روبیۆ و ویتکۆف یەکشەممە بۆ تاوتوێکردنی پلانەکەی ترەمپ لەگەڵ ئۆکراینییەکان لە جنێڤ دەبن


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتە رۆژی یەکشەممە 23-11-2025 لە شاری جنێڤی سویسرا دەبن بۆ تاوتوێکردنی ئەو پلانە 28 خاڵییەی کۆشکی سپی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی چوار ساڵەی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ ئامادەی کردووە. 
 
رووسیا پلانەکە بە "بنەمایەک بۆ ئاشتی" و ئۆکراینا بە "ژیانی بێ ئازادی" ناوی دەبەن. بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاندووە: "مارکۆ رووبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە یاوەریی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، گەیشتوونەتە جنێڤ بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پلانی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ بەرپرسانی ئۆکراینا.
 
ئەو بەرپرسە ئاشکرای کردووە، دانیێڵ دریسکۆڵ، سکرتێری سوپای ئەمریکا دوای ئەوەی رۆژی پێنجشەممە لە کیێڤ لەلایەن ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرایناوە پێشوازی لێکرا، رۆژی شەممە گەیشتووەتە ئەو شارەی سویسرا و "ئێوارەی شەممە کۆبوونەوەیەکی ئامادەکاریی نافەرمی لە شێوەی ئێوارەخوان لە نێوان ئەمریکی و ئۆکراینییەکان کرا".
 
هاوکات چاوەڕوان دەکرێت بەرپرسانی ئەورووپی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی هەمان پلان بگەنە سویسرا، بەڵام تاوەکو ئێستا وردەکاریی میکانیزمی کۆبوونەوەکان ئاشکرا نەکراوە.
 
پلانە 28 خاڵییەکە و نیگەرانییەکانی کیێڤ
 
کیێڤ بە گومانەوە سەیری پلانە پێشنیازکراوەکەی واشنتن دەکات کە لە 28 خاڵ پێکهاتووە. بەڵگەنامەکە داواکارییە سەرەکییەکانی رووسیا لەخۆدەگرێت، بەتایبەتی دەستبەرداربوونی کیێڤ لە بەشێک لە خاکەکەی بۆ مۆسکۆ و نەبوون بە ئەندام لە هاوپەیمانیی ناتۆ.
لە بەرامبەردا، پلانەکە گەرەنتیی ئەمنی لەلایەن واشنتن و هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی بۆ کیێڤ تێدایە، کە دەڵێن هاوتایە لەگەڵ ئەو پاراستنەی ناتۆ لەکاتی هەر هێرشێکدا لە داهاتوو دابینی دەکات.
 
مۆڵەتەکەی ترەمپ بۆ زیلینسکی
 
دۆناڵد ترەمپ تاوەکو 27ـی ئەم مانگە کە دەکاتە رۆژی جەژنی سوپاسگوزاری، مۆڵەتی داوەتە زیلینسکی بۆ ئەوەی وەڵامی پلانەکە بداتەوە.
 
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی هەڵوێستی چاوەڕوانکراوی کیێڤ بە روونی رایگەیاندووە: "باشترە بە دڵی بێت، ئەگەر بە دڵیشی نەبێت، وەکو دەزانن دەبێت هەر بەردەوام بن لە شەڕکردن."
 
جیاوازیی هەڵوێستی مۆسکۆ و کیێڤ
 
رۆژی هەینی 21-11-2025  زیلینسکی بە تووندی پلانەکەی ئەمریکای بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ رەتکردەوە، جەنگێک کە نزیکەی چوار ساڵە بەردەوامە. لە بەرامبەردا، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا پێشوازیی لێکرد و هەڕەشەی کرد ئەگەر رەتبکرێتەوە، "خاکی زیاتر"ی ئۆکراینا کۆنترۆڵ دەکەن.
 
زیلینسکی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی، پێشنیازەکانی ئەمریکا وێنای "ژیانێکە بێ ئازادی، بێ شکۆ و بێ دادگەری". سەرۆکی ئۆکراینا گوتیشی: "بەڵگە دەخەمەڕوو، وایان لێ دەکەم بڕوا بکەن و جێگرەوەش دەخەمەڕوو. قەت ناپاکی لە سوێندی دڵسۆزیم بۆ ئۆکراینا ناکەم."
 
لەلایەکی دیکەوە، پووتین رایگەیاندووە، پلانەکە دەکرێت "ببێتە بنەمایەک بۆ چارەسەری ئاشتیانەی یەکجارەکی" و ئامادەیی خۆیشی پێشاندا بۆ "گفتوگۆی ورد" لەبارەی هەموو دەقەکانی نێو پلانە ئەمریکییە.
 
پێکهاتەی شاندی ئۆکراینا
 
زیلینسکی بە نووسراوێک شاندێکی بۆ دانوستاندن لەگەڵ واشنتن پێکهێناوە کە ئەندریە یەرماک، بەڕێوەبەری نووسینگەکەی سەرۆکایەتیی دەکات. ئەندامانی شاندەکە بریتین لە:
 
• روستەم عومەرۆڤ، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش
• سەرۆکی هەردوو دەزگەی ئاسایش و هەواڵگری
• سوپاسالاری ئۆکراینا 
 
هەڵوێستی وڵاتانی G20
 
لە پەراوێزی لووتکەی گرووپی 20، سەرکردەی وڵاتانی دیاری ئەورووپا لەگەڵ کەنەدا و ژاپۆن لە راگەیێندراوێکدا "پێشوازییان لە هەوڵە بەردەوامەکانی ئەمریکا" کرد، بەڵام تێبینییان هەبوو. ئەوان پێیانوایە هەرچەندە پلانەکە خاڵی گرنگی تێدایە، بەڵام "بنەمایەکە پێویستی بە کارکردنی زیاترە" و نیگەرانیش بوون لەوەی رەنگە پلانەکە "ئۆکراینا بخاتە بەردەم مەترسیی هێرشی داهاتوو".