نرخی قەل لە ئەمریکا بەرزبووەوە؛ لە رۆژی سوپاسگوزاریدا 88%ی ئەمریکییەکان قەل دەخۆن
رووداو دیجیتاڵ
نرخی قەل لە ئەمریکا وەکو هەر ماددەیەکی خۆراکی بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. رۆزلین دینێس، خاوەن کێڵگەیەکی قەلە و دەڵێت، بە شەرمەوە نرخی قەلەکانی بە کڕیارەکانی دەڵێت.
رۆزلین دینێس، خاوەن کێڵگەی پەروەردەکردنی قەل دەڵێت، "نرخی قەل زۆر بەرز بووەەتەوە. تەریق دەبمەوە بە خەڵک بڵێم، بەڵام شتێکی دیکەمان لەدەستنایەت. ساڵی رابردوو نرخی جوجەڵەیەکی قەل چوار دۆلار تاوەکو چوار دۆلار و 25 سەنت بوو، ئێستا جوجەڵەیەکی بە 8 دۆلار و 50 سەنتە."
ئەمڕۆ پێنجشەممە 24-11-2022 رۆژی سوپاسگوزارییە لە ئەمریکا، کە تێیدا بەپێی نەریت خێزانەکان خواردنی قەل ئامادە دەکەن. نرخی زۆربەی ئەو قەلانەی کە لەو کێڵگەیەی رۆزلین ئامادە دەکرێن، بۆ مارکێتەکان زیاترە لە 200 دۆلار.
رۆزلین دینێس دەڵێت، "زۆر لە خەڵک گوێیان لێبووە کە نرخەکان بەرزبوونەتەوە. بەتایبەتی ئەوانەی کە ساڵانێکە قەلمان لێدەکڕن. ئەوان دەڵێن بەم نرخانە ناتوانن بیکڕن. بۆ ئێمە زۆر ناخۆشە ئەمەیان پێدەڵێین. کاتێک پێیان دەڵێن ئەی دەیانەوێت چی بکەن؟"
رێکخراوی بەخێوکەرانی قەل لە ئەمریکا دەڵێت 88%ی ئەمریکییەکان لە رۆژی سوپاسگوزاریدا خواردنی قەل ئامادە دەکەن. هەرچەندە نرخی ماددە خۆراکییەکان تێکڕا لە ئەمریکا لە مانگی 10ی ئەمساڵ بە رێژەی 10.9% بەرزبووەتەوە، بەڵام فیدراسیۆنی کێڵگەکانی ئەمریکا رایگەیاندووە نرخی خواردنی قەل لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی 20% بەرزبووەتەوە.