بەڕێوەبەری پێشووی مۆساد شێوازی کوشتنی موغنیە و سیخوڕیکردن بەسەر پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران ئاشکرا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
یۆسی کۆهێن، بەڕێوەبەری پێشووی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) لە کتێبێکدا تیشک دەخاتە سەر ئۆپەراسیۆنی کوشتنی عیماد موغنیە. باس لەوەش دەکات مۆساد توانیویەتی زانیاریی ورد لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران بەدەستبهێنێت.
لە کتێبە نوێیەکەیدا بەناوی (شمشێری ئازادی: ئیسرائیل، مۆساد و جەنگی نهێنی)، یۆسی کۆهێن باس لە وردەکاریی ئامادەکردنی کەسێک دەکات کە رێگەی بۆ دەستگەیشتن بە عیماد موغنییە، فەرماندەی باڵای چەکداریی حیزبوڵڵای لوبنان خۆشکردووە.
لە بەشی شەشەمی کتێبەکەدا، کۆهێن دەڵێ، پیاوێکی لوبنانی ناسیوە کە بەناوی خوازراوی (عەبدوڵڵا) ئاماژەی بۆ دەکات و لە سەرەتای نەوەتەکانی سەتەی رابردوودا پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ دروستکردووە.
کۆهین دەڵێ، ئەو کەسە زۆر نزیک بووە لە عیماد موغنییە، کە فەرماندەیەکی حیزبوڵڵا بوو و لە 42 وڵات داواکراو بوو، لەوانەش لە لایەن ئەمریکاوە.
کۆهێن خۆی وەک "بازرگانێکی ئەرجەنتینی" ناساندووە و متمانەی "عەبدوڵڵا"ـی بەدەستهێناوە. ئەو کەسە هاوکاریی کۆهینی کردووە زانیاری لەبارەی دوو سەربازی رفێندراوی ئیسرائیلی و عیماد موغنییە بەدەستبهێنێت.
بەگوێرەی کتێبەکە، ئەو زانیارییانە بوونەهۆی ئامادەکاری بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنەی لە ساڵی 2008 لە دیمەشق کرا و بووە هۆی کوژرانی عیماد موغنیە بە بۆمبێکی چێندراو لەنێو ئۆتۆمبێلێک. ئیهود ئۆلمێرت، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری ئیسرائیل ساڵی 2024 دانی بەوەدا نا کە مۆساد و دەزگەی هەواڵگریی ئەمریکا ئەو کارەیان کردووە.
بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران
کۆهێن لە کتێبەکەیدا باس لەوە دەکات کە دزەکردنە نێو ئێران "خاڵی لەپێشینە"یان بووە؛ باس لە یەکەیەکی تایبەتی مۆساد دەکات کە بۆ بە ئامانجگرتنی پرۆگرامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی تاران پێکهێندرابوو.
• سیخوڕیکردن لەسەر زاناکان: وەک کۆهین دەڵێ، مۆساد فایلێکی بۆ هەر فەرماندە و زانایەکی ئەتۆمیی ئێران ئامادە کردووە کە وردەکاریی مامەڵەی رۆژانە و شوێنی هاتووچۆکردنیانی تێدا بووە.
• شەڕی ئەلیکترۆنی: بەپێی کتێبەکە، یەکەکە توانیویەتی کەرەستەی ئەلیکترۆنیی "دەستکاریکراو" رەوانەی حیزبوڵڵا و تەنانەت ناو ئێران بکات کە هەندێکیان لە جەنگی 2006 بەکارهاتوون.
• رێگری لە جەنگی گەورە: کۆهێن رەخنە لە هەڵوێستەکانی رابردوو دەگرێ، بەڵام دان بەوەشدا دەنێت کە زانیاریی هەواڵگریی ئەوان توانیویەتی چەندین ساڵ توانای ئێران لەبواری پرۆگرامی ئەتۆمییدا دوابخات.
بەئامانجگرتنی قاسم سولەیمانی
یەکێکی دیکە لەو پرسانەی لەنێو کتێبەکە باسکراون تایبەتن بە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران. کۆهێن دەڵێ، چەندین جار پێشنیازی کردووە قاسم سولەیمانی بکرێتە ئامانج، بەڵام سوپاسالارانی ئیسرائیل و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی پێشوو دژی بوون.
وەک لە کتێبەکەدا هاتووە، کۆهێن سەردانێکی "بەپەلە"ـی بۆ ئەمریکا کردووە و دۆسیەیەکی زانیاریی دەوڵەمەندی لەسەر سولەیمانی داوەتە واشنتن.
کۆهێن دەنووسێ: "بە شازادە بچووکەکە ناوم دەهێنا. ئەمریکییەکانیش هەر ئەم ناوەیان بۆ ئۆپەراسیۆنی کوشتنەکەی هەڵبژارد."
بە گوتەی کۆهێن، ئەمریکییەکان دوای ئۆپەراسیۆنەکەی ساڵی 2020 بۆ تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی، مەدالیای رێزلێنانیان پێ بەخشی.
سەرۆکی پێشووی مۆساد دەڵێت، لە وەڵامدا و لە جەنگی حوزەیرانی 2025، ئێرانییەکان ماڵەکەی ئەویان لە تەلئەڤیڤ بۆردوومان کرد.
یۆسی کۆهێن ساڵی 1961 لە ئۆرشەلیم/قودس لەدایکبووە و ساڵی 1982 پەیوەندی بە مۆسادەوە کردووە. یەکەمین ناوی نهێنیی لە دەزگەکەدا (کاڵان) بوو کە لە زنجیرەیەکی تەلەڤزیۆنیی بەریتانییەوە وەریگرتبوو.
کۆهین لە 2016 بۆ 2021 سەرۆکی مۆساد بوو و لەو کاتەدا ژمارەیەک کەسی دیار کوژران، لەوانەش موحسین فەخریزادە، زانای ئەتۆمیی ئێران.
ناوی کۆهێن لە چەندین دۆسیەی جیاوازدا هاتووە، لەوانە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندیی سۆزداری لەگەڵ کارمەندێکی فڕۆکەوانی و پێدانی زانیاریی نهێنی پێی؛ چەند سەرچاوەیەکیش ئاماژە بەوە دەدەن کە کۆهێن هەڕەشەی لە فاتو بنسۆدە، داواکاری گشتیی پێشووی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC) کردووە کە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی جەنگی ئیسرائیل نەکات.
کۆهێن یەکێکە لە کەسایەتییە هەرە نزیکەکان لە بنیامین نەتەنیاهوو و ئێستا بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی وەبەرهێنانە.