بەلەمێکی کۆچبەران لە ئاوەکانی تونس نقووم بوو و 40 کۆچبەر خنکان

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی نووسینگەی داواکاری گشتیی تونس رایگەیاند، بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێک 40 کۆچبەر کە خەڵکی وڵاتانی ئەفریقا بوون گیانیان لەدەستدا و 30 کۆچبەری دیکەی نێو بەلەمەکەش رزگارکران. گەڕان بەدوای بێسەروشووێنبووانیشدا بەردەوامە. 
 
رۆژی چوارشەممە 22ی تشرینی یەکەمی 2025، وەلید شتابری، گوتەبێژی نووسینگەی داواکاری گشتیی تونس لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریانخستووە، سەرووی 70 کەس لەنێو بەلەمێک بوون" کە لە کەناراوەکانی وڵاتەکەیان ژێرئاوکەوت. 
 
بە گوتەی شتابری "40 تەرم کە بەشێکیان منداڵ بوون دەرهێندراون و 30 کەسیش رزگارکراون، هەندێکیشیان بێسەروشوێنن و گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە". ئاماژەی بەوەش کرد، کۆچبەرەکان خەڵکی وڵاتانی ئەفریقان.
 
توونس لە باکووری ئەفریقایە، تەنیا 145 کیلۆمەتر لە دوورگەی لامپێدوزای ئیتاڵیاوە دوورە. یەکێکە لەو ناوچانەی کۆچبەران لە ئەفریقا و ئاسیاوە هەوڵدەدەن لە رێگەیەوە بگەنە وڵاتانی ئەورووپا. 
 
بە گوێرەی ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم ساڵ 55 هەزار کۆچبەر چوونەتە ئیتاڵیا؛ چوار هەزاریان لە توونسەوە بووە و ئەوانەی دیکەش زۆرینەیان لە لیبیاوە رۆشتوون. 
 
بەگوێرەی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، لە ساڵی 2014ـوە 32 هەزار و 803 کۆچبەر لە کاتی کۆچکردن بۆ ئەورووپا گیانیان لەدەستداوە.