ترەمپ دەڵێت، رەنگە هیچ نەکات ئەگەر پووتین و زیلینسکی کۆنەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رۆژی هەینی رایگەیاند، لە ماوەی دوو هەفتەدا بڕیارێکی "گرنگ" لەبارەی هەوڵەکانی ئاشتیی ئۆکرایناوە دەدات و گوتی، یان سزای زۆر قورس بەسەر مۆسکۆدا دەسەپێنێت یان "رەنگە هیچ شتێک" نەکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نووسینگەی سەرۆک لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت، "دڵخۆش نییە" بە هێرشەکەی رۆژی پێنجشەممەی رووسیا، کە کارگەیەکی ئەمریکیی لە ئۆکراینا کردە ئامانج و ئاماژەی بەوەش کرد، "بە هیچ شتێک کە پەیوەندیی بەو جەنگەوە هەبێت، دڵخۆش نییە."
بەڵام ترەمپ گوتیشی، دەیەوێت سەرەتا بزانێت ئایا ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کۆدەبنەوە یان نا.
کاتێک پرسیاری لێکرا لە کۆتایی ئەو دوو هەفتەیەدا چی دەکات، ترەمپ گوتی، "پێم وایە دواتر دەزانم. پێم وایە بۆم دەردەکەوێت هەڵوێستی رووسیا و هەڵوێستی ئۆکرایناش چییە. ئەمە پێویستی بە هەردوو لایە."
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها گوتی، "بڕیارێک دەدەم کە چی دەکەین و بڕیارێکی زۆر گرنگ دەبێ، ئەویش ئەوەیە کە ئایا سزای زۆر قورس یان باجی گومرگیی گەورە یان هەردووکیان دەسەپێنین. یان هیچ ناکەین و دەڵێین 'ئەوە شەڕی خۆتانە'."
ترەمپ چەندین جار دوو هەفتەی وەکو وادەی بڕیاردان لەسەر ئۆکراینا و پرسەکانی دیکە راگەیاندووە، بەڵام زۆربەی ئەو وادانەی جێبەجێ نەکردوون.
رۆژی هەینی، رووسیا رەتیکردەوە پووتین لە ماوەیەکی نزیکدا لەگەڵ زیلینسکی کۆبێتەوە، سەرەڕای ئەوەی ترەمپ رۆژی دووشەممە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی ئۆکراینا و ئەورووپا رایگەیاند کە کار بۆ رێکخستنی کۆبوونەوەیەک دەکات.
ترەمپ رۆژی هەینی گوتی، رێکخستنی کۆبوونەوەیەک لەنێوان زیلینسکی و پووتین وەک "تێکەڵکردنی رۆن و ئاو" قورسە.
سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەڤانانی گوت: "دەبینین ئایا پووتین و زیلینسکی پێکەوە کاردەکەن یان نا. دەزانن، ئەمە کەمێک وەک رۆن و ئاو وایە. ئەوان پێکەوە هەڵناکەن."
ترەمپ گوتیشی سەیر دەکات بۆ ئەوەی بزانێت ئایا پێویست دەکات خۆی بەشداریی لە لووتکەی رووسیا – ئۆکراینا بکات یان نا.