ئەو هەڵسوکەوتانەی ئەگەر لە ئەڵمانیا بیانکەیت بە هەزاران یۆرۆ لەسەرت دەکەون


رووداو دیجیتاڵ

هەندێک هەڵسوکەوتی رۆژانە کە لەوانەیە بەلای زۆر کەسەوە سادە و ئاسایی بن، لە ئەڵمانیا دەبنە هۆی سزای دارایی قورس. 
 
هەندێک رەفتار کە لە وڵاتانی دیکە زۆر ئاسایین، دامودەزگەکانی ئەڵمانیا سزای هەزاران یۆرۆیان لەسەر داناوە، ئەمەش وا دەکات ئاگاداربوون لە وردەکارییە بچووکەکان بۆ هەر کەسێک کە لەو وڵاتە دەژی یان سەردانی دەکات، گرنگ بێت.
 
1- فڕێدانی زبڵ بەشێوەی هەڵە
 
ئەڵمانیا لە بابەتی جیاکردنەوەی زبڵ زۆر تووندە. تێکەڵکردنی پلاستیک لەگەڵ کاخەز یان فڕێدانی شووشە بۆنێو سەبەتەیەکی هەڵە، دەبێتە هۆی سزا.
 
هەروەها فڕێدانی پاشماوە گەورەکانی وەکو مۆبیلیات لەسەر شەقام، سزاکەی دەگاتە 2500 یۆرۆ.
 
2- پەڕینەوە لە شەقام لەکاتی چرای سوور 
 
تەنانەت ئەگەر شەقامەکەش چۆڵ بێت، پەڕینەوە لە کاتی چرای سووری پەڕینەوەی پیادە سزای لەسەرە. سزاکەی لە نێوان 5 بۆ 10 یۆرۆیە، ئەگەر ببێتە هۆی مەترسیش سزاکە زیاتر دەبێت.
 
3- دەنگەدەنگ لە کاتەکانی بێدەنگیدا
 
ئەڵمانیا "ماوەی بێدەنگی"ی دیاریکراوی هەیە، بەتایبەتی:
 
• دوای کاژێر 10:00ـی شەو.
• تەواوی رۆژانی یەکشەممە. 
• کاتی پشووی نیوەڕۆ (1 بۆ 3ی پاشنیوەڕۆ) لە هەندێک هەرێم.
سەرپێچیکردن لەمە، ئەگەر سکاڵای لەسەر بێت، سزاکەی دەگاتە 5000 یۆرۆ.
 
4- گۆشتبرژاندن لە باخچە یان باڵکۆن بەبێ مۆڵەت
 
لە هەندێک باخچە ئاگرکردنەوە بە تەواوی قەدەخەیە. لە باڵەخانەکانی نیشتەجێبوونیشدا، برژاندنی گۆشت لە باڵکۆن دەکرێت قەدەخە بێت. سزاکەی بەپێی هەرێمەکان لە 50 بۆ 1000 یۆرۆ دەبێت.
 
5- فڕێدانی پاشماوەی جگەرە لەسەر زەوی
 
وەک پیسکردنی ژینگە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. سزاکەی لە نێوان 20 بۆ 100 یۆرۆیە. لە سرووشت و دارستانەکاندا بەهۆی مەترسیی ئاگرکەوتنەوە، سزاکەی دەگاتە 1000 یۆرۆ.
 
6- دانانی کەلوپەل بۆ گرتنی شوێنی پارککردنی ئۆتۆمبێل
 
دانانی کورسی یان سندووق بۆ گرتنی شوێنی پارککردن لە شەقام بە تەواوی قەدەخەیە. سزاکەی 10 بۆ 30 یۆرۆیە و رەنگە کەلوپەلەکانیش راستەوخۆ دەستیان بەسەردا بگیرێت.
 
7- رۆیشتن یان دانیشتن لە رێڕۆی پاسکیلسواری: ئەو رێڕۆوانە تەنیا بۆ پاسکیل تەرخانکراون، سزاکەی دەگاتە 55 یۆرۆ.
 
8- لێخوڕینی پاسکیل بێ لایت یان بە بەکارهێنانی بیستۆک 
 
• بێ لایت: 20 یۆرۆ.
• بە بیستۆکەوە بە دەنگی بەرز: 20 یۆرۆ.
• لێخوڕینی مەترسیدار: تاوەکو 100 یۆرۆ.
9- بێزارکردنی خەڵک بە دەنگی سەگ یان کۆنەکردنەوەی پاشەڕۆکەی
• کۆنەکردنەوەی پاشەڕۆی سەگ: 20 بۆ 150 یۆرۆ.
• وەڕینی بێزارکەر و بەردەوام: سزاکەی دەگاتە 5000 یۆرۆ.
 
10- پێنەبوونی ناسنامەی کەسی 
 
لە رووی یاساییەوە دەبێت هەمیشە ناسنامەت پێبێت. پێنەبوونی ناسنامە لەکاتی پشکنیندا رەنگە ببێتە هۆی سزای تاوەکو 100 یۆرۆ.
 
11- بەکارهێنانی جلشۆر یان ئامێری کارەبایی گەورە لە شەودا؛ ئەمە وەک بێزارکردن بە ژاوەژاو هەژمار دەکرێت. سزاکە دەگۆڕێت و بەپێی سکاڵای دراوسێکان رەنگە بگاتە هەزاران یۆرۆ.
 
12- فڕێدانی زبڵ بۆنێو سەبەتەیەک کە هی ماڵی خۆت نییە، وەک بەکارهێنانی موڵکی کەسانی دیکە بە خراپی سەیردەکرێت. سزاکەی 10 بۆ 200 یۆرۆیە.
 
13- گرتنی کورسی لە شەمەندەفەر بە دانانی جانتا
 
لەو شەمەندەفەرانەی قەرەباڵخن، دانانی جانتا لەسەر کورسیی تەنیشتت رەنگە ببێتە هۆی سزا یان داوالێکردن بۆ چۆڵکردنی دەستبەجێ. لە هەندێک هەرێم سزاکەی دەگاتە 30 یۆرۆ.
 
14- پاکنەکردنەوەی بەفر لە بەردەم ماڵ بە شێوەی دروست
 
ئەگەر لە خانوو یان باڵەخانەیەک دەژیت، بەرپرسیاری لە پاککردنەوەی بەفری رێڕەوی پیادەی بەردەم دەرگاکەت.
نەکردنی ئەم کارە سزاکەی دەگاتە 500 يۆرۆ و ئەگەر کەسێک بەهۆیەوە بکەوێت، رەنگە بە "کەمتەرخەمی" تۆمەتبار بکرێیت.
 
15- هەڵواسینی جلوبەرگ لە باڵکۆن بەشێوەیەک سیمای گشتی تێکبدات
 
لە هەندێک ناوچەی نیشتەجێبوون، بەپێی گرێبەستی کرێ، هەڵواسینی جلوبەرگ لە باڵکۆن قەدەخەیە. سزای سەرپێچییەکە 50 بۆ 500 یۆرۆیە.
 
16- بەرزکردنەوەی دەنگی میوزیک و گۆرانی لەنێو ئۆتۆمبێل 
 
تەنانەت ئەگەر جامی ئۆتۆمبێلەکەش داخراو بێت، سزاکەی 10 بۆ 50 یۆرۆیە و ئەگەر سکاڵای فەرمی هەبێت زیاد دەکات.
 
17- میزکردن لە شوێنی گشتی
 
وەک سەرپێچی لە ئادابی گشتی هەژمار دەکرێت. سزاکەی بەپێی شارەکان لە 30 بۆ 300 یۆرۆیە.
 
18- دانانی پێڵاو و پاسکیل لە رێڕەوی باڵەخانە
 
دانانی کەلوپەل لە بەردەم دەرگای شوقە یان رێڕەوی باڵەخانە وەک "مەترسی لە کاتی ئاگرکەوتنەوە" سەیر دەکرێت (رێگری لە چۆڵکردن دەکات). سزاکەی 20 بۆ 150 یۆرۆیە.
 
19- خواردندان بە کۆتر و باڵندە لە شەقامەکان
 
بە هۆکارێک بۆ پیسبوون و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی دادەنرێت. سزاکەی بەپێی شارەکان لە 10 بۆ 1000 یۆرۆیە.
 
20- وێنەگرتن لەنێو شەمەندەفەر یان دامەزراوەی حکومی بەبێ مۆڵەت
 
بەتایبەتی ئەگەر کەسانی دیکە بە روونی لە وێنەکەدا دەرکەون. سزاکەی رەنگە بگاتە 500 یۆرۆ.
 
21- شوشتنی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقام
 
تەنانەت ئەگەر تەنیا بە ئاویش بێت، چونکە ئەگەری هەیە رۆن تێکەڵ بە خاک بێت. سزاکەی 30 بۆ 1500 یۆرۆیە.
 
22- بەکارخستنی ئۆتۆمبێل لەکاتی وەستاندا (بێ جووڵە)
 
وەک پیسکردنی ناپێویستی هەوا سەیر دەکرێت. سزاکەی 10 بۆ 80 یۆرۆیە.
 
23- فڕێدانی شووشە بۆ نێو حاویەکان لە شەودا
 
بەهۆی دروستکردنی دەنگەدەنگەوە قەدەخەیە. سزاکەی 10 بۆ 50 یۆرۆیە.
 
24- پاککردنەوەی ئۆتۆمبێل بە گسکی کارەبایی لە شەودا
 
لەبەر ئەوەی زۆربەی ناوچەکان یاسای بێدەنگییان هەیە، ئەگەر سکاڵا تۆمار بکرێت، سزاکەی دەگاتە سەدان یۆرۆ.