ئۆکراینا و ئەمریکا لەبارەی پلانەکەی ترەمپ لە سویسرا کۆدەبنەوە


رووداو دیجیتاڵ

کیێڤ رایگەیاند، بەمزووانە بەرپرسانی ئۆکراینا و ئەمریکا لە سویسرا کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی پلانەکەی واشنتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ رووسیا. ئۆکراینا هەوڵدەدات گۆڕانکاری لەو رەشنووسەدا بکات کە بەشێک لە مەرجە قورسەکانی مۆسکۆی تێدایە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کەمتر لە هەفتەیەکی وەک مۆڵەت داوەتە ئۆکراینا بۆ پەسندکردنی پلانە 28 خاڵییەکە. بەگوێرەی پلانەکە، دەبێت ئۆکراینا دەستبەرداری بەشێک لە خاکەکەی ببێت، سوپاکەی بچووک بکاتەوە و بەڵێن بدات هەرگیز نەبێتە ئەندامی ناتۆ.
 
هاوکات هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی ئۆکراینا کە لە داڕشتنی رێککەوتنەکەدا بەشدار نەبوون، لە لووتکەی G20 لە باشووری ئەفریقا رایانگەیاند، پلانەکە پێویستی بە "کاری زیاتر" هەیە و بەپەلە هەوڵدەدەن پێشنیازێکی نوێ ئامادە بکەن بۆ ئەوەی پێگەی کیێڤ بەهێز بکەن.
 
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دوای دەرکردنی نووسراوێک بۆ دیاریکردنی تیمی دانووستانکار بە سەرۆکایەتیی ئەندری یێرماک، گەورە راوێژکاری سەرۆکایەتی، رایگەیاند: "لە رۆژانی داهاتوودا راوێژ لەگەڵ هاوبەشەکانمان دەکرێت سەبارەت بەو هەنگاوانەی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ پێویستن."
 
زیلینسکی گوتیشی: "نوێنەرەکانمان دەزانن چۆن بەرگری لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئۆکراینا بکەن و چی پێویستە بۆ رێگریکردن لەوەی رووسیا سێیەمین هێرشی داگیرکاری ئەنجام بدات."
 
سەرچاوەکان لە لووتکەی G20 ئاشکرایان کرد، بەیانیی یەکشەممە بەرپرسانی ئەمنی لە فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا لە جنێڤ بەشداری گفتوگۆکان دەبن.
 
روستەم عومەرۆڤ، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی ئۆکراینا و وەزیری پێشووی بەرگری کە بەشێکە لە شاندەکە، پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو کە گفتوگۆکان لە سویسرا دەکرێن. عومەرۆڤ پێشتریش لە تورکیا سەرپەرشتی چەند گەڕێکی دانووستانی لەگەڵ رووسیا کردبوو.
 
عومەرۆڤ گوتی: "ئەمە قۆناخێکی دیکەی ئەو گفتوگۆیەیە کە لە رۆژانی رابردوودا بەردەوام بووە و ئامانج لێی یەکخستنی دیدگەی ئێمەیە بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو."
 
لە نووسراوەکەی زیلینسکیدا هاتووە کە دانووستاندنەکان "نوێنەرانی فیدراسیۆنی رووسیا"ش لەخۆدەگرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا کرێملین بەفەرمی بەشداریکردنی لەو گفتوگۆیانە پشتڕاست نەکردووەتەوە.
 
کاری زیاتر پێویستە
 
سەرکردەکانی وڵاتانی رۆژئاوا لە لووتکەی G20 لە راگەیێندراوێکدا گوتیان، ئەو پلانە تاکلایەنەیەی ئەمریکا خستوویەتیەڕوو "بناخەیەکە و پێویستی بە کاری زیاتر هەیە".
 
سەرکردە ئەورووپییەکان بە هاوبەشی لەگەڵ کەنەدا و ژاپۆن رایانگەیاند: "ئێمە لەسەر ئەو پرەنسیپە روونین کە نابێت سنوورەکان بە زەبری هێز بگۆڕدرێن. هەروەها نیگەرانیشین لەو کۆتوبەندانەی بۆ سوپای ئۆکراینا پێشنیاز کراون، چونکە وڵاتەکە لەبەردەم هێرشی داهاتوودا بێ بەرگری دەهێڵێتەوە."
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا پەیامێکی نائومێدانەی ئاراستەی بەشداربووان کرد و گوتی: "رەنگە G20 بەرەو کۆتایی سوڕێک بڕوات"، ئاماژەی بەوەش کرد گرووپەکە لە چارەسەرکردنی قەیرانە گەورەکانی جیهان، وەک پلانی ئەمریکا بۆ جەنگی ئۆکراینا، رووبەڕووی کێشە بووەتەوە.
 
هەڵبژاردنێکی سەخت
 
زیلینسکی رۆژی هەینی لە گوتارێکدا بۆ گەلەکەی رایگەیاند، ئۆکراینا رووبەڕووی یەکێک لە سەختترین ساتەکانی مێژووی بووەتەوە و جێگرەوە بۆ پێشنیازەکەی ترەمپ دەخاتەڕوو.
 
زیلینسکی گوتی: "گوشارەکان لەسەر ئۆکراینا یەکێکە لە سەختترینەکان. ئۆکراینا لەبەردەم هەڵبژاردنێکی زۆر سەختدایە: یان لەدەستدانی شکۆ یان مەترسیی لەدەستدانی هاوبەشێکی سەرەکی،" کە ئاماژەیە بۆ ئەگەری پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ واشنتن.
 
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، دەکرێت نەخشەڕێگەکە ببێتە بنەما بۆ "ئاشتیی یەکجارەکی"، بەڵام هەڕەشەی کۆنترۆڵکردنی خاکی زیاتری کرد ئەگەر ئۆکراینا لە دانووستاندنەکان بکشێتەوە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە سوپای رووسیا کە ژمارە و کەرەستەی زیاترە، لە پێشڕەوی بەردەوامدایە و ئۆکراینییەکانیش دوای بۆردوومانی ژێرخانی وزەی وڵاتەکە لەلایەن مۆسکۆوە، رووبەڕووی زستانێکی سەخت بوونەتەوە. هەروەها ئاشکرابوونی دۆسیەیەکی گەورەی گەندەڵیش لە کەرتی وزەی ئۆکراینا ناڕەزایەتی جەماوەری لێکەوتووەتەوە.