بۆ رێگریکردن لە سەپاندنەوەی سزا تووندەکان، ئێران لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا کۆدەبێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئێران دەڵێت، هەفتەی داهاتوو دیپلۆماتەکانی لەگەڵ هاوتا بەریتانی، فەرەنسی و ئەڵمانییەکانیان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پڕۆگرامی ئەتۆمی کۆدەبنەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە ئەو سێ وڵاتە تاوتوێی سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر تاراندا دەکەن.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و دیپلۆماتە باڵاکانی ئەورووپا، رایگەیاند، "رێککەوتن کراوە رۆژی سێشەممە لەسەر ئاستی جێگرانی وەزیرانی دەرەوە، گفتوگۆکانی ئێران لەگەڵ سێ وڵاتە ئەورووپییەکە و یەکێتیی ئەورووپا بەردەوام بن."
 
ئەوەش لە کاتێکدایە کە زلهێزە ئەورووپییەکان هۆشدارییان بە تاران داوە دانوستاندنی بەپەلە بکات بۆئەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی بەسەردا نەسەپێندرێنەوە.
 
مانگی تەممووز، واتە دوای جەنگە 12 رۆژییەکەی مانگی حوزەیران لەگەڵ ئیسرائیل، ئێران پێکەوە کارکردن و هاوئاهەنگیی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) راگرت، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە دەزگای چاودێریی ئەتۆمیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکای بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی نەکرد.
 
سێ وڵاتە ئەورووپییەکە، کە لایەنی واژۆکاری رێککەوتنی مێژوویی ئەتۆمیی ساڵی 2015ن، هەڕەشەیان کردووە کە ئەگەر ئێران تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە پابەندی نێوەڕۆکی رێککەوتننامەکە نەبێتەوە، ئەوا سزا تووندەکانی بەسەردا دەسەپێننەوە.
 
ئەو هەنگاوە دەبێتەهۆی سەپاندنەوەی ئەو سزا بەرفراوانانەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەدوای واژۆکردنی رێککەوتنەکەی 2015 هەڵگیران، مەگەر ئێران رازی بێت بە سنووردارکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم و دەستپێکردنەوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم.
 
فەرەنسا دانوستانەکانی پشتڕاستکردەوە و هۆشداریدا کە کاتێکی کەم لەبەردەم ئێراندا ماوە.
 
ژان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "تازە پەیوەندییەکی گرنگمان لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەمان ئەنجامدا سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکە و ئەو سزایانەی سەر ئێران کە ئامادەکاری بۆ سەپاندنەوەیان دەکەین." 
 
دیپلۆماتەکە ئاماژەی بەوەشکرد کە هاوتا بەریتانی و ئەڵمانییەکەی و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە پەیوەندییەکەدا بەشدار بوون.
 
بارۆ گوتیشی، "خەریکە کات نامێنێت. هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی نوێ لەسەر ئەم پرسە دەکرێت."
 
یۆهان ڤادەفوول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، وڵاتەکەی "پابەندە بە دیپلۆماسی، بەڵام کات زۆر کەمە."
 
هەروەها گوتی، "پێویستە ئێران بە شێوەیەکی جیدی بێتە پێشەوە بۆ ئەوەی خۆی لە کاراکردنی میکانزمی سەپاندنەوەی سزاکان بپارێزێت. ئێمە روونمان کردووەتەوە کە رێگە نادەین کاتی گەڕاندنەوەی سزاکان بەسەربچێت، مەگەر رێککەوتنێکی پشتڕاستکراو و بەردەوام هەبێت."
 
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا گوتی، "لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کۆتایی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان، ئامادەیی ئێران بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا زۆر گرنگە. هەروەها دەبێت ئێران بە تەواوی هاوئاهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بکات."
 
هێشتا روون نییە دانوستانەکان لە کوێ دەکرێن.
 
ئێران هۆشداری لە لێکەوتەکانی سەپاندنەوەی سزاکان دەدات
 
ئیسرائیل لە مانگی حوزەیراندا هێرشێکی گەورەی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمی، سەربازی و سڤیلەکانی ئێران کە وایکرد تاران بە هێرشی مووشەکی و درۆنی وەڵامی بداتەوە.
 
ئەمریکاش چووە پاڵ ئیسرائیلی هاوپەیمانی و ژمارەیەک ناوەندی ئەتۆمیی گرنگی ئێرانی لە قووڵایی خاکی ئەو وڵاتەدا کردنە ئامانج.
 
ئێران و سێ وڵاتە ئەورووپییەکە، لە کۆتایی مانگی تەممووزدا لە کۆنسووڵخانەی ئێران لە ئیستەنبووڵ کۆبوونەوە. تاران دانوستاندنەکەی بە "راشکاوانە" ناوبرد.
 
جەنگە 12 رۆژییەکەی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل، دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی لەگەڵ ئەمریکا پەکخست و وایکرد پێکەوەکارکردن لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رابگرێت.
 
رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 ئامانجی ئەوە بوو رێگری لە ئێران بکات تاوەکو نەتوانێت بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات.
 
ئێران بەردەوام رەتیکردووەتەوە ئامانجی بۆمبی ئەتۆمی بێت. 
 
رێککەوتنەکە لە ساڵی 2018دا پەکی کەوت، کاتێک دۆناڵد ترەمپ لە یەکەم خولی سەرۆکایەتییدا بە شێوەیەکی تاکلایەنە ئەمریکای لە رێککەوتنەکە کشاندەوە و سزای تووندی بەسەر ئابووریی ئێراندا سەپاندەوە.
 
ئێران لەو کاتەوە بەردەوام رەخنەی لە ئەورووپا گرتووە بەهۆی پابەندنەبوونیان بە بەڵێنەکانیان لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەدا.
 
عێراقچی رۆژی هەینی دووپاتیکردەوە کە "ئەو وڵاتانە شایستەیی یاسایی و ئەخلاقییان نییە پەنا بۆ ئەو میکانیزمە ببەن" و هاوکات هۆشداری دا لە "لێکەوتەکانی هەنگاوێکی لەو جۆرە."
 
ئێران پێشتر رایگەیاندبوو ئەگەر میکانیزمەکە، کە لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەدا هاتووە، لەلایەن ئەورووپییەکانەوە کارا بکرێ، ئەوا لە پەیمانی قەدەخەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) دەکشێتەوە.
 
وادەی کاراکردنی میکانیزمەکە لە مانگی تشرینی یەکەمدا کۆتایی دێ، بەڵام ئەورووپییەکان بڕیاریان داوە لە کۆتایی مانگی ئاب کارای بکەن، ئەگەر دیپلۆماسی شکست بێنێت. 
 
عێراقچی رۆژی هەینی گوتی، "ئەمە بڕیارێکە کە دەبێت لە بنەڕەتدا لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بدرێت، لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵوێست و بۆچوونی خۆی لەمبارەیەوە هەیە، بەڵام بەشدار نییە لەم پرۆسەیەدا."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران لە سەرەتای ئەم مانگەدا رایگەیاند کە ئێران لەگەڵ چین و رووسیا کاردەکات بۆ رێگریکردن لە گەڕاندنەوەی سزاکان.