"ئێف بی ئای" هەڵیکوتایە سەر ماڵی بەرپرسێکی پێشووی ئەمریکا؛ ترەمپ بەرپرسەکە بە "سووک" ناودەبات
رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی ئەمریکا هەڵیانکوتایە سەر ماڵ و نووسینگەی جۆن بۆڵتن، کە پێشتر راوێژکار و یاریدەدەرێکی نزیکی ترەمپ بوو، بەڵام ئێستا نێوانیان تێکچووە.
بۆڵتن لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بوو و زۆر لە ترەمپەوە نزیک بوو، بەڵام دواتر بووە رەخنەگرێکی سەرسەختی سەرۆکە کۆمارییەکە.
فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (ئێف بی ئای) رۆژی هەینی 22ی ئاب هەڵیکوتایە سەر ماڵەکەی بۆڵتن لە ماریلاند و نووسینگەیەکی لە شاری واشنتن دی سی.
ئاژانسی هەواڵیی ئەسۆشیەیتد پرێسی ئەمریکی لە زاری "سەرچاوەیەکی ئاگادار"ەوە دەڵێت، رێکارەکەی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییە نێوخۆییەکە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە بووە لە چۆنێتیی مامەڵەکردنی بۆڵتن لەگەڵ بەڵگەنامە هەستیار و نهێنییەکانی حکومەتی ئەمریکا، کە پێشتر لە دەستی ئەودا بوون.
ترەمپ لە واشنتن دی سی بە رۆژنامەڤانانی گوت، "هیچ شتێک" لەبارەی هەڵکوتانە سەر ماڵ و نووسینگەی بۆڵتن نازانێت و لە تەلەڤیزیۆنەوە زانیویەتی، بەڵام هێرشی تووندی کردە سەر و گوتی، بۆڵتن کەسێکی "سووک"ە و "کابرایەکی زیرەک نییە."
بۆڵتن دەستگیرنەکراوە
کۆشکی سپی، وەزارەتی داد و ئێف بی ئای رەتیان کردەوە لەسەر بابەتەکە روونکردنەوە بە رۆژنامەڤانان بدەن؛ بەڵام بەپێی سەرچاوەکان، بۆڵتن دەستگیر نەکراوە.
بەڵام کاش پاتێل، بەڕێوەبەری ئێف بی ئای بە ناڕاستەوخۆ لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا باسی لە بۆڵتن کرد و نووسی، "هیچ کەس لە سەرووی یاساوە نییە. ئەندامانی ئێف بی ئای ئێستا خەریکی جێبەجێکردنی ئەرکێکن."
پاتێل لە پەرتووکێکی ساڵی 2023یدا بە گومانەوە باسی لە بۆڵتن کردبوو و بە "ئەندامێکی جێبەجێکاری دەوڵەتی قووڵ" ناوی بردبوو.
پام بۆندی، داواکاری گشتیی ئەمریکا پۆستەکەی پاتێلی بڵاوکردووەتەوە و لەگەڵیدا نووسیویەتی، "ئاسایشی ئەمریکا قسەی لەسەر ناکرێت. هەمیشە دادپەروەری بەجێ دەگەیێندرێت."
بۆڵتن 17 مانگ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئیدارەی ترەمپ بوو. لەسەر پرسی ئێران، ئەفغانستان و کۆریای باکوور، دانوویان پێکەوە نەدەکوڵا.
دواجار لە ئەیلوولی 2019، ترەمپ بە تویتێک رایگەیاند، راوێژکارەکەی لە کارەکەی دوورخستووەتەوە.
پاشان بۆڵتن پەرتووکێکی لە بارەی ماوەی کاری خۆی لەنێو حکومەتەکەی ترەمپدا بڵاوکردەوە کە وایکرد ئیدارەی ترەمپ رەخنەی تووندی لێ بگرن. بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ گوتیان، بۆڵتن نهێنییەکانی حکومەتی ئاشکرا کردووە و دۆسیەیەکیان دژ کردەوە. بەڵام ساڵی 2021، وەزارەتی داد دەستبەرداری سکاڵاکەی بوو.
لە دوایین هەڤپەیڤینیدا لەگەڵ کەناڵی ABC، پرسیار لە بۆڵتن کرا کە تا چەند رێکارەکانی ئیدارەی ترەمپ دژی ئەو، نیگەرانیان کردووە.
بۆڵتن گوتی، ترەمپ لە زووەوە "بڕیاری داوە بەدوام بکەوێت." هەروەها گوتی، "پێم وایە ئەم خولەی سەرۆکایەتییەکەی، بۆ تۆڵەسەندنەوەیە."
پارێزەرێکی بۆڵتن ئاماژەی بەوە کردووە، پەرتووکەکە دوای ئەوە بڵاوکراوەتەوە کە بەرپرسێکی ئاسایشی نیشتمانیی سەر بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، نێوەڕۆکەکەی بینیوە و پێی گوتووە، زانیاریی نهێنی تێدا نییە.
ترەمپ کە ئەم ساڵ گەڕایەوە کۆشکی سپی، لە یەکەمین رۆژی دەستبەکاربوونەوەی خۆی وەک سەرۆک، بڕیاری دا پاسەوانی حکومی لە نزیکەی 50 بەرپرسی پێشوو وەربگرێتەوە؛ بۆڵتن یەکێک بوو لەوانە.