەورە بۆ دواوە" وەسفی کردووە، چونکە پێی وایە ئەمە بەربەستێکی دارایی ناپێویست بۆ سەردانیکارانی نێودەوڵەتی دروست دەکات.