ئەمریکا داوا لە باڵێوزخانەکانى دەکات لێکۆڵینەوە لە ئەنجامی کۆچى بەکۆمەڵ بۆ وڵاتانی رۆژئاوا بکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتىى ئێکس دەڵێ، رێنمایی داوەتە باڵێوزخانەکانى لە وڵاتانی رۆژئاوا کە "زانیاری لەبارەی لێکەوتەکانی کۆچی بەکۆمەڵ لە رووی مافەکانی مرۆڤ و کاریگەرییەکانی لەسەر سەلامەتیی گشتی ئامادە بکەن".
 
لە پەیامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە، "کۆچی بەکۆمەڵ هەڕەشەیەکی جیدییە لەسەر شارستانییەتی رۆژئاوا و سەقامگیریی هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ئەمریکا لاواز دەکات".
 
وەزارەتەکە هۆشداری دەدات کە "بەرپرسانی ئەمریکا لەمەودوا چاودێریی سیاسەتەکانی وڵاتانی رۆژئاوا دەکەن کە نەرمی بەرامبەر تاوان و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی کۆچبەران دەنوێنن، یان سیستەمێکی وەهایان دروستکردووە کە مافی کۆچبەران لەسەر حیسابی هاووڵاتییانی خۆیان لەپێشتر دادەنێت".
 
وەزارەتەکە "پشتیوانی لە سەروەریی هاوپەیمانەکانی دەکات و داوا لە حکومەتەکان دەکات بە شێوەیەکی بنیاتنەرانە مامەڵە لەگەڵ ژمارەی روو لەزۆری ئەو هاووڵاتییانە بکەن کە نیگەرانی کۆچی بەکۆمەڵن."
 
لە کۆتایی پەیامەکەیشدا ئاماژە بەوە کراوە کە "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئامادەیە یارمەتیی هاوپەیمانەکانى بدات لە چارەسەرکردنی قەیرانی جیهانیی کۆچی بەکۆمەڵ."
 
ئەم راگەیێندراوەی وەزارەتەکە لە کاتێکدایە، چەند کەیسێکى تاوانی کۆچبەران لەم ماوەى رابردوودا دەنگیاندایەوە، لەوانەش کەیسێکی دادگەی سوێد کە تێیدا رێگە بە کۆچبەرێک درا کە بە گێچەڵی سێکسی تۆمەتبار کرابوو لە وڵاتەکەدا بمێنێتەوە؛ هەروەها کەیسێکى دەستدرێژیی بەکۆمەڵ لە ئەڵمانیا و کەیسى باندە فریودەرەکان لە بەریتانیا. 
 
بەگوێرەى راپۆرتى کۆمیسیۆنی ئەورووپا، تەنیا لە 2023دا زیاتر لە 4.3 ملیۆن پەناخواز چوونەتە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە. 
 
ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ هەڵمەتە بەرفراوانەکانی ئیدارەی ترەمپ دژی کۆچبەران بۆ نێو ئەمریکا کە تووندکردنی رێکارەکانی سەر سنوور و دیپۆرتکردنەوەی لەخۆگرتووە.