سوودانى: بایدن بۆ کۆشکی سپی بانگهێشتی کردووم

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانى عێراق ئاشکرایکرد کە سەرۆکى ئەمریکا بانگهێشتى کردووە سەردانی کۆشکی سپی بکات. دەشڵێت، وەزارەتى بەرگریى ئەمریکا رەشنووسى یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان رادەستکردوون کە تایبەتە بە پەیوەندیى نێوان عێراق و هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژی داعش.
 
محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، کە ئێستا بۆ بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرکە رایگەیاند، هەردوو وەزارەتى دەرەوەى عێراق و ئەمریکا کار لەسەر سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی دەکەن بۆ کۆشکی سپی و گوتی: "جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمریکا بانگهێشتی کردووم بۆ کۆشکی سپی."
 
محەممەد شیاع سوودانى گوتیشى: "پێویستە تاوتوێى رێککەوتنى چوارچێوەى ستراتیژى بکرێت و کارابکرێت کە دۆسیەکانى ئابوورى و خوێندن و ئەمنى و رۆشنبیرى لەخۆ دەگرێت."
 
لە 17ى تشرینى دووەمى 2008 عێراق و ویلایەتە یەکگرتووکانى ئەمریکا رێککەوتنى چوارچێوەى ستراتیژیی نێوانیان واژۆکرد، کە تایبەت بوو بە شێوازى هاریکارى و پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات لە سەرجەم بوارەکاندا، لەسەر بنەماى ئەو رێککەوتنەش لە کۆتایی ساڵى 2011 هێزە سەربازییە شەڕکەرەکانى سوپاى ئەمریکا لە عێراق کشانەوە. 
 
محەممەد شیاع سوودانى ئاشکرایکرد، رەشنووسى یاداشتنامەیەکى لێکتێگەیشتنیان لەلایەن وەزارەتى بەرگریى ئەمریکاوە بەدەست گەیشتووە کە تایبەتە بە پەیوەندیى نێوان عێراق و هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژی داعش و ئێستا ئەو رەشنووسە لەلایەن وەزارەتى بەرگریى عێراقەوە تاوتوێ دەکرێت. 
 
ئەو گوتانەى سوودانى لە چاوپێککەوتنێکدا بوو لەگەڵ  تۆڕى سی ئێن ئێى ئەمریکى، کە هاوکاتە لەگەڵ سەردانەکەى بۆ ئەمەریکا.
 
سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، رژدن لەسەر رێگریکردن لە گرووپە چەکدارەکان بۆ قۆستنەوەى بوونیان لەسەر خاکى عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانى دراوسێ، و هەموو جۆرە دەستدرێژییەک دژ بە سنوورى عێراق لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە رەتدەکەنەوە.
 
رۆژی 18ى ئەیلوولى 2023 محەممەد شیاع سوودانى گەیشتە ئەمریکا بەمەبەستى بەشداریکردن لە خولى 78ـەمینی کۆبوونەوەى کۆمەڵەى گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیارە ئەمڕۆ هەینى گوتارێک پێشکێش بکات.