چین مووشەکێکی ئەتۆمیی نوێی دروستکردووە؛ 'تاقانەی جۆری خۆیەتی'


رووداو دیجیتاڵ

بەپێی راپۆرتێکی سەربازیی چین، ئەو وڵاتە مووشەکێکی نوێی بەناوی "جینگلی-1" دروستکردووە، دەکرێت کڵاوەی ئەتۆمی هەڵبگرێت و بگاتە ویلایەتی ئەلاسکا و تەنانەت قووڵایی خاکی ئەمریکاش.
 
تایبەتمەندیی مووشەکەکە چییە؟
 
ئەم مووشەکە لە رێگەی فڕۆکەی بۆمبهاوێژی گەورەی جۆری (H-6N)ـەوە هەڵدەگیرێت و لە ئاسمانەوە دەهاوێژرێت.
 
راپۆرتەکان دەڵێن ئەمە تاکە مووشەکە لە جیهاندا پێکەوە سێ تایبەتمەندیی هەبێت:
 
1- مەودای زۆر دوور دەڕوات (نزیکەی 8 هەزار کیلۆمەتر).
2- زۆر خێرایە (لە دەنگ خێراترە). 
3- توانای هەڵگرتنی چەکی کڵاوەی ئەتۆمی هەیە.
 
ئەمەش وادەکات چین لەم رووەوە لەپێش ئەمریکا و رووسیاوە بێت.
 
جیاوازی لەگەڵ ئەمریکا و رووسیا
 
گۆڤارێکی سەربازیی چینی بە ناوی "Ordnance Industry Science Technology" بەراوردێکی کردووە و دەڵێت:
 
• ئەمریکا: مووشەکەکانی ئێستای خێراییان کەمە (لە دەنگ خاوترن) و کۆنن. تەنانەت ئەو مووشەکە نوێیانەی خەریکە دروستیان دەکات هێشتا نەگەیشتوونەتە ئاستی بەزاندنی خێرایی دەنگ یاخود هایپەرسۆنیک نین.
 
• رووسیا: چەکی خێرای هەیە (وەک مووشەکی کینجاڵ)، بەڵام مەودایان کورتە و وەک ئەوانەی چین دوور ناڕۆن.
 
راپۆرتەکە دەڵێت، ئەگەر فڕۆکەیەکی چینی لە رۆژهەڵاتی رووسیاوە ئەم مووشەکە بهاوێژێت، دەکرێت زۆربەی شارەکانی ئەمریکا بکاتە ئامانج.
 
خاڵە لاوازەکە چییە؟
 
سەرەڕای بەهێزیی مووشەکەکە، بەڵام گرفتێک هەیە، ئەویش ئەو فڕۆکەیەیە کە مووشەکەکەی پێ دەگوازرێتەوە. فڕۆکەی (H-6N) ی چین وەک فڕۆکە سەردەمییەکانی ئەمریکا پێشکەوتوو نییە و تایبەتمەندیی تارماییان نییە، واتە شەبەح نین و ناتوانن بە تەواوی خۆیان لە رادارەکان بدزنەوە. هەروەها بەهۆی ئەوەی مووشەکەکە زۆر درێژە کە 15 مەترە، دەبێت لە دەرەوەی فڕۆکەکە هەڵبواسرێت، نەک لە نێوەوەی.

 

چین ئێستا سەرقاڵی دروستکردنی فڕۆکەیەکی نوێی زۆر پێشکەوتووە بەناوی (H-20)، بەڵام تاوەکو ئەوە تەواو دەبێت، ئەم مووشەکە وەک چەکێکی کاتی بەکاردەهێنێت بۆ ترساندنی دوژمنەکانی.
 
واتای ئەم مووشەکە بۆ چین
 
بە بوونی ئەم مووشەکە، ئێستا چین بوو بە خاوەنی هەر سێ جۆرە هێزەکە بۆ وەشاندنی چەکی ئەتۆمی، لە زەوییەوە، لە دەریاوە و ئێستا لە ئاسمانەوە.
 
شارەزایانی سەربازی دەڵێن، هاویشتنی مووشەکی ئەتۆمی لە فڕۆکەوە ترسناکترە، چونکە جووڵەی فڕۆکەکە دیاری ناکرێت و قورسترە خوار بخرێتەوە بەراورد بەو مووشەکانەی لەسەر زەوی جێگیرکراون. ئەوەش زانراوە کە رۆژئاوا چەند ساڵێکە بە نهێنی چاودێریی پەرەپێدانی ئەم چەکەیان کردووە.